دیمانە: مەنسوور مروەتی
ئاماژە: کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی هەیئەتی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ "کورد کاناڵ" خوێندنەوە و هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی بەنیسبەت کۆمەڵە پرسێکی ڕۆژەڤی ئێران و کوردستان دەربڕی. "کوردستان" لەبەر گرینگیی ئەم باسە پوختەیەک لەو وتووێژە بۆ خوێنەرانی بڵاو دەکاتەوە.
کاک مستەفا زۆر باس لە زەرورەتی یەکگرتنەوە و یەکگرتن لە کاتی ئێستادا دەکرێت، ئەمە تا چەند کاریگەری لە پێشڤەچوونی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە و ئەساسەن بۆ یەکگرتنەوە؟
ئێمە وەکوو کورد و میللەتێکی دابەشکراو دەبێ بزانین دابەش بوون چارەنووسی ئەو نەتەوەیەی بە کوێ گەیاندوە. من پێموابێ لەو ڕۆژەوە کە کوردستان بەسەر چوار وڵاتدا دابەش بووە، گەورەترین کارەسات لە مێژووی خەڵکی کورد دەستی پێ کردوە؛ چونکە ئەو دابەشبوونە بوو بەهۆی ئەوەیکە هێزی کورد لەهەر چواربەشدا دابەش و دابڕ دابڕ بکرێ و هەر کامێکیان بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتێکەوە کە بەداخەوە دیکتاتۆر و سەرەڕۆ بوون و هیچکام لەوان باوەڕیان بە مافی کورد و نەتەوەی کورد نەبووە و نییە. وەختێکیش کورد دابەش بووە، هێزەکەی کەمتر و چووکەتر بۆتەوە و زۆر ڕاحەتتر توانیویانە بەسەریدا زاڵ بن، سەرکوتی بکەن و بە پیلانی زۆر گەورەش توانیویانە کێشە و دوژمنایەتی بەینی کورد دروست بکەن و کورد بەدژی کورد بە شەڕ بدەن. بۆیەشە مێژووی ئێمە بەداخەوە پڕە لە شەڕی براکوژی، یەکتر شکاندن، یەکتر بوغزاندن و دەستەکەم گرتن و بێکەڵک کردنی یەکتری و هەموو ئەوانەش بە قازانجی دوژمن تەواو بووە.
لەو بەشەدا ئێمە وکوو کورد لە کاتی دابەشکردنی کوردستاندا هیچ دەسەڵاتێکمان نەبووە. کەس نەهاتوە پرس بە کورد بکات بزانێ بۆچوونی چییە، و ئەوەیکە کوردستانیشی بەسەردا دابەش کراوە ئەو دیکتاتۆرانە بوون کە هیچ باوەڕێکیان بە کورد و مافی نەتەوایەتی و یەکسانیی ماف نەبووە. بۆیە شتێکی سرووشتییە لە سیستمێکی ئاوادا تۆ چاوەڕوانی سەرکوت و زەبروزەنگ و بێعەداڵەتی بکەی. بەڵام کارەساتی لەوە خراپتر ئەوکاتە بوو کە کورد بۆخۆشی دەستی کرد بە دابەشبوون و دابڕبوون و لەتلەتبوون لەنێو هەرکام لە بەشەکانی کوردستان. یانی ئەگەر ئێمە گلەییمان هەیە لەوە کە وڵاتەکەمان بەسەر چوار وڵاتدا دابەش کراوە، بەڵام بۆخۆشمان هاتووین لە هەر بەشێکدا جۆرەها دابەشبوونمان پێکهێناوە، لەژێر ناوی عەشیرەتی، ئایینی، زمانی و ناوچەیی و ساڵانێک دژی یەکتری شەڕمان کردوە و لە یەکترمان کوشتوە و یەکترمان شکاندوە کە دەگاتە حیزبە سیاسییەکان، کە دەبێ ئەوان خەڵک وشیار کەنەوە، کەچی دەبینن لەنێو حیزبە سیاسییەکانیشدا لەباتی یەکگرتوویی دابڕان و شەڕ و ملبەملەی ناڕەوا خوڵقاوە. بۆیەش گوتم ئەم کارەساتە لەوەی یەکەم گەورەتر، چونکە ئەوەیان بە دەستی خۆمان کردوومانە، هێزە کوردییەکان هیچیان دەست نەکەوتووە و دوژمنیش قازانجی زۆری لێ بینیوە و خەڵکەکەشمان لەو دابڕان و دابەشبوونانە ماندوو و ناهومێد بوون. ئەمن پێموایە هەرچەند ئێستاش درەنگە بەڵام دەبێ وەختێک وەکوو نەتەوەیەکی وشیار کە مافی خۆمان و دوژمنی خۆمان ناسیوە، حەق وایە کە ئیدی ئەو ڕەوتە بەرەو یەکگری و یەکگرتنەوە بگۆڕین. چونکە لەبنەڕەتڕا بە یەکگرتن و یەکڕیزییە کە کورد دەتوانێ هەموو هێزەکەی بخاتە سەریەک و لە بەرامبەر ئەو دوژمنە ملهوڕانەدا بەرگرییەکی باشتر بکا و ببێتە هێزێک کە لەهەر بەشێکدا ئاڵوگۆڕ بێتە پێشێ، حیسابی بۆ بکەن و نەتوانن پەراوێزی بخەن. بۆیەشە یەکگرتنەوەکەمان یەکگرتنەوەیەکی بەوەخت بوو، چونکە دەبینین ئێستا دۆخی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست سەقامگیر نییە و ئاڵوگۆڕەکان یەک بەدوای یەک بەڕێوەن. کۆماری ئیسلامی لەنێو خەڵکدا بێزراوە و ڕۆژ نییە لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران بەدژی ڕێژیم خۆپیشاندان نەکرێ. لە ناوچەکەدا بەهۆی سیاسەتی دەستتێوەردانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هێندێک یەکگرتوویی بەدژی وی پێکهاتوە و ئەوانە هەموویان نیشان دەدەن کە لە بەردەم ئاڵوگۆڕێکی خێراداین و بێتوو یەکگرتوو نەبین دیسان پەراوێز دەخرێینەوە. چونکە بەداخەوە لە ئێراندا بێجگە لە نەتەوە بندەستەکان باوەڕ بە مافی نەتەوەیی زۆر لاوازە، بۆیە ئەوە ئێمەین کە دەبێ زۆر بەهێز و یەکگرتوو بین و هێزەکانمان بخەینە سەریەک بۆوەی ئامادە بین بۆ ئەو ڕووداوانەی کە چاوەڕوانیان دەکەین.
بەپێی فەرمایشتەکانی جەنابت ئێستا چی بکرێت ئەم یەکگرتنەوەیە ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان بۆ بەهێزتر کردنی حیزبی دێموکرات و هەروەها بەهێزترکردنی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟
ئێمە قۆناغێک لە یەکگرتنەوەمان جێبەجێ کردوە، بەڵام ئەوە هەمووی داخوازەکە و ئامانجەکە نییە، بەڵکوو ئامانجی بنەڕەتی بەهێز کردن و بەردەوام بوونی ئەو یەکگرتنەیە. ئەوەش بەوە دەکرێ کە ئێمە بەگشتی لە کۆمەڵگەی حیزبیدا و لەوە بانتر لە کۆمەڵگەی کوردی ڕۆژهەڵاتدا بتوانین هەموومان وەکوو تاک باوەڕ بەوە بێنین کە دەبێ گوێ لە یەکتری بگرین و بۆچوونی یەکتری بەهێند وەربگرین. ئەو سەردەمە تەواو بوو کە کەسێک یا لایەنێک یا گروپێک پێی وابێ هەرچی ئەو دەیڵێ دروستە و باقی دیکە هەمووی باتڵە، ئەوە هەمووانن کە واقعییەت و حەقیقەتەکە دروست دەکەن. بۆیە دەبێ بۆچوونی جیاوازەکان هەبن و بە هەموومانەوە باشترین و جوانترین و واقعیترین بڕیار و سیاسەت لە پێوەندی لەگەڵ ئەو ئاڵوگۆڕانەدا ڕەچاو بکەین.
