کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاودەنگیمان مانەوەیە

15:58 - 31 خەرمانان 2722

پژمان شەریعەتی

لە کاتی دامەزرانی دەوڵەتی مۆدێرن لە موازنەی سیاسیی ئێراندا، بە بەردەوامی دەسەڵاتە دیکتاتورییەکانی ناوەندی ئێران، هەوڵیان داوە بە هەموو شێوازێک بە سیاسەتێکی دژە ئینسانی، دابڕان لێکترازان لەنێو کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بێننە ئارا.

لەو پێناوەیشدا دەستیان بۆ هەموو کردەوەیەکی ناڕەوا بردوە، لە سەرکوتی توند و کوشتن و بڕین و ژینوساید ڕا بگرە، هەتا ئاسمیلاسیون و هەموو شێوازەکانی شەڕی نەرم، بۆ ئەو مەبەستەی ماهییەت و پێناسە و هەستی نەتەوایەتی لەنێو کورددا بەتەواوەتی کاڵ بکەن، ئاسەواری نەهێڵن و کۆمەڵگەیەکی سەرگەردان پێک بێنن بە جۆرێک کە کوردستان خاوەن ئیرادەی خۆی نەبێت و توانای جوڵانەوەی لێ ببڕێت.

ئێستا ئەگەر هەر سەد ساڵی ڕابردوو بە نموونە وەربگرین، دەتوانین بڵێین کە بەو سیاسەتانە ئەگەرچی توانیویانە خەسارێکی زۆر بە جووڵانەوەی کورد بگەیەنن، بەڵام لە پیلانەکانیاندا سەرکەوتوو نەبوون و کۆمەڵگەی کوردستان هاودەست تر لە جاران لە جووڵان و بەرەو پێشچوون‌دایە.

بۆ سەلماندنی ئەم بابەتە، دەتوانین ڕووداوی دڵتەزینی کوژرانی ژینا ئەمینی، بە دەست میلیشیاکانی گەشتی ئیرشادی ڕێژیم بۆ نموونە بێنینەوە. کچە لاوێکی کورد لە تاران بە هۆی لێدانی وەحشیانەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە تاوانی! بەدیاربوونی چەند تاڵێک لە قژی گیانیان لێ سەند و لێکەوتەکانی بووە خرۆشانی کوردستان و بزوتنەوەیەکی کوردستانیی وەڕێ خست کە دواتر ئەمە بە ئولگووەرگرتن لە کوردستان گۆڕدرا بە بزوتنەوەیەکی سەراسەری لە ئاستی ئێراندا.

خاڵە سەرەکییەکان لێرە ئەوەیە کە یەکەم: کرماشان و ئیلام و ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵات، کە بەردەوام لەژێر هێرش و پەلامار توند و نەرم‌دان و پروپاگاندا دەکرێت کە لە بزاڤی کوردی دوور کەوتوون، بەو پەڕی هەستی نیشتمانی بە پاڵپشتی لە ژینا و ڕەوتی کوردی ڕژانە سەر شەقام و لە جیاتی دروشمی "جاوید شاه" درۆشمی" ژن، ژیان، ئازادی" دەڵێنەوە و ڕاستەوخۆ بە دروشمی "مرگ بر دیکتاتور" دەسەڵاتی ڕێژیم دەکەنە ئامانج.

ئەم پاڵپشتی و هاودەنگیی لە سەراسەری ڕۆژهەڵات ئەو پەیامە گرینگەی تێدا بوو کە لە بەختیاری و ئیلام هەتا ماکوو و سەلماس، هەستی هاوبەش بوونی هەیە و پیلانەکانی ڕێژیم سەرنەکەوتوون. هەر وەک ئەوەی کە لە کاتی بومەلەرزەی کرماشان و لێقەومان لەو بەشە لە کوردستان، لە ماکۆوە بگرە تا لوڕستان بە هانای هاونیشتمانیانیان ڕۆیشتن، هەروەها لە کاتی لافاوی لوڕستان هەر بەو چەشنە کورد پاڵپشت بوون و هەستی نیشتمانیی خۆیان نیشان دا.

