کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژینا ئێستا نیشتمانە!

15:52 - 31 خەرمانان 2722

ئاسۆ مینبەری

لە دوای کوژرانی ژینا بەدەستی هیزەکانی ڕێژیم لە تاران، شەپۆلێکی بەرین لە ناڕەزایەتیی جەماوەری کوردستانی گرتەوە و دواتر پەلی بۆ زۆر شوێن و ناوچەی دیکە لە ئێران هاویشت.

ئەگەرچی ئەم شەپۆلە لە ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان، وەکوو زێد و نیشتمانی ژینای دڵ پڕ لە خۆزگە زۆر بەرینتر و ڕادیکاڵتر بوو، بەڵام پاڵپشتی و هاتنە سەر شەقامی خەڵک و بەتایبەتیش ژنان لە شارەکانی دیکەی ئێرانیش بابەتێکی گرینگە.

ژینا ئەمینی ئەو کچە کوردەی کە لەلایەن ڕێژیمەوە و بە بیانووی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێی جێگای پەسەندی ئەم ڕێژیمە گیانی لێ ئەستێندرا و بوو بە قوربانیی ئیدئۆلۆژیی دژەژنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە کوژرانی توانیی ڕاپەڕینێکی جەماوەری نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکوو لە ئێرانیش وەڕێ بخات، هەروەها کاربەدەستانی زۆر لە وڵارانی گرینگی دنیا بێنێتە سەر خەت و لە ئاستی ناوچە و جیهاندا بیروڕای گشتی بە خۆیەوە سەرقاڵ بکات. هەر ئەوەی کە ناوی ژینا و شێوەی کوژرانی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بووەتە ڕۆژەڤی میدیا جیهانییەکان و کەسایەتییە بەناوبانگەکان باسی دەکەن و کردەوەکەی کۆماری دژەژنی ئاخوندی ئەبەنە ژێر پرسیارەوە، دەتوانین بڵێین ژینا بە مەرگی خۆی جیهانی بزواند.

ڕەنگە ئەو ڕۆژەی کە ڕووداوەکە ڕووی دا، خودی ڕێژیمیش بیری لێ نەکردبێتەوە کە مەرگی کچێک بتوانێ ئەوەندە بزوێنەر بێت، بەڵام هەر ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەی ژینا لە گۆڕستانی "ئایچی"ی سەقز و بەشداریی بەربڵاوی خەڵک لەم ڕێوڕەسمە، فڕێدانی سەرپۆشەکان لە لایەن ژنانەوە و دواتریش هاتنە سەر شەقامی خەڵک لە شارەکانی دیکەی کوردستان بۆ مەحکوومکردنی قەتڵی حکوومەتیی ژینا، هەموویان تێچوویەکی قورس بۆ ڕێژیم بوون، تاکوو تێ بگات چیدیکە خەڵک -بەتایبەت لە کوردستان- لە بەرانبەر کوشتنی ڕۆڵەکانیان بێدەنگ نابن.  هەروەها ئەگەرچی ژینا کچی بنەماڵەیەکی خەڵکی سەقز بوو بەڵام هەموو خەڵکی کوردستان خاوەندارەتییان لێ کرد و بە هاتنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە کوژرانی، ژینایان کردە سیمبۆلێک، سیمبۆلێک کە بێگومان بۆ هەتاهەتایە لە یادگەی ئێمە و جیهانیاندا دەمێنێتەوە.

کوژرانی ژینا، بە دەستی هێزەکانی ڕێژیم کە بەڕواڵەت ئەرکیان پاراستنی ئاسایش و ئەمنییەتی کۆمەڵگەیە و هەموو ئەو ڕووداوانەی کە لە دەسبەسەرکرانیەوە تاکوو کاتی گیان‌لەدەستدانی ڕوویان دا، سەلمێنەری ئاشکرای پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، هەروەها بێ‌بایەخی مافەکانی ژن لای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامین و خودی کردەوەکەش کە لە لایەن مەئموورانی رێژیمەوە ئەنجام دراوە و مەرگی ژینای لێ کەوتووەتەوە، ڕاستیی کوژران یان قەتڵی حکوومەتیی ژینا پشتڕاست دەکەنەوە، کە بێگومان ئاکاری لەم چەشنە بە بەردەوامی لە ڕێژیمی تۆتالیتری کۆماری ئیسلامی بینراوە و هەتا ئەو ڕێژیمەش بمێنی، ئەو کردەوانەی بەردەوام دەبێت.

