یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بەمەبەستی دەسپێکردنەوەی وەزری نوێی خوێندن، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
کۆتاییەکانی وەرزی هاوین جیا لەوەیکە خۆی لە
سەرەتای وەرزی پاییز نزیک دەکاتەوە، هاوکات مزگێنیدەری کرانەوەی قوتابخانەکان لە کوردستانی ئێرانە و ئەم بۆنەیە شوێندانەریی تەواوی خۆی بە سەر کەشوهەوای کۆمەڵگەدا پێشان دەدا و لەو سەروبەندەدا تێکڕای تاکەکانی کۆمەڵ یادی ١ی ڕەزبەر و ڕۆژی چوونەوە بۆ قوتابخانە دەکەنەوە، بەڵام هەر یەکەو بەپێی بارودۆخی خۆی، منداڵان بیر لە ڕۆژی گەیشتنەوەی دووبارەیان بە دۆستانی کۆن، دۆزینەوەی هاوپۆلی نوێ، جلوبەرگی تازە و شیاو، کتێب و قەڵەم و کەرەستەی نوێ، مامۆستاکانی ساڵی نوێی خوێندنیان و دەیان شتی جۆراوجۆری دەیکە دەکەنەوە و ڕەنگە دڵەڕاوکێی ئەوەیان هەبێت کە چۆن خۆیان بۆ ١ی ڕەزبەر و ئەو ساتە هەستیارە ڕێک بخەن، هەروەها بنەماڵە لە لایەک و مامۆستایان و وانەبێژەکان لە لایەکی دیکەوە مێشکیان بەو پرسیارەوە سەرقاڵە کە "ئایا دەتوانن وڵامی ئەو گشتە هەست و خولیا تایبەتەی منداڵان و قوتابییەکانیان بدەنەوە .؟
هەروەک دەزانین ١ی ڕەزبەر تەنیا لە هەڵسوکەوتی قوتابیاندا کورت ناکرێتەوە، بەڵکوو ئەم پرسە تێکڕای جومگەکانی کۆمەڵگە بە خۆیەوە سەرقاڵ دەکا، دیارە هەموو گەورەکانی ئەمڕۆ سەردەمانێک بۆ خۆیان قوتابی بوون و دنیایەک بیرەوەری و ئەزموونیان لە میانەی ساڵانی تێپەڕکردنی پۆلەکانی قوتابخانە وەسەریەک ناوە، هەربۆیە ١ی ڕەزبەر وەکوو خاڵێکی هاوبەشی گرینگی ژیانیان هەمووان لە دەوری یەکتر کۆ دەکاتەوە و لە وەها بارودۆخێکی زەمانیدا گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی دایک و باب یان گەورەکان بەگشتی، تێکەڵی ئەوینی قوتابیانی ئەمڕۆ دەبن و دۆخێکی پڕ لە خۆشەویستیی وەها ساز دەکەن کە دەکرێ وەک هەوێنی خولیای فێربوون و هاندەرێکی بەکەڵک کاردانەوەی ئەرێنی بە دوای خۆیاندا بهێنن و سەرنجی منداڵەکان بەرەو لای خوێندن و قوتابخانە ڕابکێشن، هەر بۆیە لە پێشوازیی ١ی ڕەزبەر و ڕۆژی چوونەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن، جۆش و خرۆشێکی تایبەتی لە ڕوخساری کۆمەڵگەدا بەدی دەکرێ، جموجۆڵێک کە بنەماڵە و بگرە بازاڕ و شەقام و ئیدارەکانیش دەتەنێتەوە.