دەبێ چیدیکە بەدوای ئەوەدا نەگەڕێین کە چونکە لە نیوخۆی حیزبدا ناڕازین، لە فڵان شتدا بیروبۆچوونمان لەگەڵ یەکتر نایەتەوە، کەوابوو جودا دەبینەوە و وەکوو گروپێک دەچین شتێکی دیکە پێکدێنین! چونکە ئەگەر گرووپەکەی دیکەش پێک هات لەنێو ئەوێشدا ئیختلافی بۆچوون هەیە. ئێمە وەختێک وەک حیزبێکی دێموکرات خەبات دەکەین یەکێک لە تایبەتمەندییە ئەسڵییەکانی دێموکراسی هەبوونی بیروبۆچونی جیاوازە، بۆیە بیروبۆچوونی جیاواز هەمیشە پێکدێ، بەڵام ئەو بیروبۆچوونە جیاوازانە دەبێ مودیرییەت بکرێ و لە کۆی ئەو بیروبۆچوونە جیاوازانەدا بە دیالۆگی دێموکراتیک بتوانین خاڵی هاوبەش ببینینەوە و بیکەینە بڕیار، بیکەینە سیاسەت و بیکەینە ڕێنوێنی کار و بەرنامەکانمان. بەتایبەتی وەکوو کورد بەگشتی و وەکوو حیزبی دێموکرات بەتایبەتی لەبیرمان بێ کە دابڕانەکان هیچکامیان سەرکەوتوو نەبوون و هیچکام نەیانتوانی خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا بەهێز بکەن، بەڵام زۆرباش توانییان خەڵک بێزار، ناهومێد و ماندوو بکەن و توانییان وەخت و ئینرژیی حیزبەکان بەخۆیانەوە مەشغوڵ بکەن. کەوابوو ڕیگاچارەی ئەو مەسەلەیە لە جیابوونەوەدا نییە، ئێمە وەختێک دەتوانین ئەو یەکگرتنەوە بکەینە خاڵی وەرچەرخان کە ئەو ئەزموونانەی ڕابردوومان لەبیر نەچێتەوە. زۆرجار باس لەوە دەکەن کە کورد کەمحافزەیە لەباری مێژوویی بۆیە شتی مێژوویی لەبیر دەچێتەوە. ئێمە دەبێ ئەو شتانەمان لەبیر نەچێتەوە. لەبیرمان نەچێتەوە بۆوەی دەرسی لێوەربگرین و چیدی ئەو ڕۆژە تاڵانە بۆ خەڵکەکەمان دووبارە نەکەینەوە. ئەمن هیوادارم ئەو ئاواتە بێتە دی، چونکە خەڵکی کورد لە نێوخۆی وڵاتدا زۆر وشیارن و زۆر باش دۆست و دوژمنی خۆیان دەناسن و چاک دەزانن کە یەکگرتوویی چون دەتوانێ ڕێگاچارەی ئەوان بێ. نموونەکەشی ئەوە کە لەگەڵ ئەوەیکە حیزبی دێموکرات دابەش ببوو بەڵام خەڵکەکە هەر یەکگرتوو مانەوە. دیارە ئێمەش وەکوو حیزبی دێموکرات دەبێ کار بکەین و هەم لەباری فکرییەوە و هەم لەباری عەمەلییەوە ئەو یەکگرتوویە بە خەڵکەکەمان نیشان بدەین. لەباری فکرییەوە دەبێ لەسەر بابەتە ناکۆکەکان پێکەوە دیالۆگی دێموکراتیکمان هەبێ و بێجگە لەوە بۆ لای ڕێگای دیکە نەچین، چونکە هیچ ڕێگایەکی دیکە بۆ سەرکەوتن نییە و ئەوە سەد ساڵە تاقی دەکەینەوە. لەباری عەمەلییشەوە کار و کردارمان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بە نیسبەتی ئەفراد وەک یەک بێ، خەتێک بکێشن بە دەوری ئەوەدا کە فڵان کەس لە جودابوونەوەدا لەگەڵ من یا لەدژی من بووە، ئەوانە دەبێ بە مێژوو بسپێرین ئەویش مێژوویەکی خراپ و مێژوویەکی ناسەرکەوتوو. ڕۆژی تازەمان لە ڕۆژی یەکگرتنەوەڕا دەست پێ دەکا و ئەو ڕۆژە تازەیە دەبێ بە پەندوەرگرتن لە ڕابردوو بێت. ئێمە ئیختلافی