کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

غه‌ریب له‌ تاران

15:54 - 29 خەرمانان 2722

سمکۆ سەقزی

له گرتنگەی وۆزەرای پولیسی تاران بەپێی ئامار تا ڕۆژی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی ١٦٩ هەزار کەس گیرابوون و لەوێ کلاسی بەناو حیجابیان بۆ داناون و بە وەرگرتنی تەعەهودی ئەوەی کە لە مەبەدوا دەبێ حیجابی جێی پەسەندی ڕێژیم ڕەچاو بکەن ئازاد کراون؛ لەم ڕێژە زۆرە گیراوە تەنیا یەک کەس کوژرا ئەویش کچێکی کوردی سەقز بوو.

ژینای تەمەن ٢٢ ساڵان هەر لە سەرەتای خوێندنی تا ئەو کاتەی کە بۆ خوێندنی ماستەر بە پلەیەکی باش دەرچووبوو له ناو سیستەمی خوێندنێک کە سیفر تا سەدی بەدەستی ناوەندە، ژیاوە. ئەو بە پێی موناسباتی داگیرکەر و کولۆنی، بڕێ مافی سەرەتایی پێ دەدرێ بۆ مانەوە بۆ ئەوەی بمێنێ و داگیرکەر دواتر وەک ئامێر لە بەرژەوەندی خۆیدا کەڵکی لێ وەربگرێت، ئەمە ناخ و سروشتی هەموو سیستەمێکی کولونیالیستە، کوڕانی وڵاتێکی داگیرکراو هەلیان بۆ دەرەخسێنێ تا پێبگەن، دواتر دەیان کاتە سەرباز و کارگێڕی قازانجە نگریسەکانی خۆی.

بەپێی هەمان یاساوڕێسای ڕێژیمی تاران، ئەو کچە هەڵگری ناسنامەی ئێرانییە، بەڵام کاتێ کە پێدەچێ یەکەم جار و دواجاری بوو کە تووشی پۆلیس و گرتن دەبێ ئەو یەک شت بە زەقی دەلێ: من غەریبم ، لێرە غەریبم.

بە سەرنجدان بە وشەی غەریب بۆمان دەردەکەوێ کەلێنی نێوان ئێمەی کورد سەرەڕای دەیان ساڵ داگیرکراوی لەگەڵ ناوەنددا پڕ نەبووەتەوە و بەڵکوو زیاتر گەورە بووە، تەواوی پلانەکانی ڕێژیمی تاران، بۆ یەکدەستکردنی نەتەوەکانی ناو ئێران دەکرێ بە دڵنیاییەوە بڵێین له کوردستان و کورددا سەری نەگرتووە، ئێمە لەگەڵ باش خوێندنمان بە زمانی سەپێنراو و دەرچوونمان له باشترین زانکۆکانی تاران، ژیان کردنمان له گەورە شاری چەن ملیۆنی تاران، هەر لەگەڵ ڕووبەڕووبوونمان لەگەڵ پۆلیس وەک نوێنەر و دەرکەوتەی هێز لەسەر شەقام ئەگەر وەک ژینا بوێرانە نەڵێین غەریبین و بێگانە، بێگومان لە دڵدا ئەم هەستەمان لا دروست دەبێ.

 ئەگەر چاوێک بە ڕابردووی داپڵوسێنەرانە و بەبەرنامەی ڕەزاشا تا خامنەییدا بخشێنین، ئەوان وەک پرۆسەیەکی توکمە و پتەو زۆرترین کاریان کردووە کە زاری کوردی حەرفی کوردی گۆ نەکا، ناخی کوردی له ناو ناخی تاران خۆی بتوێنێتەوە و خۆی بە غەریب نەزانێ، خۆ بە غەریبە نەزانین مانای خۆ بە خاوەن ماڵ زانین نییە، واتە دەستهەڵگری شوناسی خۆ بوون و نکووڵی له کوردبوونی خۆ کردن، بەڵام ئەم پرۆسە زەبەلاحە پڕ خەرجە نەیتوانیوە بە ئاکام بگات و تا ئێستا تووشی شکست هاتووە، نەیتوانیوە زمانی لایەلایە و لاواندنەوەی دایکان و زمانی خەونەکان بە فارسی بکات، کۆمەڵگای کوردی بە ڕۆحی بەرەنگاری و بە ئورگانیزەکردنی هەموو بەشەکانی خۆی توانیویە بەرەیەکی بەرگری دروست بکات، هەر چەن کولۆنیالیزم سست و شەکەتی کردووە بەڵام نەیتوانیوە بیفەوتێنێ و هێشتا زیندووە.

  ئەم بەره پیرۆزە میللییە هەموو چینەکانی نەتەوە تێیدا بەشدارن کە زۆرترین ئەرک و ماندوو بوون  و ستەمکاری لەسەر ژنانی تێیدایە، دەیان و سەدان ژینا بێگومان چاو له چاونەترسیی زارا کانی نیشتمان دەکەن بۆ ئەوەی تا له ژیاندان نەترسانە بە داگیرکەر بڵێن تۆ غەریبه و بێگانەی بە من. بۆیه دەمارگرژی و نەفرەتی ئەوان وا هەڵدەچێ کە لەناو ١٦٩ هەزار کەسدا ئەو شەهید بکەن.
 

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.