کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژکردەوەی خێرای جیهان لەهەمبەر سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران

11:04 - 31 خەرمانان 2722

لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە، کۆمەڵگەی جیهانی لەهەمبەر سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی ئێران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی خامنەییەوە، دژکردەوەی خێرا و توندی نیشان داوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا وێڕای هوشداریی توند لەهەمبەر بەردەوامیی سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازیی ئێران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، داوای بەپەلەی لە کۆمەڵگەی جیهانی کرد کە بەنیسبەت ئەو سەرکوتکردنانەی خەڵکی ئێران بێدەنگ نەبن و دامەزراوەیەکی لێکۆڵینەوەیی سەربەخۆ بەمەبەستی ناساندنی سەرکوتکەرانی سەربە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بناسرێن و کۆتایی بە توندوتیژی بهێنن. هەروەها بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لانیکەم ١٦ کەس لە خۆپیشاندەران گیانیان لەدەست داوە.

لێبوردنی نێونەتەوەیی لە درێژەی بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند کە، دوابەدوای ناڕەزایەتیی دەربڕینی خەڵکی ئێران بە دژی ئەوەیکە هیزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران "ژینا ئەمینیـ"ـیان کوشت، خەڵکی ئێران و کوردستان بە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکەن بەڵام هێزە سەرکوتکەرەکانی خامنەیی بە توندترین شێوە خەڵک سەرکوت دەکەن، بۆیە کۆمەڵگەی جیهانی پشتیوانیی خۆی لە خەڵکی ئێران دەربڕیوە و دەبێ تاران کۆتایی بە سەرکوتکردن بهێنێ و مافەکانیان دەستەبەر بکا.