کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی خەبەری

17:40 - 31 خەرمانان 2722

ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران و کوردستان دژ بە نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەردەوامبوونیان لە بەدەستەوەگرتنی شەقامەکان، داوا لە کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان دەکات بەرانبەر بە سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامی بێدەنگ نەبن.

***

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، بەرانبەر بە ٢٢ی سێپتامبری ٢٠٢٢ی زایینی، ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی خۆیدا ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خەڵکی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێرانی دژ بە سیاسەتی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی ئێران خستە بەر باس.

بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات لە سەرەتای کۆبوونەوەی خۆیدا کە بە ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدان، بەتایبەت شەهیدانی ئەم دواییانەی ناڕەزایەتییەکانی ئێران و کوردستان دەستی پێ کرد، وێڕای مەحکوومکردنی هەڵوێست و سیاسەتە دژی‌گەلی و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، پشتیوانیی خۆی لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو دەربڕی. هەر لەم پێوەندییەدا هەڵوێست و مەیدانداریی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی لە کوردستان و شوێن و ناوچەکانی دیکەی ئێرانی بەرز نرخاند.

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە درێژەی هەڵسەنگاندنەکانیدا وێڕای دیاریکردنی ئەرک و بەرپرسایەتی بۆ ئۆرگان و دامەزراوە پێوەندیدارەکانی حیزب بە مەبەستی پشتیوانی و گرینگی‌پێدان بە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی کوردستان، هەڵوێست و ڕوونکردنەوەکانی خۆی ڕوو بە خەڵکی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێران لەم چەند خاڵەدا دەخاتە ڕوو:

١- ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و بە دوای شەهیدکردنی ژینا ئەمینی لە کوردستان و شوێنەکانی دیکەی ئێران ڕوویان‌ دا، لەگەڵ ئەوەیکە لە شێوەی خۆیدا کەم وێنەیە، دەرخەری ئەو ڕاستییەشە کە نەتەنیا کۆماری ئیسلامی ئێران وێڕای بەکارهێنانی زۆرێک لە شێوازەکانی سەرکوت و فشار، نەیتوانیوە دەنگی ئازادیخوازانەی گەلانی ئێران کپ بکات، بەڵکوو بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلانی ئێران دژ بەم نیزامە شکڵ و شێوازێکی جەماوەری و یەکگرتووانەی بەخۆوە گرتووە. لەم پێوەندییەدا خەڵکی کوردستان کە هەر زۆر زوو دەرکی بە ماهییەتی کۆنەپەرەستانە و دژی‌گەلیانەی کۆماری ئیسلامی ئێران کردبوو، ئێستا یەکگرتووانە و جەماوەریتر لە هەمیشە ڕۆڵی پێشەنگایەتیی ئەم بزووتنەوەی بۆ سەرجەم گەلانی ئێران دەگێڕێ کە جێی ڕێز و شانازییە. بەشداریی ژنان و ڕۆڵیان لەم بزووتنەوە جەماوەرییەدا هاوکات لە گەڵ بێ‌وێنەبوونی، شیاوی لێوردبوونەوە و بەرزنرخاندنە.

٢- هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە ڕێنمایی و ڕێنوێنی ژوورە ڕەشەکانی سەرووتر لە خۆیان، وێڕای پەلاماردانی خۆپێشاندەران لە کوردستان و تەقەی ڕاستەوخۆ کە تا ئێستا ئاکامەکەی بۆتە شەهیدکرانی نزیک بە ٢٠ کەس و بریندارکردن و دەستبەسەرکردنی دەیان و سەدان کەس لە خۆپیشاندەران، هەموو هەوڵێکیان ئەوەیە کە ئەم ناڕەزایەتییە جەماوەری و هێمنانەیەی خەڵک بەرەو توندوتیژی پاڵ پێوەنێن بۆ ئەوەی زیاتر و دەستئاوەڵاتر بتوانن پەلاماری خەڵک بدەن. بۆیە لەم پێوەندییەدا پێویستە خەڵک و بەتایبەت لاوانی ئازا و خاوەن هەڵویست وێڕای درێژەدان بە ناڕەزایەتییەکانیان زیاتر لە هەمیشە وریای پیلانەکانی ڕێژیم بن و خۆیان لە توندوتیژی ببوێرن.