بۆچوونمان هەبووە، کێشەمان هەبووە و هەرچی هەبووە ئەوانمان بەجێهێشت و بە مێژوومان سپارد، ئێستا هەموومان وەکوو ئەندامێکی کە مافی بەرانبەرمان لەو حیزبەدا هەیە پێکەوە بۆ یەک ئامانجی هاوبەش خەبات دەکەین و ئەو حیزبە ئی هەموومانە، چ ئەوەی پێشتر لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بوو یا ئەوەی کە لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا بووە، چونکە هەردوولا لەو ماوەی دابڕانیشدا هەر بۆ یەک ئامانج خەباتیان کردوە. ئەوە دەتوانێ ببێتە خاڵی وەرچەڕخان و ئەمن ئەو زەرفییەت و ئاگاهییەی پێویست بۆ ئەم ئامانجە لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات و لە کادر و پێشمەرگە و ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات بەتایبەت لە خەڵکی ڕۆژهەڵات بەگشتی شک دەبەم.
کاک مستەفا لە دەرەوەی باسی حیزبی دێموکرات، دۆخی ئێستای ئێران چۆن دەبینی؟ وەک بۆخۆشتان ئاماژەتان پێدا تا ئێستا دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان بێئاکام بوون، بەو پێیە دۆخی سیاسیی ئێران بەرەو کوێ دەڕوا؟
ئەمن لەسەر ئەو باوەڕەم ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەچاو چل و چەند ساڵی ڕابردوودا ئێستا لە خراپترین دۆخی سیاسی، کۆمەڵاتی و ئابووریدایە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە هێزی سەرکوتی نەماوە، بگرە هێزی سەرکوتی بەهێزتریش کردوە و ئەوەش بەهێزبوونی حکوومەت نییە، بەڵکوو لە لاوازی و لە ترسانێتی. چونکە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆخۆی باش دەزانێ کە لەنیو خەڵکی خۆیدا چەندە بێپایەگایە و چەندە خەڵک دژێتی. چەند مانگێک لەوە پێش دامەزراوەیەکی ڕاپرسی ڕایگەیاند کە زیاتر لە نیوەی خەڵکی ئێران کە پێشتر دیندار بوون، هەر لەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێستا بوونەتە دژی دین. ئەمە دەریدەخا کە لە باری شەرعییەتی ئایینییەوە لە لاوازترین حاڵەتی خۆیدایە. لە باری ئابوورییشەوە خۆ هیچ شتێک بۆ خەڵکەکە ناکا و ئەوەی هەیە بۆ هێزە نیابەتییەکان، دامودەزگا ئایینییەکان و بۆ سپای پاسدارانە ئەویش بۆ سەرکوت. بە بۆچوونی من ئەو بارودۆخە ناتوانێ زۆر بەردەوام بێ، بەتایبەتی کە خەڵکی ئێران بەگشتی وشیارن و دەزانن کە ئەو ڕێژیمە کۆماری ئیسلامییەی کە لە سەرەتادا بەیعەتیان لەگەڵ کرد و قوربانییان لە ڕێگای دا ئێستا چیی بەسەر هێناون. بۆیە دەبینین خەڵک لە نێوخۆ بەتەواوی لەو ڕێژیمە ناڕازییە و لە دەرەوەش هاوکێشەکان لە بەرژەوەندیی ڕیژیم نین. بۆیە لەگەڵ ئەوەدا کە ڕێژیم تا ئێستا هێزی سەرکوتی ماوە و بە پشتبەستن بە سپای پاسداران و هێزی داپڵۆسێنەری خۆی دەتوانێ بۆ ماوەیەکی دیکە درێژە بە دەسەڵاتەکەی بدا؛ بەڵام ئەو ماوەیە درێژخایەن نابێ.
