کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی کۆچی دوایی پەرویز قلیچ‌خانی

15:57 - 4 جۆزەردان 2726

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی پەرویز قلیچ‌خانی، کاپیتانی پێشووی تیمی میللی تۆپی پێی ئێران و تێکۆشەری ئازادیخواز، بەیاننامەیەکی هاوخەمیی بڵاو کردەوە.

ناوەندی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا، وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ناوبراو، بزووتنەوەی چەپی ئێران و سەرجەم ئازادیخوازان، ڕایگەیاندووە کە پەرویز قلیچ‌خانی سیمایەکی دیار و هەمیشە زیندوو لە مێژوودا بوو؛ قارەمانێک کە مێژووی تۆپی پێی ئاسیای نووسییەوە و خەباتکارێک کە بە شەرەفەوە لە دژی هەردوو ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی وەستایەوە و ئامانجی ئازادیی بە دەسەڵات و ناوبانگ نەفرۆشت.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە قلیچ‌خانی لە سەردەمی پەهلەویدا بەهۆی پێوەندی لەگەڵ ڕەوتە ئازادیخوازەکان لەلایەن ساواکەوە دەسبەسەر و ئەشکەنجە کرا، بەڵام ئیرادەی نەشکا. دوای شۆڕشی ١٣٥٧یش، کاتێک ملهوڕی ئایینی جێگەی ستەمی پاشایەتی گرتەوە، ڕێگەی تاراوگەی هەڵبژارد و لە پاریس گۆڤاری "ئارەش"ی وەک تریبۆنێک بۆ دەنگی بەندکراوانی سیاسی، قوربانییانی لەسێدارەدان و ستەملێکراوانی سانسۆر لە ئێران دامەزراند.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە کە پەرویز قلیچ‌خانی لە وێستگەکانی خەباتیدا، هاوڕێیەکی دڵسۆز و نزیکی حیزبی دێموکرات بووە؛ چونکە بە باشی دەیزانی کە ستەم لەسەر گەلی کورد بەشێکە لەو ستەمە گشتگیرەی بەسەر تەواوی ئێراندا سەپاوە و ئازادیی کوردستانی لە ئازادیی ئێران جیا نەدەکردەوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، حیزبی دێموکرات وێڕای ڕێزلێنان لە یاد و ناوی ئەم تێکۆشەرە، جەختی کردووەتەوە کە ڕێگای خۆڕاگری لە دژی دیکتاتۆری و وەستانەوە لە پێناو ئازادی و دێموکراسیدا، تا بەدیهاتنی تەواوی ئامانجەکانی ئەو و سەرجەم نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران بەردەوام دەبێت.