لە وڵاتانی دێموکراتیک و گەلسەروەردا، دەوڵەت گرینگیی تایبەت بەو بۆنەیە دەدات و بە ڕاسپاردنی ئۆرگان و وەزارەتە پێوەندیدارەکان تێدەکۆشێ کە بە پێی پێویست پشتگیریی ئەو هەستە جەماوەرییەی کۆمەڵگە بکرێت. بۆ وێنە، لە زۆربەی وڵاتان بەر لە کرانەوەی قوتابخانە بڕە پارەیەک وەکوو یارمەتی بە بنەماڵەکان دەدرێ، کەش و هەوای قوتابخانە بە شێوەی سەردەمیانە دەڕازێتەوە، ئاسانکاری بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە پێداویستییەکانی خوێندن دەکرێ، ڕێز لە کەرامەتی قوتابیان دەگرن، هەڵاواردنی جنسی وەلا دەنێن، دووچاوگیی ڕوانین لە باوەڕە ئایینییەکان مانای نامێنێ، دەستی مامۆستایان سەبارەت بە نەزەر و بۆچوونەکانیان بۆ بڕیاری چاکسازی و هەڵبژاردنی بەرنامە دەرسییەکان کراوە دەهێڵنەوە، لە ناوەندەکانی خوێندن جێگەی پرسی ئەمنییەتی بەگشتی بەتاڵە و مامۆستا و قوتابیان بە دوور لە دڵەڕاوکێ، پرۆسەی خوێندن دەست پێدەکەن.
هاونیشتمانانی خۆشەویست !
لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەپێچەوانەی وەزعی وڵاتانی دیکە ڕوانگەیەکی بەرتەسکی ئایدۆلۆژیکی شووم باڵی ڕەشی خستۆتە سەر پرسی پەروەردە و هەموو دەرگاکانی گەشە و نەشەی لێئاخنیون. نیزامی سیاسیی ئێران کە دەیان و سەدان دەزگا و بونیادی جۆراوجۆری هەمەڕەنگی بەمەبەستی دەستبەسەر داگرتنی سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران لە خۆیدا جێکردووەتەوە، هەر یەکەو بە بیانوویەک خۆیان خزاندووەتە ناو دڵی پرسی فێرکارییەوە و لەوێوە هەوڵی داگیرکردنی مێشک و هزری قوتابییان، واتە نەوەی دواڕۆژی کۆمەڵگەی ئێران دەدەن. دەزگای حاكم لە ئێران بە ڕەچاوکردنی سیاسەتی دژەمرۆیی سەبارەت بە ماف و ئازادییەکانی ژنان، هەر لە پۆلەکانی یەکەمی سەرەتایی و بگرە ئامادەییدا هەوڵی سەرکوتی سیستماتیکی کچان دەدا و ڕێگەی گەشەو پەروەردەی لە بوارەکانی فکری و وەرزشی لێ زەوت کردوون. قوتابخانەکان وەکوو ناوەندی باجگیری بۆ خڕکردنەوەی پارەی زۆرەکی مانای ڕاستەقینەی خۆیان لە دەست داوە. لە هەمووی شارەکانی کوردستان جێگەی جێژن و شایی ١ی ڕەزبەری قوتابییان بە پڕوپاگەندەی ماڵوێرانکەری دەورانی شەڕ لە ژێر ناوی "دیفاعی موقەدەس" پڕ دەکرێنەوە. هەروەها سێبەری نگریسی ناوەندەکانی بەسیج و حەراسەت و سپای دژی گەلیی پاسداران بە سەر هەموو کەلێن و قوژبنەکانی قوتابخانەکانی کوردستانەوە دەبیندرێ و هەر یەکەو بە جۆرێک کۆسپ و تەگەرە بۆ پرسی فێرکاری، قوتابی و مامۆستایان ساز دەکەن.
وەک دەبینین، لە ژێر سێبەری سیاسەتە چەوتەکانی دەسەڵاتی دەگیرکەردا قوتابخانە لە ئامانجە ڕاستەقینەکانی خۆی دوور کەوتووەتەوە و خەمی سەرەکیی داگیرکەران تەنیا ئەوەیە کە چۆن بتوانن بە سەر ئیرادەی گەلی کورد و خاکی باب و باپیرنیان خۆ زاڵ بکەن.
