ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕوو لە خەڵكی کوردستان و ئێران ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە.
دەقی ئاگادارییەکە بەم چەشنەیە:
"ئاگاداری"
هاونیشتمانیانی بەڕێز،
خەڵکی مافویستی ئێران و کوردستان،
هەر وەک ئاگادارن چەند ڕۆژە ناڕەزایەتی دەربڕین بە پێشەنگایەتیی خەڵکی ناڕازی کە خوازیاری مافە ڕەواکانی خۆیانن، لە کوردستان بەشێوەی مەدەنی و شارستانیانە لەهەمبەر شەهیدکردنی "ژینا ئەمینی" بە دەستی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم دەستی پێ کردووە و پێشوەچوونی ئەو ناڕەزایەتییە سەرتاسەری ئێرانی گرتووتەوە و گەلانی ئازادیخوازی ئێران بە زۆربەی خەڵکی ئێران داوای نەمانی ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆیە دەکەن.
لێرەدا بەپێویستی دەزانین جارێکیتر وەبیر کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و کوردستان بێنینەوە کە ، هەر وەک لە ڕاگەیاندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین و مانگرتن ئاماژەی پێ کرابوو، کە پێویستە بە شێوەیەکی شارستانییانە دژی سیاسەتی سەرکوت و سووکایەتیی ڕێژیم بە ماف و ئازادییە تاک و گشتییەکان بوەستنەوە، بەڵام بەداخەوە دەزگای سەرکوتی ڕێژیم وەک هەمیشە ئەم مانگرتنە سەردەمیانەیان بە ئاقاری توندوتیژیدا برد، تاکوو دەستیان بۆ شەهیدکردن، گرتن و ئەشکەنجەی ڕۆڵەکانی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی کراوە بێت.
پێویستە سەرنجی گەلانی ئێران بۆ سێ خاڵی گرینگ ڕابکێشین:
یەکەم ـ هێزە چەکداری و ئینتیزامیەکان کە ئەوانیش کوڕی ئەو خەڵکەن و هەست بە غەدر و پێشێلکاریی مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتییان دەکەن پێویستە کە لە بەرەی پشتیوانیکردن لە جەماوەری ناڕازیدا بن و پشتی دوژمن نەگرن و بە فەرمانی ناڕەوای دەزگای دەسەڵاتداری، ڕۆڵەکانی گەل شەهید و بریندار نەکەن و دەستیان بە خوێنی خەڵک سوور نەکەن.
دووهەم ـ تاکتیکی ژوورە فکریەکانی دەسەڵاتی ناڕەوای کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک هەمیشە ئەوەیە کە ئاژاوە و ناکۆکی لەنێو گەلانی ئێران بەتایبەت دوو نەتەوەی دراوسێی (کورد ـ تورک) دروست بکەن و برایەتی و هاوپەیوەندیی نێوان ئەو دوو گەلە بشێوێنن و بە سیناریۆسازی ئەم ئاراستە فکریە لای گەلی "تورک" دروست بکەن کە ئەم ناڕەزایەتی و مانگرتنە دەبێتە هۆکاری تەریکخستنەوە و پێشێلکردنی مافە ڕەواکانیان لەلایەن گەلی کوردەوە.
پێویستە بە ئاگاداریی هەموو لایەنەکان ڕابگەیێنین کە:
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەموو هێزە شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازەکانی کوردستان برا "تورکەکان" بە دراوسێ و هاوپەیمانی ڕابردوو، ئێستا و داهاتووی خۆیان دەزانن و داواکارن کە برا "تورکەکان" بڕوا بەو چەواشەکاریانە نەکەن و ئەرکی هەنووکەیی و مێژوویی خۆیان لە هاوکاری و هاوپەیوەندی بۆ ڕووخانی ئەم ڕێژیمە ئاژاوەگێڕە بەجێ بگەیەنن و هەموو لایەک پێکەوە بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەگونجێ چالاکی بکەن و پەیوەست بە ڕیزی مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین ببن و فریوی سیناریۆسازی و چەواشەکارییەکانی دەسەڵات نەخۆن و هەستیارانە و هۆشیارانە بجووڵێنەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی تەشکیلات
٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی