دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، داکۆکی لە پڕۆسەی دانوستانەکانی ئێستای واشینگتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و ڕایگەیاند کە ئەمریکا یان دەگاتە ڕێککەوتنێکی گەورە و واتادار یان بەهیچ شێوەیەک ڕێککەوتن لەگەڵ تاراندا ناکات.
ترامپ ڕۆژی دووشەممە ٤ی جۆزەردان، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ"، بەبێ ئاماژەدان بە وردەکارییەکان، هێرشی توندی کردە سەر ڕەخنەگرانی نێوخۆیی و نۆینەرانی دێموکرات و کۆماریخواز و بە "دۆڕاو" و "نەزان لە ئاستی دانوستانەکاندا" وەسفی کردن.
ناوبراو جەختی کردەوە کە ڕێککەوتنێکی گەورە و واتادار لەگەڵ ڕێژیمی ئێراند، تەواو پێچەوانەی "کارەساتی بەرجام"ی سەردەمی باراک ئۆباما دەبێت کە ڕێگەی بۆ دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ناوەکی خۆش کردبوو.
هاوکات لەگەڵ ئەم پەیامە، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ترامپ لەسەر پرسی ناوەکیی ئێران لە هەمووان جیددیترە و واشنگتۆن یان دەگاتە ڕێککەوتنێکی باش، یان بە "شێوازێکی دیکە" ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی دەبێتەوە.
ڕۆبیۆ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەولەوییەتی یەکەمی ئەوان چارەسەری دیپلۆماتیک و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گونجاوە.