ئەوەی کە بەنیسبەت کوژرانی ژینا دەبێ لێی وردبینەوە، بەشداریی بەرچاوی ژنان بوو کە هەر لە ڕێوڕەسمی بە خاک‌سپاردنەکەیەوە تاکوو بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان، لە ڕیزی پێشەوەی جەماوەر بوون و هاواری پەنگخواردووی خۆیان بۆ جارێکی دیکە بە گوێی جیهان گەیاند.

وێنە و گرتە ڤیدیۆییە بڵاوکراوەکان لە ناڕەزایەتییەکانی ئەمجارە، نیشان دەدات کە ژنان چۆن ئەرکی پیشەنگایەتییان لەئەستۆ گرتوە و، بە پێچەوانەی هەموو پڕوپاگەندەکانی ڕێژیم و هەموو هەوڵە ئیدئۆلۆژیکەکانی لەم ساڵانەدا کە ویستی ژن وەکوو بەشێکی پاسیڤی کۆمەڵگە پێناسە بکات و وا بنوێنێ کە ژن تەنیا و تەنیا لە چوارچێوەی ماڵەوە پێناسەی راستەقینەی خۆی وەردەگرێت و لەم پێناوەشدا لە هەموو ئیمکانات و پێداویستییەک کەڵکی وەرگرت، ژنان هەموو جارێک و لە هەموو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا، لە مەیدانی کردەوەدا ڕۆڵی گرینگ دەگێڕن.

ڕەنگە زۆرجار ژنان هەوڵیان دابێت دژ بە حیجابی زۆرەملێ بێنە مەیدان و وەک لە ڕابردووشدا بینیومانە بۆ ئەم مەبەستەش نرخیان دابێ، بەڵام ئەمجارە پرسەکە زۆر جیاواز بوو. ئەمجارە زێدەڕۆیی ڕێژیم بووە هۆی گیانلەدەستدانی مرۆڤێک، کە بێگومان بیستنی ئەم هەواڵە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و لای وڵاتانی دیکەش زۆر سەیروسەمەرە بووە، ئاخۆ چۆن ئەبێ مرۆڤێک بەو شێوە دڕندانەیە بکوژرێت تەنیا لە بەر ئەوەی کە ڕەنگە تاڵە قژێکی بەدەرەوە بووبێت یان ڕەنگ و شێوەی جلوبەرگەکەی بە دڵی دەسەڵاتداران نەبووبێت؟!

نابێ ئەو ڕاستییەمان لەبیر بچێت کە مەرگی تراژیکی ژینای نیشتمان چەند شتی گرینگی بەدواوە بوو. ئەو ڕووداوە بوو بە دەرفەتێک کە یەکگرتوویی خەڵک چ بە مانگرتنەکەی ٢٨ی خەرمانان و چ بە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان، زیاتر لە پێش خۆی بنوێنێ و، ڕێژیمی تێگەیاند کە چیدیکە ئاکاری سەرەڕۆیانە ناتوانێ بەردەوام بێت و ئەوە خەڵکن کە بەگژ داگیرکاری و ستەمی ڕێژیمدا دەچنەوە. نیشانی دا کە هێز لە یەکگرتوویی‌دایە و ئەم یەکگرتووییە دەتوانێ بونیاتی ئەم ڕێژیمە تێک بشکێنێ.

ژینا ئێستا تەنیا کچێکی ٢٢ساڵی سەقزی نییە، ژینا ئێستا خودی نیشتمانە، هەر وەک چۆن کورد بە درێژایی مێژوو پارێزگاریی لە نیشتمانەکەی کردوە و لەپێناویشیدا گیانی بەخت کردوە، ئەمڕۆ ژینا بووەتە ئەو نیشتمانە کە لاوانی کوردستان بۆ پارێزگاری کردن و خاوەندارەتی‌کردن لە بوون و کەرامەتی، هاتنە سەر شەقام و سینگیان کردە قەڵغانی گولـلەی داگیرکەران و چوونە ڕیزی نەمرانەوە.

ژینا بزوێنەر بوو بۆ تاک بە تاکی کۆمەڵگەی کوردستان و بە مەرگی خۆی بووە چاوگی شۆڕشێک کە دامرکانەوەی بۆ نییە و بێگومان لە بەرەبەیانی ئازادیدا ناوی ژینا لەگەڵ یەکەم گزینگی خۆر بە سەر کوردستانەوە دەدرەوشێتەوە.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣١ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.