کاک مستەفا ئەم ماوەیە زۆر باس لە ئەگەری ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا و زیندووکردنەوەی بەرجام دەکرێت، ئەگەر ئەوە ڕوو بدات یان بە پێچەوانەکەی دەتوانێ چ کاریگەرییەکی لەسەر خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبێت؟
پێشتریش گوتوومانە کە لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە بەرجامەوە یا بێبەرجام، بە هاوپێمانی لەگەڵ فڵان دەوڵەت یا بە دژایەتی لەگەڵ فڵان دەوڵەتی دیکە، لە ڕاستیدا هیچ شتێک دەست خەڵک ناکەوێ. چونکە هەرچی کۆماری ئیسلامی ئێران دەیکا هیچی لەبەر قازانج و بەرژەوەندیی خەڵک نییە، بەڵکوو بۆ بەرژەوەندیی خۆیەتی و دەیهەوێ خۆی بەهێز بکا هەتا ماوەیەکی زیاتر درێژە بە حکوومەتە سەرەڕۆیانەکەی بدات. بۆیە من بەش بە حاڵی خۆم لام وایە بەرجام ئەگەریش ببوژێتەوە و هەموو لایەنەکان ئیمزای بکەن و ئێران بگەڕێتەوە سەر تەعەهووداتی خۆی، بەو حاڵەش بۆ خەڵکەکە دەستکەوتێکی نابێت. ڕاستە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەستکەوتی دەبێ، دراوێکی زۆری دێتە دەست و بەوجۆرەی لێک دەدرێتەوە بێتوو دانوستانەکان سەر بگرن لە ماوەی ١٥- ٢٠ ساڵدا نزیکەی تریلیونێک دۆڵار دەستکەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ، بەڵام ئەو کۆماری ئیسلامییە چی دەستکەوتی هەبێ دەیدا بە هێزە نیابەتییەکانی لەپێناو هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی و هیلالی شیعیدا. یان دەیدا بە دەزگا ئایینیی و تەبلیغاتییەکانی و بە سپای پاسداران و بەشێکی هەرە زۆریشی دەچێتە گیرفانی ئەو حکوومەتە گەندەڵە کە ئێستا لە گەندەڵیدا ئیدی لە دنیادا مەشهوورە. بۆیە ئەمن پێموایە خەڵک لە ئێران بەگشتی و بەتایبەت لە کوردستان هیوا هەڵنەچنن لەسەر ئەوەیکە ئەگەر بەرجام جێبەجێ بوو ئەوان دەحەسێنەوە. چونکە پێشتریش پێش ئەوەی ئەوەی بەرجام لەلایەن تڕامپەوە هەڵوەشێتەوە، ئەودەمیش دیتمان کە ئێران داهاتی زۆری هەبوو و بانکەکانی گەمارۆیان لەسەر نەمابوو، بەڵام کۆمەڵگە هەر فەقیر و هەژار بوون و خەڵک ئەمەیان ئەزموون کردوە. لەگەڵ ئەوەدا ئەمن لاموایە کە سەرەڕای ناکۆکییەکان و درێژەکێشانی ئەو باسە بەڵام لە نیهایەتدا وتووێژەکان دەگەن بە ئاکام، چونکە هەم ئێران حەوجێی بە بووژاندنەوەی بەرجامە بۆوەی لەباری ئابوورییەوە هەناسەیەکی بێتەوە بەر؛ هەم وڵاتانی هاوبەش و هاوبەرژەوەند لە بەرجامدا بەتایبەت ئامریکا و ئورووپاییەکانیش زۆر مەبەستیانە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەو زووانە دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕانەگا و ئەو گرێبەستە دەستی کۆماری ئیسلامی لە گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی کورت دەکاتەوە. بۆیە پێموابێ لەبەر ئەوەی هەردووکیان و هەر یەکەی بەجۆرێک پێویستییان بەو رێککەوتنەوەیە، ئاخرییەکەی لەگەڵ یەکتر هەر دەسازێن.
