کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵکشانی بێ‌وێنەی لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی لەژێر سێبەری شەڕدا

10:16 - 12 بانەمەڕ 2726

بەپێی ڕاپۆرتەکان، هاوکات لەگەڵ شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی تاران، کۆماری ئیسلامی ئاستی لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی و ئەمنییەتی بە شێوەیەکی ترسناک بەرز کردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا"، ئۆرگانی فەرمیی کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە دەستپێکی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران لە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ەوە، ڕێژەی ٧١ لەسەدی هەموو لەسێدارەدانەکان تایبەت بە بەندکراوانی سیاسی و ئەمنییەتی بووە.

ئەم ڕاپۆرتە ئاماژە بەوە دەکات کە لە ماوەی ٦٥ ڕۆژی یەکەمی شەڕدا، لانیکەم ٣١ حاڵەتی لەسێدارەدان تۆمار کراوە کە ٢٢ کەسیان بەندکراوی سیاسی و ئەمنییەتی بوون.

بەپێی داتاکانی هێرانا، دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم بە خێرایییەکی کەموێنە خەریکی دەرکردنی حوکمی مەرگ و جێبەجێکردنیانە، بەتایبەت بۆ دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤.

لەم چوارچێوەیەدا، ناوی ١٠ گەنجی لەسێدارەدراو و ١٦ کەسی تری مەحکووم بە سێدارە بڵاو کراوەتەوە کە زۆربەیان لە مافی پارێزەر و دادگاییکردنی دادپەروەرانە بێبەش کرابوون.

دادوەرانی وەک "ئیمان ئەفشاری" و "ئەبولقاسم سەڵەواتی" وەک سەرەکیترین بکوژانی دەزگای دادوەریی ڕێژیم ناسێندراون کە زۆرترین حوکمی مەرگیان بۆ ناڕازییان دەرکردووە.

ئەم دۆخە نیشان دەدات کە ڕێژیمی تاران شەڕ وەک دەرفەتێک بۆ "تۆڵەسەندنەوەی سیاسی" و پاکتاوکردنی نەیارانی نێوخۆیی بەکار دەهێنێت.

ئەو ئامارانە لەکاتێکدایە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، "ناسر بەکزادە" بەندکراوی سیاسیی کورد و "یەعقووب کەریم‌پوور"، بەندکراوی سیاسیی تورکی یارسان لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لەسێدارە دران.