ئەمڕۆ لە سێبەری حاکمیەتی شوومی ئاخوندە فێڵباز و دنیاپەرەستەکاندا خەڵکی ئێران بەگشتی و گەلی کورد بەتایبەتی، لەوپەڕی هەژاریدا دەژین و تەنانەت بەشێکی زۆر لە بنەماڵەکان توانای دەستڕاگەیشتن بە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی منداڵەکانیان بۆ چوونەوە بۆ قوتابخانە نییە. هەر لە بەر ئەم هۆکارەش ڕێژەی دەستهەڵگرتن لە خوێندن هەتا دێ زیاتر خۆی نیشان دەدا و لە ناو لاواندا ئاستی هیوا بە ژیان ڕوو لە کزی دەدات. هەروەها هیچ بایەخێک بە پیشەی شوێندانەر و گرینگی مامۆستایەتی نادرێ و دەسەڵات نە تەنیا گوێ لە داخوازە ڕەواکانی مامۆستایان ناگرێ، بەڵکوو لە جاران چڕتر، بە چۆماقی ڕق و تۆڵە وەڵامیان دەداتەوە. ئەم ڕۆژانە لە حاڵێکدا ئەم کەش و هەوا ئاڵۆز و نالەبارە بەنیسبەت داخوازەکانی مامۆستایان و پرسی پەروەردەوە دەبینین کە دۆسییەی سەرسامهێنەری گەندەڵیی ٩٢ هەزار میلیارد تمەنیی شیرکەتی فوولادی ئیسفەهان وەک خۆی دەردەخا.
مامۆستایانی ڕووناکبیر و مافخوازی کوردستان!
هەوڵەکانی چەند ساڵەی ئێوە لە توێی ڕێکخراوە پیشەییەکانی کوردستاندا کە بەمەبەستی چەسپاندنی پرسی یەکسانی و بەرابەری بۆ مافی قوتابی و مامۆستایان بە ئەنجامتان گەیاندووە، لە لای گەلی مافخوراوی خۆتان دیارە و وەک میداڵێکی پڕ لە شانازی بۆ هەمیشە لە مێژووی خوڕاگریماندا دەمێنێتەوە. ئێوە لە مەیدانی کردەوەدا و بە بەهایەیەکی قورس دەنگی ڕەوا و ڕەسەنی خۆتان بە گوێچکەی تاک بە تاکی منداڵانی نیشتمانەکەمان گەیاند، بۆ وێنە، هێنانە ئارای پرسی زمانی دایکی بۆ منداڵانی کوردستان، بەخۆڕایی کردنی قوتابخانە، نا بۆ مودیریەتی ناکارناسانە و کوێرانە، نا بۆ کەرتی تایبەتی فێرکاری، هەوڵدان بۆ تەرحی پلەبەندیی مامۆستایان و نەهێشتنی هەڵاواردن لە بەستێنی پەروەردەدا بەشێک لە هاوارەکانتان بوون و هەر ئێوە بوون کە بە دەیان جار سیاسەتە چەوتەکانی دەسەڵاتی تارانتان لە کوردستان لەقاو دا. ئێستاش کە گورگی دەسەڵات لە هەر کاتێک زیاتر زاری دڕەندەیی لە ئێوەدا چڕیوە و وڵامی چووکەترین داخوازتان بە زیندان و هەڕەشە دەداتەوە، زەبوونیی خۆی لە بەرانبەر ئیرادەی بەرزی ئێوەدا دەبینێ و مەرگی خۆی لە پێش چاویدا دەبێنێ. ئەوەتا بە هەر فێڵ و تەڵەکەیەک بووە تێدەکۆشێ هەتا لە پشت چاوە وریاکانی ئێوەوە گەڵاڵەی پلەبەندیی ناکارناسانی دڵخوازی خۆیان بە شەلوپەتی جێبەجێ بکەن و بە سەر مامۆستایانیدا بسەپێنن.
قوتابیان و خوێندکارانی خۆشەویست !
