ڕەزا دانشجوو
تەنیا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بوو کە هەواڵی دڵتەزێنی مردنی شلێر کە بۆ دوورکەوتنەوە لە دەستدرێژی سێکسی و ڕەنگە نیگای کۆمەڵگەی پیاوسالار و سێکسیست مردنی لە باوەش گرت، شۆکێکی گەورەی لە جەستەی لاوازی کۆمەڵگەی ژنانی نیشتیمانم دا. ئێستا لە ماوەی کەمتر لە چەند ڕۆژێکدا، ڕووداوێکی تاڵی دیکە دیسان جەستەی ئەم کۆمەڵگە ئازارچێشتووەی بریندار کردەوە و قەتماغەی لەو برینە هەڵدایەوە.
"ژینا"ی کوردستان بوو بە قوربانیی سیاسەتی هەڵاواردنی ڕەگەزیی کۆماری ئیسلامی .لەم وڵاتە نەفرەتلێکراوەدا ئازار و دەردی ژنان هیچ کات کۆتایی پێ نایە. ئازارەکان بێوچانن و چارەسەریان نییە. کابوسی نەبڕاوەی کۆماری ئیسلامی، بە هەموو یاسا دژە ئینسانی و دواکەوتووەکانی ،کە وەک خۆرە کەوتۆتە سەر جەستەی ئەم کۆمەڵگە خەمناک و غەمگینە، و هەر ڕۆژ زیاتر تانوپۆیەکانی دەخوات. ماوەیەکی زۆرە چەقۆکە گەیشتووەتە ئێسک و ئەم جەستە لاوازە چیتر توانایی بەرگەی نەماوە. خۆسووتاندن، خۆکوشتن، کوشتن بە بیانووی پاراستنی شەرەف، دەستدرێژیکردنە سەر و ترساندن، وەک ئافتەرشۆکەکانی بوومەلەرزە بێ وەستان، تەنانەت ڕێگە بە لابردنی پاشماوەکانی دوای ڕووخانیش نادەن. تەنانەت کات نییە بۆ گێڕانی تاسە و ماتەمیش.
ژینا بۆ سەردانێکی کوڕت و چاوپێکەوتنی خزم و کەسانی چووبووە تاران، چووبوو کەمێک پیاسە بکات، هەوایەک بگۆڕێت و جوانییەکانی ئەم شارە نەفرەتییە ببینێت. نەیدەزانی ساڵانێکە ئەم شارە و بڕیاری خاوەنەکانی جگە لە مردن هیچی تری بۆ کورد نەهێناوە. نەیدەزانی پایتەخت چەندین ساڵە هێمای زوڵم و چەوساندنەوە و نەبوونییە بۆ کورد. ساڵانێکی دوورە پایتەخت بۆ کورد تەنیا هەوراز و نشێوە و ئەوەی نییە تەختە، شوێنێک بۆ دانیشتن و حەسانەوە. لێرە کوردبوون تاوانە، ئەوەیتر گرنگ نییە.
ژینا چووبوو بۆ بینینی جوانی و کۆکردنەوەی هەندێک یادەوەری. لەگەڵ براکەی چووبوو کەمێک سەیر بکات، کەمێک ببینێت، کەمێک ببیستێت. بەداخەوە جەلادەکانی کۆماری ئیسلامی هەموو خەونەکانیان تێکدا. چاو و گوێی ژینا بەدوای جوانیدا دەگەڕا کە لەپڕ سەربازەکانی ڕەشایی گەیشتن و ڕێگایان گرت، براکەی دەپاڕایەوە و ژینا دەگریا، بەڵام تاریکپەرەستان زۆر لەوە دڵڕەقتر بوون، لە ناکاو هەموو شتێک لە بەرچاوی ڕەش بوو، ئێستا دوژمنانی پێکەنین و زەردەخەنە دەورەیان دابوو. ژینا کچێکی پاک و بێتاوانە کە لە سەرەتای ژیانیدا لەلایەن بەکرێگیراوانی ڕێژێمی ئاخوندیەوە کرایە قوربانی. تاریکپەرەستان گرتیان، لێیان دا و بردیان هەتا فێری بکەن چۆن قژی بشارێتەوە!
ژینا کوردە، لەگەڵ زەردەخەنە و دڵخۆشبوون گەورە بووە، کورد زۆر حەزی لە پێکەنین و دڵخۆشبوونە، بۆ کورد شادی و هەڵپەڕکێ زۆر پڕبایەخە، لای کورد لەبەرکردنی ڕەنگی ڕەش قێزەونە، کورد دەڵێ ڕەنگی ڕەش بەدبەختی دەهێنێت. ژینا کوردە، بە قژی پەرتەوازە و پەڕێشانەوە فێری ڕەوشت بووە، خەڵکی شوێنێکە کە کچەکانی بە قژی پەرتەوازەیی و پەڕێشانەوە ئەفسانەی داعش و بیرکردنەوەکانی ڕەشیان چاڵ کرد. ژینا لە شۆنێکڕا دێت کە ژنەکانی دەمرن، بەڵام ژیانی لەژێر ستەم و زۆری قەبوول ناکەن. ئەمانە بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامین، کە پێویستە لە پۆلی پەروەردەی ژنانی کورد دابنیشن و وانەی شەرەف و ئازادی فێر ببن. ئەمانە بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامین کە پێویستە لە پۆلی پەروەردەیی ژنانی کورد دابنیشن و کەمێک لێیان پیاوەتی فێر ببن. پێویستە فێر ببن هیچ مرۆڤێک بە چەقۆ و گازی فرمێسکڕێژەوە لە کچێکی بێبەرگری نزیک نابێتەوە.
دایکی ژینا وێنەیەکی بڵاو کردۆتەوە، وێنەکە لە میترۆی تاران گیراوە، تەنها کاتژمێرێک پێش ئەوەی جەلادەکانی ڕێژێمی ئاخوندی بیبەن بۆ کوشتارگە، دایکی دەپرسێت حیجابی کچەکەم چ کێشەیەکی هەبوو!؟ کێشە حوکمی مەلا و حکومەتی ئێعدام و سەرکوتکردنە. کێشە حکومەتێکی تۆتالیتارە، کە لە هیچ دەنگێکی و هیچ ڕووخسارێکی جیاواز تێناگات. کێشە ڕێژیمێکی دواکەوتووە کە بۆ ئاغاکانی سەر دادەنێ و توانای هیچ نا گوتنێکی نییە، ناوێرێت کاردانەوەی بەرامبەر حکومەتە زلهێزەکان هەبێت، بەڵام لەشکرێک لە بەکرێگیراوانی ڕەشپۆشی دەنێرێت تا کچێکی بێتاوان بکوژێت.
ژینا دڵخۆشە و پێدەکەنێت، ئەمەش بە واتای تاوانە لە فەرهەنگی تاریکپەرستراوەکاندا، کاتێک سەیری دوا وێنەی ژینا دەکەیت، جیهانێک لە ژیان دەبینیت، جیهانێک لە چاوەڕوانی و خەونەکان، چاوەکانی پڕن لە ئومێد و ئارەزوو، پڕن لە تازەیی و ژیان. ئەگەر بە وردی سەیر بکەیت، لە چاوەکانیدا دەتوانی داهاتوو ببینی، سبەینێیەکی بێ مەلا، بێ بەکرێگیراو و هەراسانکەر، سبەینێیەکی ئازاد و کچێک بە قژی پەرێشانەوە کە فەرمێسکەکانی بوون بە چەند وشە و تا ڕۆژی تۆڵە لەنێو گۆی زماندا هەردەم دووپات دەبنەوە: "ڕۆژێک ئاگری سینەم عەباکەم دەسوتێنێت".
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣١ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.