لە ڕووداوی دڵتەزینی گیان‌لەدەستدانی ژینا، کە بزوتنەوەیەکی گشتگیری لێ کەوتۆتەوە، کوردستان بووەتە پێشەنگ، بەو مانایە کە کوردستان شێوازەکانی بەرگری و خەبات دیکتە دەکات بە نەتەوەکانی دیکەی ئێران و دەبێتە دەروازەی ڕزگاری.

کاتی کە لە ئازەربایجان درۆشم دەدرێت بۆ پاڵپشتیی کوردستان، عەرەب و فارس و بەلووچ، دەنگ هەڵدەبڕن کە کوردستان بەتەنیا جێ ناهێڵین، خاڵێکی وەرچەرخانە کە کورد سالیانێکی دوور و دریژە هاواری بۆ دەکات و نەتەوەکانی دیکە پەیامی کوردیان وەرنەدەگرت، بەڵام ئیستا دەبینین کە باوەڕ بە کوردستان دێنن و وەدوای دەکەون، چونکە ڕێی ڕزگاری خۆیان لە ئەندیشەی کوردی دەبینن.

ئەندیشەی کوردی بەو واتایە کە، دژ بە هەموو هەڵاواردنێکە، لە هەڵاواردنی نەتەوەیی، ڕەگەزی، ئابووری و سیاسی و ... و دێموکراسی سەردێری مەکتەبی کوردستانییە، کە واتە لەم بزووتنەوەیەدا چاوەکان لە ناوەندەوە لەسەر کوردستان کۆ دەبێتەوە.

هەتا بەر لە ئەم ڕووداوە، بە بەردەوامی باس دەکرا کە کێشەکانی ئێران لە ناوەند چارەسەر دەکرێت و بزوتنەوەیەک کە لە تاران سەرهەلبدات توانای ڕووخانی هەیە و تارانە کە یەکلایی کەرەوەیە. بەڵام کوردستان بە هاودەنگی و عەقڵییەتێکی مرۆڤ‌تەوەرانە بە پێی پێوەرە مودێرنەکانی مافی مرۆڤ و ژیانی ئازاد و پاراستنی کەرامەتی ئینسانی، سەلماندی کە ڕێی حەق و ئەو شێوازانەی کە لە خەبات و سیاسەت گرتوویەتە بەر، تەنیا بۆ ڕزگاریی کورد نییە بەڵکوو، هەموو نەتەوەکانی دەتوانن بەو وێژمانە و پەیڕەوی لە کوردستان بە ئازادی بگەن.

لە لایەکی دیکەشەو ئەم بزوتنەوەیە، شێوازی سەرهەڵدانی بە چەشنێک بوو کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ناتوانێت بە لاڕێیدا ببات و ئەنگی ئەوەی لێ بدات کە، دەستی دەرەکیی تێدایە و ئامریکا و ئیسرائیلن کە ئەم ڕەوتەیان ڕێک خستوە، ئەم پرسە ئیستا بووەتە پرسی نێونەتەوەیی و کۆمەڵگەی جیهانی هەڵوێستێکی بێ وێنەیان بووە بە نیسبەت ئەم ڕووداوە، و تەنانەت ڕێگەی پاساو هێنان و شاردنەوەی بۆ ڕێژیم نەیهێشتووە و تەنیا ئەوە بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ماوەتەوە کە هەموو کۆمەلگای جیهانی بە دوژمن بزانێت.

ڕووداوی ژینا و ئەم سەرهەڵدانە نوێە، گۆڕانێکی بنەڕەتی لە خەباتی مەدەنی و سیاسی لە ئێران پێک هێنا و پرسەکان لە مەعیشەتی و مەزهەبی و ورد، بەرەو سیاسەتێکی کەلان و گشتگیر و هەمەلایەنە چوو، تا ڕادەیەک کە ئەگەر ڕێژیم بتوانێت ئەم بزوتنەوە سەرکوت بکات، تازە بووەتە جەریان و شەپۆلەکانی هەموو ئێرانی داگرتوە و لە داهاتوویەکی نیزیکدا سونامیی گەلانی ئێران، قەڵای داگیرکاری دەڕۆخێنێت.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣١ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.