کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵێک لە هونەرمەندە کورد و ئێرانییەکان هەڵوێستی تایبەتییان لە خۆیان نیشان دا

12:13 - 1 رەزبەر 2722

سەبارەت بە گیانلەدەستدانی "ژینا" و خۆپیشاندانەکانی خەڵک سەبارەت بەو جینایەتەی ڕێژیمی ئێران، کۆمەڵێک لە هونەرمەندە کورد و ئێرانییەکان بە نیشانەی ناڕەزایەتی و هاوخەمی لەگەڵ خەڵکی داخداری کوردستان و ئێران کۆنسێرتەکانی خۆیان هەڵوەشاندووەتەوە یا کۆنسێرتەکانیان پێشکەش بە گیانی ژینا کردووە.

هونەرمەندی ناسراوی کورد "حوسێن سەفامەنش" لە پۆستێکی ئینستاگرامیدا ڕایگەیاندووە: کە بە دڵێکی پڕ لە دەرد و داخ سەبارەت بەو خەمەی کە ئەو ڕۆژانە بەسەر خەڵکی خۆشەویستی کورددا هاتووە، ڕایدەگەێنم کە لەو ڕێکەوتە بەملاوە هاوکاریی خۆم لەگەڵ وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ڕێژیم بۆ بەڕێوەبردنی کۆنسێرت دەپچڕێنم و لەوە بە دوا دەنگی خۆم دەخەمە خزمەتی خەڵکی کورد لە هەر کوێیەکی ئەم جیهانە و هەر هاونیشتمانییەکم بە هەر زمان و فەرهەنگ و دابونەریتێک.

لە لایەکی دیکەوە هونەرمەندی خۆشناو "نەوید زەردی" سەبارەت بەو کۆنسێرتەی کە ئەو ڕۆژانە بڕیار بوو بەڕێوەی ببا، لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆیدا ویدیۆیەکی بڵاوی کردووەتەوە و وتوویەتی، هەر وەک دەزانن چەکی من دەنگی منە و کۆنسێرتەکانی من جێگای گەیاندنی پەیامەکانی منە. کۆنسێرتی ئەم جارەم کۆنسێرتی "ژینا"یە و بە حورمەتی خەڵکی ڕاپەڕیو کۆنسێرتەکەم کردووە بە دەنگی شۆڕش و یادی ژینای جوانەمەرگ و تەواوی شەهیدان.

هەروەها وتوویەتی کە لەم کۆنسێرتەدا هیچ ئاهەنگێکی شاد ناوترێ و داهاتی کۆنسێرتەکە هەر چەندێک بێت پێشکەشی بنەماڵەی ژینا و شۆڕشی خەڵک دەکرێت.

هونەرمەند "نەوید زەردی" هەروەها داوای لە خەڵک کردووە کە لە کۆنسێرتەکەدا هەمووان بە وێنەی "ژینا" شەهیدان، برینداران و دەسگیرکراوانی خۆپیشاندانەکان بەشدار ببن.

هەروەها باسی لەوەش کردووە کە مەبەست لەو کۆنسێرتە گەیاندنی دەنگی خۆی و هەزاران بەشداربووی ئەو کۆنسێرتەیە و مەبەست ئەوەیە لەو ڕێگایەوە دەنگی نەهامەتییەکانی میللەتی کورد بە گوێی خەڵک خەڵکی جیهان بگات.

هونەرمەند "نەوید زەردی" هەروەها ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران دەیهەویست دەنگی ئێمە کپ بکا بەڵام ئێمە لەو دوور وڵاتەوە و لە ڕێگای سۆشیال میدیاوە دەنگی خۆمان بە تەواوی جیهان دەگەیەنین. 

"نەوید زەردی" هەروەها پەیامێکی بۆ جاشەکانی کوردستان بڵاو کردووەتەوە کە چیدیکە نانی سەرشۆڕی نەخۆن و داواشی لە تەواوی هونەرمەندان بەتایبەت هونەرمەندانی نێوخۆ کردووە کە هەڵوێستی تایبەت لە خۆیان بنوێنن و بێدەنگ نەبن.

هەروەها هونەرمەند و ژەنیاری ناسراوی فارس "کەیوان ساکێت" کە بڕیار بوو لەو سەروبەندەدا کۆنسێرت بەڕێوە ببا، لە پۆستێکی ئینستاگرامیدا بڵاوی کردووەتەوە کە بە حورمەتی خەڵکی نیشتمانەکەم کۆنسێرتەکانی خۆم کە بڕیار وابوو لە حەوتووی داهاتووەوە دەست پێ بکەن، هەڵوەشاندووەتەوە.