کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەک میلیۆن هەلی کار لە ئێران لەنێو چووە

10:06 - 12 بانەمەڕ 2726

ڕۆژنامەی "دنیای ئێقتساد" لە ڕاپۆرتێکی نوێدا باس لە داڕمانی بازاڕی کار و لەدەستچوونی هەلە جیاوازەکانی کار لە ئێران دەکات.

 بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پاشهاتەکانی شەڕ و پچڕانی بەردەوامی ئینتێرنێت بوونەتە هۆی ئەوەی ڕاگەیاندنی هەلی کار بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە و لە بەرامبەردا داواکاریی هاووڵاتییان بۆ دۆزینەوەی کار بە ئانلاین بەرزبوونەوەیەکی بێوێنە تۆمار بکات.

زیانەکانی شەڕ و پەککەوتنی ئینتێرنێت زۆرێک لە کەرتی تایبەت و خاوەنکارەکانی ناچار کردووە شیرکەتەکانیان دابخەن یان کارمەندەکانیان کەم بکەنەوە.

 خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زیاتر لە میلیۆنێک هەلی کار لەدەست چووە و تا ئێستا نزیکەی ۱۵۰ هەزار کەس بۆ وەرگرتنی بیمەی بێکاری ناویان تۆمار کردووە.

 لە کەرتی دیجیتاڵیشدا دۆخەکە خراپترە؛ شیرکەتەکان بەشێکی زۆری هێزی کاریان دەرکردووە و هەلی کار لە بازاڕی دیجیتاڵیدا تا ٩٠ لەسەد پاشەکشەی کردووە.

ئەم قەیرانە کاریگەرییەکی توندی لەسەر بژێوی خەڵک داناوە، بە جۆرێک کە تەنیا لە یەک ڕۆژدا ۳۱۸ هەزار "سی ڤی" بۆ دۆزینەوەی کار نێردراوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی ئامارەکانی ژووری بازرگانی، پچڕانی ئینتێرنێت ڕۆژانە بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بڕی ۱۲۰ میلیۆن دۆلار زیان لە ئابووریی ئێران دەدات.