![](/content/upload/1/news/55878_w920.jpg)
گرووپی هەکێریی نێودەوڵەتیی "ئانانیمووس" بە بڵاوکردنەوەی وێنەی "ژینا" و پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکان لە ئێران و کوردستاندا، هەڕەشەی هێرشی سایبێریی بۆ سەر ماڵپەڕە هەستیارەکانی ڕێژیمی ئێران کرد.
ئەو گرووپە ڕایگەیاندووە کە توندوتیژی دژی ژنان چەندین دەیەیە کە لە ئێراندا درێژەی هەیە و "ژینا ئەمینی" یەکیک لە گەورەترین قوربانییانی ئەو ستەمەیە.
"ژینا ئەمینی" بە بیانووی ڕەچاونەکردنی "حیجاب" کەوتە بەر هێرش و گیانی لەدەست دا.
لە ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوەی ئەو گرووپەدا هاتووە کە خەڵک دژی بارودۆخی داسەپاو و کارەساتبار ناڕەزایەتییان هەیە، بەڵام ڕێژیمی ئێران بە کوشتنی خەڵک و پچڕاندنی ئینتێرنێت و کۆنترۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ویستی کە دەنگی ڕەوای خەڵک کپ بکات.
ئەو گرووپە لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا "ئانانیمووس" کاردانەوەی خۆی دەبێت و وەک چۆن ڕێژیم هێرش دەکاتە سەر خەڵک و دەیانکوژێت، ئێمەش هێرشی سایبێریی خۆمان بۆ سەر ماڵپەڕ و بنکە هەستیارەکانی ئەو ڕێژیمە دەست پێ دەکەین.