ئەگەر ئەم ڕێککەتنە بکرێت، چ کاریگەرییەکی لەسەر خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت؟
من پێموابێ تەئسیرێکی مەنفیی نابێ، بێجگە لەوەیکە گوتم هێزەکانی سەرکوت ڕەنگە ئیمکاناتی زیاتریان دەستکەوێ و بتوانن زیاتر خەڵکەکە سەرکوت بکەن؛ بەڵام ئەوە هیچ بە مانای ئەوە نییە کە خەڵک بە سەرکوتی توندتر لە ئامانج و داخوازەکانی خۆیان دەکشێنەوە. هەروەک چۆن بۆخۆمان لەو ماوەیەدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەردەوام تیرۆری لێ کردووین، تۆپباران و مووشەکبارانی کردووین، بەڵام حیزبەکەمان نەکهەر لەبەین نەچووە، نەتواوەتەوە و نەکشاوەتەوە، بەڵکوو ئێستا بەو یەکگرتنەوەیە زۆر زۆریش بەهێزتر بووە و لەنێو خەڵکی خۆمان و لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشدا خاوەن پێگەیەکی دیکەین. بەڵام لە پێوەندی لەگەڵ ئەوەیکە خەڵک چاوەڕوانی ئەوە بێ هێزێک لە دەرەوەڕا بێ و ڕزگاری بکا، یەکێک لە پەیامەکانی ڕاسانی ڕۆژهەڵات ئەوە بوو کە خەڵکی کورد دەبێ بۆخۆی ببێتە ڕزگاریدەری خۆی. بێجگە لە خۆی کەسی دیکە نییە فریای بکەوێ، نابێ بەهیوای هیچ لایەنی دیکە بێ، بۆیە دەبێ بۆخۆی لە فکری ڕزگارکردنی خۆیدا بێ و ئێمەش وەکوو حیزبی دێموکرات و وەکوو هێزە سیاسییەکانی دیکە پەنا و پاڵپشتین و بەشێکین لەو خەڵکە. ئەوەش کە لەو پێوەندییەدا دەکەوێتە سەرشانمان، ئێمە دووبارە وەک ڕابردوو بەڕێوەی دەبەین و خەڵکەکەش دەبێ ئیدی بەتەواوی لە هێزی دەرەکی هیوابڕوا بێ بۆ ئەوەی خۆی باشتر ڕێک بخات و خەباتەکەی بباتە پیشێ.
کاک مستەفا بە لەبەرچاوگرتنی هەموو فاکتەرەکان، وەزعیەتی ئێستای ئێران، دەرەوە، خەباتی کورد لە ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا چۆن دەبینی؟
وەزعی سیاسیی خەڵک لە کوردستانی ئێران ئێستا زۆر باشترە. چونکی ئەگەر لە سەرەتادا هەبوون کەسانێک -کەمیش نەبوون- کە هیوایان بە کۆماری ئیسلامی هەڵچنیبوو و هێشتا نەیاندەناسی و لەژێر تەئسیری درووشمەکانی کۆماری ئیسلامی پێیانوابوو کە ئێرانیان بۆ دەکاتە بەهەشت؛ یان خەڵکانێک لە باری ئایینییەوە هیوایان پێی هەبوو، بەڵام دوای ئەو ماوەیە پەردە لەسەر هەموو درۆکانی ڕێژیم کۆماری ئیسلامی لادراوە. بۆیە دەڵێم ئێستا خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشترین دۆخی سیاسیدان، بەتایبەت کە ئێستا یەکگرتوون و ئەو یەکگرتووییە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا لە هاتنی سێڵاو و بوومەلەرزەکان، یان لە ڕووداوی کوشتنی ژینگەپارێزان و گرتنی زیندانیانی سیاسی و بەتایبەت مووشەکبارانەکەی قەڵادا هەموو دەردەکەوێ و بینیمان کە ئەو خەڵکە چەندە یەکگرتوویە و چۆن بەفریای یەکتری دێن کە ئەمە نیشانەی ئەوپەڕی وشیارییە. ڕەنگە ئەو نەسلەی کە ئێستا هەیە ڕووداوەکانی دوای شۆڕشی ٥٧ی لەبیر نەیەت کە ئەوکات لە کوردستان خەڵکی کرماشان و ئیلام کەم وابوو خەڵکی مەهاباد و موکریان بناسن یا خەڵکی ناوچەی شوماڵ زۆر کەم وابوو خەڵکی ناوچەکانی سنە و کامیاران و ئەو شارانە بناسن و زۆر ڕووداو ڕووی دەدا زۆر ئاسایی تێپەڕ دەبوو، بەڵام ئێستا ئەو یەکپارچەییە بەدەست هاتووە و ئەوە دەستکەوتێکی گەورەیە کە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا بە قوربانی و تێچوویەکی یەکجار زۆر دەستەبەری کردوە. من لاموایە هەر نەتەوەیەک مافەکانی خۆی و دۆست و دوژمنەکانی خۆیشی باش بناسێ و لە عەینی حاڵدا یەکگرتوو بێ، سەرکەوتنەکەی مسۆگەرە و کوردستان ئێستا لەو قۆناغەدایە.
