عەلی بداغی
ڕێک لە کاتێکدا و لە ڕۆژێکدا کە ناسۆری کورد بەبۆنەی ٣٠ ساڵەی تێرۆری د. سادق شەرەفکەندی تەشەنا ببۆوە، زامێکی دی کەوتە سەر دڵی نیشتمان و گوڵی ژینی "ژینا"ی کورد لە پێتەختی دەسەڵاتی ئەهریمەندا پەڕپەڕ کرا.
ژینا تاوانی جوانیی خۆی لە وڵاتی دەسەڵاتی تاریکپەرەستاندا بە دانانی گیانی خۆی دا، بەڵام ئەو نە تاک قوربانیی دەستی ستەم و زۆرداریی ڕێژیمە و نە دواترینیش بوو، وەک چۆن هەر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە مەرگی دڵهەژێنی ژینا کوردستان و ئێرانی هەژاند، هەر ئەو ڕێژیمەی حاشای لە کوشتنی ئەو دەکرد گیانی لە کۆمەڵێک کەسی دیکەش ستاند، کە بۆ ڕیسواکردنی ئەو دەسەڵاتە سەبارەت بەو جینایەتە نوێیەی کردوویەتی ڕژابوونەوە سەر شەقامەکان.
بکوژ هەمان بکوژە ناسراوەکەیە. ڕێژیمێکی دژی گەلی کە لە پێناو ڕاگرتنی هەیمەنەی نگریسی خۆیدا لە دەرەوەی وڵات سەدان مرۆڤی خەباتکاری لە چوارقوژبنی دنیادا تێرۆر کردوە و لە نێوخۆی وڵاتیش بە زەبری چەک و کوشتوبڕ وڵاتێکی بەبارمتە گرتوە. ڕێژیمێک کە خوێنی خەڵکی لە شووشە کردوە و بۆ زاڵکردنی کولتووری نامۆ و دژەبایەخە دەسکردەکانی خۆی لە سەری هەموو ماف و ئازادییە ڕەواکانی خەڵکی داوە.
دوو ساڵ لەوە پێش کاتێک دیمەنی گیانلەدەستدانی "جۆرج فلۆید" لەبن چۆکی ئەفسەرێکی پۆلیسی ئەمریکادا بڵاو بۆوە و دنیای هەژاند، بکوژە ئێرانییەکە -خامنەیی- ئەوەی بە هەل زانی و بە ڕووهەڵماڵاوییە هاتە قسە و گوتی: "جینایەت دەکەن، خەڵکی خۆیان دەکوژن، داوای لێبووردنیش ناکەن و زمانیشیان درێژە." ئەو هەم دەیویست دەستە چەورەکەی خۆی بە خەڵکی دیکە بسڕێ و هەم بە گوێی هێزە چەکدارەکانی خۆی دابدا کە مادام لە ئەمریکای دێموکراتیشدا پۆلیس دەکوژێ و دەبڕێ ئێدی پێویست ناکا ئێوەش لە هیچ دەست بپارێزن. ئەوکات دەمودەست پۆلیس تاوانباری دەسبەسەر کرد، خەڵک بە وەڕێخستنی کەمپینی "ناتوانم هەناسە بدەم" و گوشاری بیروڕای گشتی هێزەکانی پۆلیسیان لە دەروەستی و بەرپرسایەتییەکانیان وشیار کردەوە و پاشان دادگا سزای ٢٢ ساڵ زیندانی بە سەر پۆلیسی تاوانباردا سەپاند. بەڵام کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئەوە زیاتر لە چوار دەیەیە نایەڵن خەڵک هەناسە بدا و بۆخۆیان نەک هەر زمانیان درێژە، بەڵکوو بە ڕۆژی ڕوون و لە شوێنێکی وەک کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە بەرچاوی دنیاوە گاڵتە بە هەموو پڕەنسیپە جیهانداگرەکان دەکەن!
مەرگی ژینا تاوانێکی دیکە بوو بە تەوێڵی کۆماری ئیسلامییەوە و بەوە پەروەندەیەکی دیکەش کەوتە سەر هەزاران هەزار جینایەتی دیکە کە ئەو ڕێژیمە لە چوار دەیەی ڕابردوودا کردوونی. ئەو پەروەندانە ئێستاش کراوەن و چاوەڕوانی پێکهاتنی دادگای گەلن: لە گرتن و ئەشکەنجەدان و ئێعدامی دژبەرانی هەر لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشەوە تا ئێستا، لە دەرکردنی فیتوای جیهاد و لەشکەرکێشی بۆ سەر کوردستان و سەپاندنێکی شەڕێکی خوێناوی بە سەر گەلی مافخوازی کورد هەر هەتا ئێستا، لە کۆمەڵکوژییەکانی دەیەی ٦٠ و جینایەتەکانی چەشنی کەهریزەک، لە قەڵتوبڕەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨، لە مووشەکبارانی حیزبی دێموکرات و بەردانەوەی بەئانقەستی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکە، کوشتنی ڕۆژانە خەڵکی کۆڵبەر لە کوردستان و کاسبکارەکان لە بەلووچستان و... .
