کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێونەتەوەیی: جیهان بە سەرکوتی خوێناویی خۆپیشاندانەکان لە ئێران کاردانەوە پیشان بدات

11:16 - 31 خەرمانان 2722

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا وێڕای هۆشداری دان سەبارەت بە بەردەوامیی سەرکوتی خوێناویی خۆپیشاندەران لە ئێران، داوای لە جیهان کردووە بەخێرایی ڕێکارێکی لێکۆڵینەوە و دادوەریی سەربەخۆ بەمەبەستی وڵامدەرکردنی بکەرانی سەرکوتە سیاسییەکان لە ئێران پێک بێت.

لێبوردنی نێونەتەوەیی، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خەرمانان ڕایگەیاند: ''سەرکوتی خوێناویی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران لە دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران پێوێسته بەخێرایی بەداواداچوونی بۆ بکرێت."

"دیانا ئەلتەحاوی"، جێگری بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقای ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، وتوویەتی: ''نوێترین سەرکوتی دڕندانەی خۆپیشاندانەکان لە ئێران، لە حاڵێکدا ئەنجام دەدرێت کە هاوکات ئیبراهیم ڕەئیسی لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان قسە دەکات''.

لە بەیاننامەی ئەو ڕێکخراوەدا هاتووە: ''ئەو ڕێبەرانەی کە بە نوێنەرایەتیی وڵاتی خۆیان لە کۆڕی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ئامادە بوونە، دەبێ لە پێکهێنانی مێکانیزمێکی سەربەخۆ بۆ پێداچوونەوە و وڵامدانەوە پشتیوانی بکەن هەتا ڕێژیمی ئێران نەتوانێت لە سزا و ئاکامەکانی ئەو کارانەی دەربچێت''.

لەداوی کوژرانی "ژینا ئەمینی" بەدەستی هێزە سرکوتکەرەکانی ڕێژیم، خۆپیشاندانەکان دژی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان و ئێران دەستی پێکرد کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی خەڵک بوونەتەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان هەتا ئێستا ١٠ کەس بە ناوەکانی: ''موحسێن محەممەدی، فەرەیدون مەحموودی، ڕەزا لوتفی، فەرجاد دەرویشی، زەکەریا خەیاڵ، فواد قەدیمی، مینوو مەجیدی، دانش ڕاهنما، سەدرەدین لیتان و ئەمین مەعرەفەت'' تەنیا لە کوردستان لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم کوژراون.