لە ڕێوڕەسمی یەکگرتنەوەدا کە جەنابت و کاک خالید عەزیزی قسەتان کرد، کاک خالید بوو ڕوو بە خەڵکی کوردستان گوتی ئێمە جوابی ئێوەمان داوە و یەکمان گرتەوە و، ئێستا ئێمە چاوەڕوانیمان لە ئێوەی خەڵک لە نێوخۆی وڵات هەیە. پرسیار ئەوەیە چاوەڕوانیتان لە خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی بەشدارانی بەشە سیاسییەکەی چالاکەکانی چییە و لەمەودوا ئەرکی ئەوان چی دەبێت؟
لە ڕوانگەی منەوە نوخبەکانی کورد لە هەر جێگایەک بن، بەتایبەت چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە نێوخۆی کوردستان، هەمووی ئەوانە هەیکەلی خەبات لە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پێكدێنن بۆ یک مەبەست، ئەویش ئازادیی کوردە. دەبێ یەکگرتوو بن و وریا بن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە پیلانەکانی خۆی بە هیچ جۆر نەتوانێ کەلێن بخاتە نێوانیان. بە ئیسلامییەکانەوە، بە کۆمۆنیستەکانەوە، بە خواپەرەست و بە بێدین و دێموکراتەکانەوە، بە هەر بیروبۆچوون و ئایینێک کە هەیانە یەک بگرن بۆ ئەوەی ئازادیی خۆیان وەدەست بێنن، چونکە ئێمە ئێستا بستێک خاکمان نییە کە بە کەڕامەت و عیزەتی ئینسانییەوە پێی لەسەر دابنێین و هەموو شتێکمان لەلایەن ڕێژیمە لێ زەوت کراوە. کوا لەکاتی ئاوادا وەختی ئەوەیە جارێ بێین کێشەی بیروبۆچوون و ئیدیۆلۆژی و نازانم چی و چی بکەین؟ دەبێ لەپێشدا وەک نەتەوە خۆمان ڕزگار بکەین و ئەگەر ئەو خەباتەمان کرد و ئەو وەزعیەتەمان گۆڕی، ئەوکات لەو وڵاتی ئازادی خۆماندا دیسان خەبات بەردەوامە. خەبات بۆ مرۆڤ حەتا مردن بەردەوامە و مرۆڤی بێخەبات یانی مردوە. ئەودەمی دێین لە وڵاتی ئازادی خۆماندا بیروبۆچوونە جیاوازەکانمان باس دەکەین و هەمووان مافی ئەوەمان هەیە لە چوارچێوەیەکی دێموکراتیکدا ئازادانە بۆچوونی خۆمان باس بکەین و خەڵکیش قەزاوەتی خۆی دەکا. بۆیە من پێ لەسەر ئەوە دادەگرمەوە کە چەندی یەکگرتوو بین، ئەوەندە سەرکەوتنمان نزیکترە. بەتایبەتی ڕوو لە چالاکانی خەباتی مەدەنی کە لەو ماوەدا قوربانیی زۆریان داوە و فیداکاریی زۆریان کردوە، ئەمن بەش بە حاڵی خۆم، خۆم بە قەرزداری تێکۆشانی ئەوان دەزانم کە لەژێر ئەو زەبروزەنگەی ڕێژیمدا ساتێک لە خەبات ناوەستن.
داوام ئەوەیە کەلێنەکان پڕ کەنەوە و لەهەر جێگایەکی بەتاڵاییەک هەیە با ڕێکخراوێکی مەدەنی بۆ پێکبێنن و لەو چوارچێوەیەدا خەڵک لە دەوری خۆیان کۆ بکەنەوە و لە پەڕشوبڵاوی بیانپارێزن و یەکگرتوویان بکەن، ئەوە دەتوانێ ئێمە بە ئامانجەکانمان بگەیەنێ.
جەنابت لە پرسیارەکانی پێشوودا زۆر بە دەقیقی ئاوڕت لە پێویستیی یەکگرتوویی و خۆپاراستن لە مناقشەی بێسوود لە کۆمەڵگەی سیاسی ڕۆژهەڵاتدا دایەوە. ماوەیەک لەوە پێش جەنابت وتووێژێکت لەگەڵ بەشی فارسیی "بیبیسی"دا کردبوو و لە بەشێکی دا باسەکە هاتبووە سەر شەڕی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە. وەڵامەکەی جەنابت تێگەیشتنی جیاوازی بەدووی خۆیدا هێنا. پێم باشە لێرەش جارێکی دیکە بیهێنمەوە گۆڕێ کە چۆن دەبێ سەیری ئەم مێژووە بکەین؟
ئەمن لەسەر ئەو باوەڕەم کە دەبێ لە بەرانبەر مێژوودا خۆمان بە بەرپرسیار بزانین. ئێمە مافی ئەوەمان نییە مێژوو چەواشە پێشان بدەین یان تەنانەت لەبیری بکەین. شەڕی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە قۆناغێکی ناخۆش و تاڵی ژیانی سیاسیی ئێمەیە لە ڕۆژهەڵات و گەورەترین زەربەی لە پەیکەری یەکگرتوویی ئەو خەڵکە داوە. لەوێدا ئەمن باسی ئەوەم کردوە کە ئەم باسە شرۆڤەی زۆر دەوێ، بەڵام هەواڵنێرێک ئەوە لە من دەپرسێ ناتوانم حاشا لە واقعییەتێک بکەم کە ڕووی داوە، بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نییە کە چونکە ئەودەمی ئێمە پێکەوە لە شەڕدا بووین ئەوە کاریگەریی خراپ لەسەر یەکگرتوویی و هاوکاریی ئێستای ئێمە دادەنێ. ئێمە ئێستا قۆناغێکی دیکەمان دەست پێ کردوە و ئەوەش بەشێکە لە مێژووی نێوان حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە وەک بەشێکی دڵخۆشکەر. ئێمە ئێستا لەو قۆناغەداین و ئەمن هیچ مەبەستم ئەوە نەبووە بڵێم ئەودەمی کە لەگەڵ هەر لایەنێک لە قۆناغێکدا لە شەڕ و کێشە دابووینە ئێستاش لەو قۆناغەدا ماوینەتەوە. لە قۆناغی شەڕدا قسەی شەڕ دەکرێ و لە قۆناغی یەکگرتووییدا باس لە یەکگرتوویی دەکەین و ئێمە ئێستا بە خۆشییەوە لەگەڵ هاوڕێیانی کۆمەڵەکان هاوکاری و هاوپێوەندیی باشمان هەیە. ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە ئەو قۆناغەمان بە مێژوو سپاردوە و ئێستا لاپەڕەیەکی نوێمان هەڵداوەتەوە، نەک لە شەڕ کردن و بوغزاندنی یەکتری، بەڵکوو لە دۆستایەتی و هاوپەیمانی و هاوخەباتی.
سپاس کە کاتتان بۆ ئەو دیمانەیە دانا
سپاس بۆ ئێوە. ئەمە یەکەمین وتووێژی منە لەگەڵ کوردکاناڵ، کوردکاناڵ کە کاناڵی ڕەسمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، و لەو بارەوە خۆشحاڵم کە ئێستا لە کوردکاناڵدا قسە دەکەم، چونکە کوردکاناڵ تەلەڤیزیۆنی خۆمە.