ژینا یەکەم کورد نییە کە دوای دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی لێی دەدرێ و گیانی لێ دەستێندرێ، مێژووی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و ئێرانیش پڕە لە چەشنی ئەو جینایەت و کارەساتانە؛ لە ئاستی ئێرانیشدا هەروەها. کوشتنی ژینا هەروەها بە هەڵکەوت و ڕووداوێکی نەخوازراویش نەبوو، بەڵکوو درێژکراوەی سیاسەتی پتر لە چوار دەیە سەرکوت و کوشتوبڕی سیستماتیکی کوردە. ژینا کاتێک دەسبەسەر دەکرێ پێیان دەڵێ من کوردم و خەڵکی ئەو شارە نیم، بۆیەشە دەسەڵات ڕق و کینی لەمێژینەی خۆی پێ دەڕێژێ، کوردستان ئێستاش باجی ئازادیخوازیی خۆی دەدا و ئامادەشە لەپێناو پاراستنی شوناسی جیاوازی خۆی و خەبات بۆ مافە زەوتکراوەکانی هەرچەشنە تێچوویەک بدا. بۆیەشە کوردستان ئەمجارەشیان خرۆشا و خوێنی ڕۆڵەی خۆی ون نەکرد.
کوردستان وەک هەمیشە پێشەنگ مایەوە. حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە بانگەوازی مانگرتنیان دا و بەشی زۆری هێزە سیاسییەکانی دیکە چوونە پشتی ئەو داوایە. خەڵکی کوردستان کە لەلایەک یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات هیوایەکی دیکەی بۆ سەرکەوتن لە خەبات پێ داون و لەلایەک بۆ بەخاوەنکردنی گیانی بەناحەق ئەستێندراوی ژینای تازەلاویان نەک هەر وەک پێشوو وەڵامی بەجێیان بە داوای مانگرتنەکە دایەوە؛ بەڵکوو خرۆشان و جارێکی دیکەش شەقامەکانی شاریان کردەوە سەنگەری خەبات و خۆڕاگری و بەربەرەکانی لەدژی دەسەڵاتی داگیرکەر. ئەوان کە قەت فێر نەبوون مل بۆ ئیرادەی دوژمن نەوی کەن و جینایەت و تاوانەکانی بێوەڵام بێڵنەوە، جارێکی دیکەش حەماسەیان خوڵقاندەوە و وانەیەکی تریان لە یەکگرتوویی و پێشەنگایەتی پێشان دایەوە.
چارەنووسی "ژینا" و هاواری "کوردستان" ئەمجارەیان پەلی هاویشت و شوێنەکانی دیکە لە ئێرانیشی هێنایە دەنگ. لە خوێندکاران و کرێکارانەوە، لە هونەرمەندان و چالاکانەوە، لە ژنان و پیاوانی ئازادیخوازەوە کە ئیدی بەسە و هەتا کەی ڕۆڵەکانی ئەو وڵاتە دەبێ ببنە قوربانیی دەسەڵاتی ستەم و بێدادی؟ ئەمجارەیان پرسی چارەنووسی هاوبەش بوو بە سەرەتای وەرزێکی دی لە یەکیەتی و هاوخەباتی کە بەڵێ ئەمڕۆ لە ئێوەیە و سبەی لە مە. بۆیە خوێنی بەناحەقڕژاوی ژینا ویژدانی کۆمەڵگەی هەژاند و شەپۆلێکی نوێی لە ڕق و بێزاری لەو ڕێژیمە خستەڕێ. خوێنی ژینا ئەمینی، نوید ئەفکاری، زارای بەنییاقوب و سەحەری خودایارییەکان پێک گەیشتن، بوونە دەریایەک کە دێ کۆشکی زوڵم و بیدادیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ڕاماڵێ و بووە هۆی گۆڕانکارییەک کە دەکرێ مزگێنیدەری ڕۆژانێکی خۆش بە هیوایەکی گەش بۆ داهاتوو بێت.
دەسەڵات خۆ ئەگەر بە زەبری چەک و کۆمەڵکوژکردنی خەڵک و خوڵقاندنی جینایەتی دیکەش بتوانێ ئەو ناڕەزایەتییانە سەرکوت بکا و دایانمرکێنێتەوە؛ بەڵام نە ئەو قافڵەیە وەستان دەزانێ و نە ئەو ڕێگایە کوێربوونەوە. خوێنی ژینا دەسپێکی وەرزێکی نوێ لە ئاڵوگۆڕە بنەڕەتییەکانە لە هەناوی کۆمەڵگەدا ئەویش لە بەستێنی گشتییەکان و هەوێنی ڕزگارییە لە نیری یەخسیری. بەڵام ئەمە ئەرکێکی قورسیش دەخاتە سەر تاک تاکی ئەم وڵاتە و هێز و لایەنە سیاسی و ڕێکخراوەکان بەتایبەتی.
خۆپیشاندانەکان لەپێناو سەرکەوتن و ئاکام وەرگرتندا دەبێ بەردەوام بن، بەردەوامیی ئەو خرۆشانەش پێویستیی بە پشتیوانییە. ڕاستە ئیرادەی خەڵک لەشکاننەهاتوویە، بەڵام ئێستا ئیدی کاتی یەکگری و هاوخەباتیی ئۆپۆزیسیۆنە. هەتا ئەو ڕێژیمە مابێ هیچ کەس و لایەن و نەتەوەیەک نابنە خاوەنی ماف و ئازادییەکانیان و ڕووخاندنی ئەو رێژیمەش هاوبەشی هەمووانی دەوێت. با لە هاتنی وەرزی "ژینا"دا ئەو ئامانجە وەدی بێت.