
ڕێژیمی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هیزی خەڵک و شاردنەوەی ڕاستیی ڕووداوەکان لە ئێران، هەوڵی پچڕان و لاوازکردنی ئینترنێت دەدا و واتساپ و ئینستاگرامیش فیلتێر کراوە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، داوبەدوای پەرەسەندن و بەربڵاوبوونەوەی خۆپیشاندانەکان و ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان و ئێران بە قەتڵی "ژینا ئەمینی" بە دەستی هێزەکانی گەشتی ئیرشاد لە تاران، کە زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتووەتەوە و خەڵک ڕق و تووڕەیی خۆیان بەرامبەر بەو ڕێژیمە دڕندەیە بەهەموو شێوەیەک دەردەبڕن، ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بۆ پێشگرتن بە ڕوماڵکردنی ڕووداوەکان و جینایەتەکانیان دەرحەق بە خەڵکی ناڕازی، هێڵی ئینتێرنێتیان لاواز کردووە و لە زۆربەی شارەکان یان کار ناکا یان زۆر لاوازە، هەروەها واتساپ و ئینستاگرامیشیان فیلتێر کردووە.
لەو پێوەندییەدا ڕۆژی ڕابردوو هەواڵدەریی فارس سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران ڕایگەیاند کە ئینترنێت لە تاران پچڕاوە.
گرووپی "نێتبلاکس"، کە بنکەکەیان لە لەندەنە و چاوەدێریی ئینتێرنێتی جیهانی دەکا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە دەسپێڕاگەیشتن بە ئینستاگرام لە ئێران سنووردار کراوە و وتوویەتی: "ئینتیرنێتی ئێران لە خراپترین دۆخدایە".
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە ئێستادا ئینتێرنێتی ڕایتێل، ئێرانسێل و هەمڕای ئەوەڵ پچڕاوە.