کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵگریی ئەمریکا: موجتەبا خامنەیی لە شوێنێکی نادیار خۆی حەشار داوە

11:30 - 4 جۆزەردان 2726

بەرپرسانی ئاگاداری ئەمریکا ڕایانگەیاند کە زانیارییە هەواڵگرییەکانی واشنگتۆن نیشان دەدەن "موجتەبا خامنەیی"، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە تەواوی لە شوێنێکی نادیار خۆی حەشار داوە، پەیوەندیی لەگەڵ جیهانی دەرەوە پچڕاوە و تەنیا لە ڕێگەی تۆڕێک لە نێردراوانی تایبەتەوە پەیام دەگەیەنێت.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "سی‌بی‌ئێس"، برینداربوونی موجتەبا خامنەیی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا و ترسی ناوبراو لە دووبارەبوونەوەی چارەنووسی باوکی، بووەتە هۆی ئەوەی توندترین ڕێکاری ئەمنییەتی بگرێتە بەر.
ئەم دۆخە ئاڵۆزە، پەیوەندیی نێوخۆیی بەرپرسانی ئێرانی بۆ تاوتوێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتی ترامپ تووشی سستییەکی بێ‌وێنە کردووە.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی دزەکردنی زانیاریی هەواڵگریی واشنگتۆن و تێلاڤیڤ بۆ نێو قووڵایی دەسەڵاتی تاران و کوژرانی زۆربەی بەرپرسە پلەبەرزەکان لە کاتی شەڕدا، ئێستا بەرپرسانی ماوەی ڕێژیم لە حەشارگە و پەناگاکاندا دەژین و لە ترسی چاوەدێری، تەنانەت متمانەی قسەکردنیان لەگەڵ یەکتردا نەماوە.
ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی کە گەیشتنی پێشنیارەکانی ئەمریکا بە ڕێبەری ڕێژیم و وەرگرتنەوەی وڵامەکان، کاتێکی زۆر بخایەنێت و پڕۆسەی دانوستانەکان پەک بخات، هەرچەندە زانیارییەکان نیشان دەدەن کە ناوبراو لە ژێر گوشاردا پێشتر لەگەڵ چوارچێوەی گشتیی ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە هاوڕا بووە.