لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، ١٦٣ ڕێکخراوی لاوانی جیهان لەژێر ناوی "یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیست" ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان سەبارەت بە قەتڵی "ژینا ئەمینی" شەرمەزار کرد.
دوابەدوای بانگەوازی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ ڕێکخراوە هاوپەیمانەکانی خۆی سەبارەت بە کوشتنی خاتوو "ژینا ئەمینی" بە دەستی پۆلیسی تاران بە بیانووی بێ حیجابی، ١٦٣ ڕێکخراوی لاوانی جیهان لەژێر ناوی "یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیست" بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و تێیدا کوشتنی "ژینا ئەمینی"یان لەلایەن پولیسەوە بە توندی شەرمەزار کرد و پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی مانگرتووی کوردستان دەربڕی.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە : " تەنیا تاوانی ژینا پابەند نەبوون بە حیجاب بووە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧٩وە، بەزۆرەملێ بە سەر ژنانی ئێران و کوردستانیدا سەپاندووە، کوشتنی ژینا کۆمەڵگەی ئێران و کوردستانی یەکخستووە و گەلی کوردستان بەمەبەستی مەحکومکردنی ئەم جینایەتە ڕۆژی دووشەممە مانگرتنی سەرتاسەرییان ڕاگەیاند و لاوانی کورد خۆڕاگرانە لە بەرامبەر هەڵسوکەوتی وەحشیانەی پۆلیس ڕاوەستان کە بەداخەوە تاکوو ئێستا ٦ کەس شەهید بوون و زیاتر لە ١١٠ کەسی دیکەش بریندار بوون."
یەکیەتیی نێونهتهوهیی لاوانی سۆسیالیست لەم بەیاننامەیەدا وێڕای دەربڕینی پشتیوانی لە هەموو ژنانی ئێران و کوردستان، هاوکات ههڵسوکهوتی کۆماری ئیسلامی شهرمهزار دهکا و پشتیوانیی خۆی بۆ گەلی ئازادیخوازی کوردستان دووپات دەکاتەوە.