بنەماڵەی شەهید "میلان حەقیقی" لە شنۆ پەیامێکیان ڕوو لە خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
هاونیشتمانییانی ئازیز، دۆستان و هاوڕێیان
ئاگادار کراینەوە ئەمشەو ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی لە کاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیدەربڕین بە مەرگی هۆڤانەی "ژینا ئەمینی"، شاری شنۆش وەک هەموو شارەکانی کوردستان هەستایەوە، لەم ناڕەزایەتییەدا هێزە ئەمنییەکان ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە کە بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە داواکاریی خۆیان دەردەبڕی.
لەو شەوە پڕ لە حەماسەیەدا زۆر بەداخەوە هەتا ئێستا سێ هاونیشتمانی بە ناوەکانی "سەدرەدین لیتان"، "ئەمین مەعرەفەت" و "میلان حەقیقی" گیانی پاکی خۆیان فیدای ئامانجە بەرز و مەزنەکانی گەلی کورد کرد.
ئەگەرچی برینی ساتەوەختی ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە تەزاندمی و ئێستاش پێم ڕاست نییە بەڵام لەنێو هەموو ئەو خەم و حەسرەت و بێکەسییەی خۆمدا، لەنێو بارانی هەنیسکاوی ئەسرینی دانەبڕاومدا، لەناو خەمێکی قووڵ و حەسرەتێکی نەپساوەدا، لەنێو بەحری ئازار و ژان و قاڵبوونەوەیەدا، لەنێو ئەوپەڕی زوڵم و نەهامەتیدا، سەربەرزم بە میلان و هەموو ڕۆڵەکانی نیشتمان کە گیانی پاکی خۆیان فیدای خاک و نیشتمان و باوەڕە بەرزەکانییان کرد.
کوردستان سڵامەت