ئێستا کە دەسەڵاتی ناڕەوای تاران بەمەبەستی دەستەمۆکردنی داهاتووی ئێوە، هەموو شادی و خۆشییەکانی لێحەرام کردوون و بە هێنانەگۆڕی پرسی نابەجێ و نەشیاوی ناسەردەمیانە و بەدور لە بەها مرۆییەکان، جۆش و خرۆشی ١ی ڕەزبەری لێ زەوت کردوون، ئەرکی ئێوە قورستر دەبێ و پێویستە بە تەواوی تواناتانەوە لە بەرانبەر ویستی قروون وێستایی ئاخوندە دنیاپەرەستەکاندا خۆڕاگری بکەن. ئێوە دەبێ ئەو راستییە باش بزانن کە دەستکێشانەوە لە خوێندن بە مانای تەسلیمبوون و دەستبەردانەوەیە و ئەوەش هیچکات لەگەڵ کولتوور و نەریتی ئێمەی کورددا یەک ناگرێتەوە. سەرەڕای هەموو گیروگرفت و نەبوونییەکان، ئێوە نەوەکانی دواڕۆژی کۆمەڵگەی ئێمە پێک دێنن و پێویستە بە پشتیوانیی بنەماڵە و لە ژێر تیشکی وریایی مامۆستا نیشتمانپەروەرەکانتاندا درێژە بە خوێندن بدەن. ئێوە دەبێ خۆتان وەها بە چەکی قەڵم و سەواد تەیار بکەن کە بە سانایی بتوانن بە گژ سیاسەتە چەوتەکانی داگیرکەرانی وڵاتەکەماندا بچنەوە و بەرگری لە خۆتان و کەڕامەت و سامانتان بکەن.
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان !
هەروەک دەبینین، پێشوازیی ١ی ڕەزبەری ئەمساڵ لەچاو ساڵانی ڕابردوو جیاوازییەکی تایبەتی تر بە خۆیەوە دەبینێ. لە حاڵێکدا قوتابیان و خوێندکارانی کوردستان خۆیان بۆ وەرزی نوێی خوێندن ساز دەکەن، پارێزەرانی دەسەڵاتی ئەهریمەنیی ئاخوندی لە درێژەی جینایەتەکانیاندا دەستیان بە خوێنی لاوێکی دڵپاکی کوردستان بە ناوی ژینا ئەمینی سوور دەبێ. ئەگەرچی ژینا خۆی لە زانکۆی ورمێ ناونووس کردبوو و بە دنیایەک حەز و تاسەوە خۆی بۆ دەسپێکی وەرزی نوێی خوێندن ئامادە دەکرد، بەڵام سەد مخابن، ئاواتە ڕەواکەی نەهاتە دی و کرایە قوربانیی دەستی چەپەڵی مانەوەی تاج و تەختی ئاخوندە دنیاپەرەستەکانی تاران. ژینای نیشتمان بە بێ ئەوەی هیچ تاوانێکی دژەمرۆیی و نائەخلاقیی ئەنجام دابێ، ئەم جیهانەی بە جێهێشت و داخێکی قورسی خستە سەر دڵی هەموو ویژدانە ئاگا و وشیارەکانی کوردستان و جیهان، بەڵام بە شانازییەوە گەلی کورد و لاوانی نیشتمان لە بەرانبەر ئەم جینایەتە سامناکەی ڕێژیمی داگیرکەر و قیناویی ئاخوندی کۆڵی نەدا و یەکدڵ و یەک
بڕوا نفرەت و بێزاریی خۆیان لەم دۆخە دەربڕی.
هەرچەند دەنگ هەڵبڕێن و هەڵوێستی تێکۆشەرانی کورد لە بەرانبەر ئەم جینایەتەدا چەندین قوربانیی لێ کەوتووەتەوە، بەڵام ناوی ژینا وەک چاوەڕوان دەکرا و لە سەر گڵکۆکەی بە خەتی سوور نەخشێندرا، وەک ڕەمزی بەرخودان و ژینای نیشتمان لە دڵی تاکەکانی گەلی کورد بەتایبەتی و گشت ئازادیخوازانی سەرانسەری ئێران بەگشتی دەمێنێتەوە.
پەیامی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران