برایم چووکەڵی
خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌تایبه‌تی له ماوه‌ی پتر لە حەوت ده‌یه خه‌باتی حیزبی دێموکرات بۆ وه‌دیهێنانی ئامانجه‌کانی که ڕزگاریی خه‌ڵکی کوردستان له‌ژێر سته‌م بووه، شه‌هیدی زۆر داوه و زۆر ڕۆڵه‌ی به بیروباوه‌ری کردۆته قۆچی قوربانی؛ له سه‌رقافڵه‌ی شه‌هیدان قازی محه‌ممه‌د ڕا بگره تا ڕێبه‌رانی وه‌ک شه‌هید دوکتور قاسملوو و شه‌ره‌فکه‌ندی و تا شه‌هیدانی ئەم ساڵانەی دوایی. بێ‌شک له‌و ڕێگایەدا قوربانیی زۆر دراوه و تا گەیشتن بە لوتکەی سەربەستی، ئەو خەباتە دیسان فیداکاری و خۆبه‌ختکردن و گیانبازی پتری ده‌وێ و، دیسان لاوانی خوێنگه‌رم و شۆڕشگێڕی وڵاته‌که‌مان له سه‌نگه‌ری شه‌هیدان، سه‌نگه‌ری دیفاع له مه‌وجوودییه‌ت و شه‌ڕه‌فی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا تا سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر دوژمنانی‌دا و تا وه‌دیهێنانی ئامانجه‌کانیان درێژه به خه‌باتی ڕه‌وایان ده‌ده‌ن. یه‌کێک له‌و ڕۆڵه تێکۆشه‌ر و ماندوویینهناسانه شه‌هید "ئهبووبوکر یوسفی" له هێزی شاهۆیە کە "لە هەگبەی شاخ و شۆڕش"ی ئەم ژمارەیەدا یادی ده‌که‌ینه‌وه.
ئه‌بووبه‌کر یوسفی له سه‌رده‌مێکدا که تیشکی ئازادی پڕشنگی هاویشتبووه کوردستان و له کاتێكدا کۆماری کوردستان قیبله‌گای ئازادیخوازی کورد، پسانی زنجیری دیلی و یه‌خسیریی له ده‌ستوپێی گه‌له هه‌ژار و بهشخوراوهکهمانی به گوێی گه‌لانی بنده‌ست ڕاده‌گه‌یاند، له یه‌کێک له بنه‌ماڵه هه‌ژاره‌کانی کوردستان له شاری نودشه‌ی ناوچه‌ی هه‌ورامان له بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش و بێبه‌ش له هه‌موو خۆشییه‌کانی ژیان له‌دایک بوو.
ئه‌بووبه‌کر له دۆخی نه‌بوونیدا گه‌وره بوو، هه‌ربۆیه‌ش نه‌کرا ده‌رگای قوتابخانەی بە ڕوودا بکرێتەوە و دنیایه‌کی ڕووناکتر ببینێ. ژیانی ئەو هه‌ر له‌سه‌رده‌می منداڵییه‌وه له‌گه‌ڵ نه‌داری و بێبه‌شی و به‌شخوراوی تێکه‌ڵاو بوو. تەمەنی ١٢ ساڵ بوو و به‌م ته‌مه‌نه که‌مه‌وه له‌شی کز و باریکی دایه به‌ر کار و، بوو به گۆچانی ده‌ستی پیرەبابی.
ئه‌بووبه‌کر به‌ره به‌ره گه‌وره بوو، و به‌ناچاری بوو بۆ وه‌ده‌ستهێنانی داهاتێکی زیاتر که بتوانێ یارمه‌تی به هه‌ڵسووڕانی هه‌رچی باشتری ژیانی بنه‌ماڵه‌که‌ی بکا په‌ڕیوه‌ی شاره‌کانی دیکه‌ی ئێران بوو. ئەو بە کاری کرێکاری بوو به کۆڵهکەی هه‌ره قایمی بنه‌ماڵه زه‌حمه‌تکێشه‌که‌ی و ژیانه پڕ له چه‌رمه‌سه‌رییه‌ی ئه‌بووبه‌کر تا ده‌ستپێکردنی خۆپێشاندانه‌کانی دژی ڕێژیمی پاشایه‌تی و هاتنه سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی به‌مجۆره تێپه‌ڕی. ئەو کە له کووره‌ی چاره‌ڕه‌شی و ڕه‌نج و نه‌هامه‌تی و بێبه‌شیدا قاڵ ببوو، له ڕاستیدا ده‌یزانی نه‌داری به‌ری چ دارێکه و ده‌یزانی زوڵم و سته‌م و زۆرداری مانای چیه؟! به هه‌موو ده‌مار و پێست و خوێنی له‌شیه‌وه چه‌وسانه‌وه‌ی هه‌ست پێ ده‌کرد، بۆیه له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی تێکۆشانی ئاشکرای حیزب، بۆ ئه‌بووبکر ده‌رفه‌ت بوو که له پێناو ئازادی و به‌خته‌وه‌ریدا خه‌بات بکا و هه‌وری ڕه‌شی نه‌گبه‌تی سێبه‌ری شومی له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌که‌ی لابدا و تا بتوانێ به ئازادی بڵێ کوردم و خاوه‌نی که‌سایه‌تیی خۆمم. بۆیه له مانگی بانه‌مه‌ڕی ساڵی ١٣٥٨ی هه‌تاویدا چه‌کی پێشمه‌رگایه‌تیی له‌شان کرد و له هێزی شاهۆدا ده‌ستی به تێکۆشان و چالاکی کرد.
پاش ئه‌وه‌ی خومه‌ینیی خوێنمژ له ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ له‌دژی نه‌ته‌وه‌ی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان جیهادی ڕاگه‌یاند، ئه‌بووبەکر یوسفی یه‌کێک له‌و کوره بەتوانایانه بوو که شێلگیرانه و شۆڕشگێڕانه بۆ دیفاع له گه‌له‌که‌ی بۆ بهرپەرچدانهوهی پیلانه ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌کانی دوژمنانی کوردستان چووه نێو سه‌نگه‌ری شه‌ڕه‌فه‌وه. ئه‌و به هه‌موو هێز و تواناوه به‌رانبه‌ر به لەشکەری په‌لامارده‌ری کۆماری ئیسلامی ڕاوه‌ستا.
ئه‌بووبه‌کر یوسفی له شه‌ڕه‌کاندا نیشانی دا به بیروباوه‌ڕه شێلگیرانه و لێبڕاوانه بەرگری لە له گه‌له‌که‌ی و ئامانجه ڕه‌واکانی ده‌کا و پێشمه‌رگه‌یه‌کی کارامه و لێوه‌شاوه‌یه؛ بۆیه به فه‌رمانده‌ری ده‌سته‌یه‌ک له پێشمه‌رگه‌کانی لکی ٢٥ی گەلاوێژی پێشووی هێزی شاهۆ دیاری کرا. ئەو لە ماوەیەکی کورت‌دا سەلماندبووی کە ئازا و بەدەستوبردە، ئه‌وینداری حیزبه‌که‌یه‌تی و شانازی به‌وه ده‌کا که پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دێموکراتە. شه‌ڕه حه‌ماسییه‌کانی ده‌وروبه‌ری پاوه، دووئاو و سهرکۆیه شاهیدی بۆ له‌خۆبوردوویی و ئازایه‌تی و نه‌ترسی یئهم شێره کوڕه‌ی دێموکرات ده‌ده‌ن. قاره‌مانه‌تیی ئه‌بووبه‌کری به‌ئیمان و بیروباوه‌ڕ ئیستاش وێردی زمانی خه‌ڵکی ناوچه‌ی پاوه، نه‌وسوود، نودشه، ژاوه‌رۆ و کامیارانە. لێوه‌شاوه‌یی و توانا و تایبەتمەندییە بەرزەکانی ئەبووبەکر بوونە هۆی ئەوەی به فه‌رمانده‌ری لکی ٢٥ی گەلاوێژ هێزی شاهۆ دیاری بکرێ. ئه‌بووبه‌کر به‌کرده‌وه نیشانی دا شیاوی پله‌ی لەوە به‌رزتریشه، نیشانی دا چه‌نده خه‌ڵک و گه‌له‌که‌ی خۆش ده‌وێ و چه‌نده ئه‌وینداری ئازادییه و له میدانی خه‌بات و به‌ربه‌ره‌کانیی شۆڕشگێڕانەدا چه‌نده بارهاتوو و لێهاتوویە.
شەهید ئه‌بووبه‌کر مانگی بانه‌مه‌ڕی ساڵی ١٣٦٢ی هه‌تاوی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌کانی ژێر فه‌رمانده‌ریی خۆی، بۆ ڕاپەڕاندنی مه‌ئموورییه‌تێک بەڕێی ناوچه‌ی سه‌لاسی باوه‌جانی کران. ئەبووبەکری فەرماندە له‌و ناوچه‌یه گه‌ڵاله‌ی عه‌مه‌لیاتی هێرش بۆ سه‌ر مۆڵگه‌ی دوژمن له بانهداری داڕشت و شه‌وی ٥ی بانه‌مه‌ڕ ڕۆڵه قاره‌مانه‌کانی ئه‌و لکه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی عهمهلیاتەکە ده‌ستبه‌کار بوون. له هێرشێکی کوتوپڕ و شۆڕشگێڕانه بۆ سه‌ر پایه‌گای ڕێژیم پاش شه‌ڕێکی سه‌نگه‌ر به سه‌نگه‌ر و ده‌سته‌ویه‌خه‌دا توانییان ده‌ست به‌سه‌ر پایهگاکەدا بگرن و ژماره‌یه‌کیش لە هێزەکانی دوژمن به دیل بگرن. بەڵام مخابن له‌و شه‌ڕه‌دا ئه‌بووبه‌کری فه‌رمانده کە زۆر ئازایانه له سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌دا فه‌رمانده‌یی هاوڕێیانی ده‌کرد، له‌پڕ گولله‌ی جینایه‌تکارێک سینگی پێکا و به‌توندی برینداری کرد و پاشان به‌هۆی قورسی برینه‌که‌ی شەهید بوو.
ڕوحی شاد و سەنگەری خەباتی ئاوەدان.