کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران/ ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوان، کرێکاران و دەسبەسەرکردنیان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بەردەوامە

13:17 - 13 خەرمانان 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٢ی خەرمانان کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی شاری "ئەراک" لە پارێزگای "مەرکەزی" سەبارەت بە دۆخی خراپی ژیان و کارییان ناڕەزایەتییان نیشان دا.

 "دەوڵەت ناپاکی دەکات و مەجلیس پشتیوانی دەکات" یەکێک لەو دروشمانە بوو کە ناڕازییان لە ناڕەزایەتییەکەدا وتوویانەتەوە.

ناڕازییان سەبارەت بە دۆخی خراپی ژیان و گوێنەدان بە داواکارییەکانیان لە بەردەم دەفتەری نوێنەرایەتی شار کۆ ببوونەوە.

هەروەها هەمان ڕۆژ کۆمەڵێک لە کارمەند و کرێکارانی شارەداریی شاری "کاروون" لە پارێزگای "ئەلئەحواز" لە ناڕەزایەتی بەرامبەر دۆخی خراپی ژیان و پێنەدرانی مووچەی چەندین مانگیان لە بەردەم بینای پارێزگاری ئەو پارێزگایە کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتییان نیشان دا.

ناڕازییان داوای باشترکردنی دۆخی ژیانی ڕۆژانە و پێڕاگەیشتن بە داواکانیان لە لایەنی پەیوەندیدار کردووە.

لەلایەکی  دیکەوە هەر ئەو ڕۆژە هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران کۆمەڵێک لە کرێکارانی پیشەسازیی وزە کە لە بەردەم وەزارەتی نەوتی ڕێژیم لە شاری تاران کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان پێک هێنابوو، دەسبەسەر کردووە.

ئەو کرێکارانە بە شێوەی فەرمی لە هەندێک لە ناوەندەکانی پیشەسازیی "نەوت" لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران کار دەکەن.

ئەو کرێکارانە بەپێی بانگەوازێک کە بۆ پێکهێنانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بڵاو کرابووەوە، لە بەردەم وەزارەتی "نەوت" لە شاری تاران کۆ ببوونەوە.