ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکات لەگەڵ شەڕ و گرژییەکانی ئەم دواییە، شەپۆلێکی نوێی سەرکوتیان دژ بە زانکۆکان دەست پێکردووە و لەم چوارچێوەیەدا زیاتر لە ١٩ خوێندکاریان دەسبەسەر کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نێوخۆییەکانی خوێندکاران، سەرەڕای تێپەڕبوونی ماوەیەک بەسەر ئەم ڕەشبگیرییە ئەمنییەتییەدا، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و چارەنووسی ٩ کەس لەو خوێندکارە دەسبەسەرکراوانە لە بەردەستدا نییە و دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیم ئامادە نین چاوپێکەوتن یان زانیاری بە بنەماڵەکانیان بدەن.
ئەم هەڵسوکەوتە نایاساییانەی کۆماری ئیسلامی و ڕاگرتنی خوێندکاران بە بێسەروشوێنی، ڕەنگدانەوەی ترسی قووڵی ڕێژیمە لە سەرهەڵدانەوەی سەرلەنوێی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییە خوێندکارییەکان لە نێوخۆی وڵاتدا.