کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: دۆسیەی چالاکییە نهێنییەکانی ئەتۆمیی ئێران بە بێ وڵام داناخرێ

11:43 - 13 خەرمانان 2722

پاش داواکاریی و مەرجی ڕێژیمی ئێران، سەبارەت بە داخرانی دۆسیەی گوماناوای چالاکییە ناوکییەکانی ئێران، بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی ناوکی، ئامریکا ڕایگەیاندووە تا ئەو کاتەی ڕێژیمی ئێران وڵامێکی دروست نەداتەوە ئەو دۆسیە داناخرێ.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دەروەی ئامریکا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بێت، ڕۆژی شەممە ١٢ی خەرمانان بە هەواڵدەریی "ئەلعەرەبییە"ی ڕاگەیاندووە، ئامریکا سوورە لەسەر ئەوەیکە دەبێ لێکۆڵینەوەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە چالاکییە نهێنییەکانی ئەتۆمیی ڕێژیمی ئێران بە ئاکام بگات؛ ئەگەر ڕێژیمی ئیران وڵامێکی گونجاو و دروست بە پرسیارەکانی ئاژانس نەداتەوە ئەوە دۆسیەکە داناخرێ و هیچ ڕێککەوتنێکیش لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا ناکرێ.

ئامریکا ڕۆژی ڕابردوو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە وڵامی ئێرانی بە ڕەشنووسی یەکیەتیی ئورووپای بینیوە، بەڵام وڵامی ئێران هەنگاو هەڵێنان بۆ پاشەوەیە و هیچ یارمەتییەک بە بووژاندنەوەی بەرجام ناگەیێنێ.

ڕێژیمی ئێران بەردەوام بە بیانووی جۆراجۆر، دەیهەوێت کات بە فیڕۆ بدا و هەنگاوێک زیاتر نزیک ببێتەوە لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی و ئەوش بکاتە کارتێکی گوشار بۆ باج وەرگرتن لە وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکا.