بەرەی یەکگرتووی کورد بەبۆنەی دەسبەسەرکردنی "سیاوەش حەیاتی" ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
- نەتەوەی خۆڕاگری کورد
- هاونیشتمانیانی مافویست و ئازادیخواز
- کۆمەڵگای مەدەنیی بەهەڵوێست
- ئازادیخوازانی ئێران
- ئەندامان و لایەنگرانی بەرەی یەکگرتووی کورد
هاتنە ئارای ڕەوتێکی نوێ لە ژیان و تێکۆشان و چەسپاندنی فۆرمێکی جیاواز لە هەبوون و پێناسە و هێژمۆنیککردنی گوتارێکی خۆڕاگرانە و دادپەروەرانە و سەروەریخوازانە لە کات و شوێنی ئێستای کوردستان و ئێراندا پێویستی بە خوێندنەوەیێکی قووڵ و فرەڕەهەندی سەردەمیانە و هەنگاوەکانی هێژمۆنی دەسەڵاتی زاڵە، کە ئێمەش وەک ڕێکخراوەیەکی سیاسی هەوڵمان دا ئەرکی خۆمان بە شێوازێکی مەدەنییانە بە پاڵپشتیی خەڵکی خۆمان بە باشترین شێواز وەک بەشێک لە بزووتنەوەی کورد بەجێ بێنین.
هاوڕێیانی خۆشەویست بەداخەوە وەک ئاگادارن لەم چەن ڕۆژەدا سەدان ڕۆڵەی گەنج، کەسایەتی و کەسانی خۆشناوی گەلە وەزاڵەهاتووەکەمان بەبیانووی ئیدانەکردنی کوشتنی شەهید "ژینا ئەمینی" لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون، لە درێژەی ئەم کارەساتانەدا کە دەسەڵات ڕۆژانە دەیخۆلقێنێ، ڕۆژی هەینی ١ ڕەزبەری ١٤٠١ هەتاوی بەڕێز "سیاوەش حەیاتی" دەبیری بەرەی یەکگرتووی کورد بە شێوەیێکی نایاسایی و ناڕەوا لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەسبەسەر کران.
ئەمه له کاتێکدایە کە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی نابراو ناڕوونە و بەرپرسانی ئەمنی خۆیان لەوە بواردووە لەسەر دۆخ و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ناوبراو بەرچاوڕوونی بدەنە خەڵک و ئێمە و بنەماڵەی بەڕێزیان، بۆیە ئێمه وەک بەرەی یەکگرتووی کورد بە ئەرکی خۆمان ئەزانین ئیدانەی دەسبەسەرکردن و ڕاگرتنی نایاسایی بکەین و داواکارین ئێوە هاونیشتمانیانی ئازیزیش هاوڕێ و هاوکارمان بن.
بەرەی یەکگرتووی کورد وێڕای شەرمەزارکردنەوەی بەدیلگرتنی ناڕەوای ئاغای حەیاتی بەڵێن دەدات هەتاکوو چەسپاندنی مافە نەتەوەییە مۆدێڕنەکانی نەتەوەی کورد لە تێکۆشان نەوەستێت.
بەرەی یەکگرتووی کورد
١ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی