بەرپرسێکی پلەبەرزی سەربازیی ڕێژیمی ئێران هۆشداریی دەستپێکردنەوەی شەڕ و تێکهەڵچوونی سەربازی لەنێوان تاران و واشنگتۆن دەدات.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات گەیشتووەتە لووتکە و دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکاش ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر بە پێشنیارە نوێیەکانی تاران بۆ دانوستان دەربڕیوە.
محەممەدجەعفەر ئەسەدی، جێگری بازڕەسیی قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە کە ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا هەیە. ناوبراو بەبێ ئاماژەدان بە وردەکاریی زیاتر و لە هەوڵێکدا بۆ پاساودانی سیاسەتە شەڕخوازانەکانی ڕێژیم، ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کردووە کە بە هیچ ڕێککەوتنێکەوە پێبەند نییە.
ئەم هەڕەشانەی بەرپرسانی سەربازیی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە کە واشنگتۆن لە ڕێگەی گوشارە سەربازی و ئابوورییەکانییەوە دەمارە ئابوورییەکانی سپای پاسدارانی بڕیوە.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە کۆماری ئیسلامی بەهۆی لاوازبوونی توانای سەربازی و تێکچوونی دۆخی نێوخۆیی، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئەم جۆرە لێدوانە توندانەوە قەیرانەکانی خۆی بشارێتەوە، لە کاتێکدا کە هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ ڕێککەوتن و کەمبوونەوەی گرژییەکان لە ئارادا نییە.