٣- پیلانێکی دیکەی ژوورە پیلانگێڕییەکانی ڕێژیم نانەوەی ئاژاوە و ناکۆکیی لەنێوان گەلانی وەزاڵەهاتووی ئەم وڵاتەیە. لەم پێوەندییەدا و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەوڵ دراوە لەو شار و ناوچانەی کە دوو گەلی کورد و تورک پێکەوە دەژین، ناکۆکی و دووبەرەکی ساز بکرێت کە بەخۆشییەوە بە هەوڵ و هیممەتی خەڵکانی ئاگادار لە پیلانەکانی ڕێژیم و کۆمەڵێک کەسایەتی لە هەر دوو نەتەوەی کورد و تورک، پووچەڵ کراونەتەوە. لەم بارەوە لەگەڵ ئەوەیکە بەداخەوە لە ڕابردوودا ئەزموونی ناخۆش و پڕتێچوو هەن، بەڵام هەر وەک خەڵکی هۆشیاری تەورێز لە درووشمەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوویان‌دا باسیان لە هاوپێوەندی و هاوپشتیوانیی نێوان دوو نەتەوەی کورد و تورک کرد، پێویستە بە پێداگری لە سەر هاوخەباتی و یەکگرتووییمان دژ بە دوژمنێکی هاوبەش کە کۆماری ئیسلامییە، پیلانەکان پووچەڵ بکرێنەوە.

٤- لە ڕەوتی بەربەرەکانێ و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان دژ بە سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، یەکێک لەو دیاردە و نیشانە قیزەونانەی کە بەرچاو دەکەون، هەڵوێستی کۆمەڵێک خەڵکی چەکداری بەکرێگیراوی خۆماڵییە کە لە لای خەڵکی کوردستان ناسراو و بێزراون. ئەم کەسانە کە بەداخەوە بە هەر هۆکارێک پشتیان لە خەڵکی کوردستان کردووە و لەم ڕۆژانە‌دا چەکی دوژمنیان ڕوو بە هاوزمان و هاووڵاتیانی خۆیان گرتووە، پێویستە بەخۆیاندا بێنەوە و چیدیکە نەبنە داردەستی دوژمنانی نەتەوەکەیان. لەم بارەوە بۆ جارێکی دیکە داوایان لێ دەکرێ کە ڕوو بە باوەشی ئاوەڵای گەل، پشت لە کردار و ڕەفتاری ڕابردوویان بکەن کە ئەگەر ئەوە نەکەن هیچ گومان لەوەدا نییە درەنگ یان زوو، وەک لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاهیدی بووین، دەکەونە بەر ڕق و تووڕەیی خەڵک.

٥- یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بزووتنەوەکانی ئەم دواییانە جەماوەری‌بوونیەتی. بەو مانایە کە هەم بەربەرینە و هەم لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی تێدا بەشدارە، بۆیە ئەرکی بەڕێوەبەری و هەوڵدان بۆ درێژەدان بە ناڕەزاییەتییەکان بە سەر هەمووان‌دا دابەش دەبێت. لەم بارەوە ڕێکخراوە مەدەنییەکان، مامۆستایانی ئایینی، نووسەران و فەرهەنگییان، خوێندکاران و مامۆستایانی قوتابخانەکان، کەسایەتییە سیاسییەکان، ژنان، لاوان و... خۆیان لە بەشداریکردن و مودیرییەتی ئەم جووڵانەوەدا بە بەرپرسیار بزانن.

٦- وەک زۆر جاری دیکە لە وەها بۆنەگەلێکدا باسی لە سەر کراوە زیاتری هەست پێ کراوە، نەبوونی هاوئاهەنگی و یەکگرتوویی نێوان هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، کەمایەسییەکی بەرچاوی ئەم قۆناغە لە خەباتی گەلانی ئێرانە. لەم پێوەندییەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێداگری لە سەر زەروورەتی پێکهێنانی یەکگرتوویی نێوان هێزە دێموکرات و پێشکەوتنخوازەکانی ئێران دەکات.

ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆتایی کۆبوونەوەی خۆیدا وێڕای بەرزنرخاندنی ڕۆڵی شەهیدانی ئەم چەند ڕۆژەی ناڕەزایەتییەکانی ئێران و کوردستان و ئاواتی ساڕێژبوونەوەی زامی برینداران، داوا لە ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ و کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان دەکات کە بەرانبەر بە سەرکوتکارییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بێ‌دەنگ نەبن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ئیداری

٣١ی خەرمانانی ١٤٠١