کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوان عەتۆف: نابێ لەسەر شاشەی تیڤییەکانمان دراما ئامانجدارەکانی ڕێژیمە فاشیستەکانی فارس، تورک و عەرەب بڵاو ببنەوە

20:48 - 1 رەزبەر 2722

ئا: کاروان مێراوی

ڕۆژی هەینی، ١٨ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی، بەبۆنەی ڕۆژی سینەمای کوردی و هاوکات لەگەڵ ٣٨ـەمین ساڵڕۆژی کۆچی دواییی "یەڵماز گونای"، نووسەر و سینەماکاری کورد، کۆمپانیای "هاواری فیلم" لە شاری سلێمانیی باشووری کوردستان، بە بەشداریی کۆمەڵێک لە سینەماکاران و کەسایەتییەکانی کوردستان، پێشانگەیەکی تایبەت بە کۆبەرهەمەکانی "یەڵماز گونایـ"ـی کردەوە.

لە دەسپێکی کاری پێشانگەکەدا "شوان عەتۆف"، دەرهێنەر و ئەکتەری سینەمای کوردی، چەند وتەیەکی لەسەر ڕۆژی سینەمای کوردی و جێگەوپێگەی "یەڵماز گونای" لەو سینەمایەدا پێشکەش کرد.  ئەو گوتی: "ئەمن حەز ناکەم یەڵماز گونای تەنیا بە باوکی سینەمای کوردیی ئەژمار بکەم، حەز دەکەم بە جوانترین سینەماکاری خۆرهەڵاتی نێوەڕاستی ئەژمار بکەم. ئێمە دەزانین کە زۆر کەسایەتیی سینەمای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەگەڵیدا کاریان کردووە".

ناوبراو لەسەر دیاریکردنی ڕۆژی سینەمای کوردی، گوتی: "خۆشحاڵم بەوەی کە کۆمپانیای هاواری فیلم سێ ساڵە ڕۆژی ٩ی سێپتامبر کە ڕۆژێکی سیمبۆلیکە و ڕۆژی مردنی مرۆڤێکی مەزن و سینەماکارێکی گەورەیە، وەکوو ڕۆژی سینەمای کوردی دیاری کردوە. یەڵماز گونای ئەو کەسایەتییە بوو کە گوشاریان بۆ دەهێنا تاکوو حاشا لە کوردبوونی خۆی بکات و پێیان دەگوت بێژە تورکم، بەڵام ئەو شێلگیرانە پێداگریی لەسەر کوردبوونی خۆی دەکرد و دەیگوت من کوردم".

شوان عەتۆف لە کۆتاییی قسەکانیدا ئاماژەی بە هێژمۆنی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی سینەمای داگیرکەران لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: " ، نابێت لەمە زیاتر نەتەوەی کورد هونەرمەندەکانی خۆی لەبیر بکات و هونەرمەندانی بیانی بخاتە سەر شاشەی تیڤییەکانی، پێم وایە هیچ نەتەوەیەک ئەم کارە ناکات".

لە بەشێکی تری بڕگەی یەکەمدا بەڕێز "هاوار مستەفا خان"، بەرپرسی کۆمپانیای "هاواری فیلم" وتارێکی لەسەر ڕۆژی سینەمای کوردی پێشکەش کرد و سپاسی ئەو کەسانەی کرد کە پاڵپشیی کولتوور، هونەر و ڕۆژی سینەمای کوردی دەکەن. ئەو لە نێوئاخنی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو جۆرە پاڵپشتیکردنە دەبێتە هۆکاری دڵگەرمیی هونەرمەندانی کورد بۆ کاری زیاتر و ئەمەش تەنانەت لە ناوچەکەدا ڕەنگدانەوەی ئەرێنیی بۆ کورد دەبێت، ڕایگەیاند: "من باوەڕم بە تواناسازیی هونەرمەندانی کورد هەیە، ئەگەر لەم بوارەدا ئەستێرەی کورد بژمێرین، یەکجارن زۆرن، بەڵام بەداخەوە پاڵپشتی ناکرێن".

ناوبراو لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "کوردستان" لەسەر ئامانجی کردنەوەی ئەم پێشانگەیە لەو ڕۆژە دیاریکراوەدا وتی: "ئێمە سێ ساڵە ساڵانە لە ڕۆژی ٩ی سێپتامبردا یادی ڕۆژی سینەمای کوردی دەکەینەوە. ئەو ڕۆژەی کە یەڵماز گونای بەجێمانی هێشت، ئێمە بە ڕۆژی هەستانەوەی لەقەڵەم دەدەین. ئەم ڕۆژە لە مێژووی سینەمای ئێمەدا ڕۆژی باشترین فەیلەسووف، ئەکتەری سینەما، دەرهێنەر و نووسەر، یەڵماز گوناییە، نەک هەر لە کوردستان، بگرە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا. یەڵماز پێنج ڕۆمانی نووسیوە، ئێمە ڕۆمانەکانیمان وەرگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی و هەر ساڵێک یەکیان بڵاو ئەکەینەوە، ئەمساڵیش ڕۆمانێکیمان بڵاو کردەوە. نزیک بە ٦٠ سیناریۆی نووسیوە، لە ماوەی دوو ساڵدا ٧ سیناریۆیمان بڵاو کردۆتەوە. بە پێویستی دەزانین کە گەوهەرەکەی یەڵماز گونای بە زمانی کوردی بڵاو ببێتەوە. یەڵماز گونای ٣٨ ساڵە بەجێمانی هێشتووە، بەڵام کتێبەکانی بە زمانی کوردی نین، ئێمە یەکەم دامەزراوەین کە بڕیارمان داوە کار لەسەر بەرهەمەکانی بکەین. ئەمانەوێت هاوار بکەین، ئەو مێژووە دوووبارە بکەینەوە. دوو بەشی تایبەت بە سینەما لە زانکۆکانی سەلاحەدین و سلێمانیدا هەیە کە پێویستیان بە سەرچاوەیە، سەرچاوە بە زمانی کوردی زۆر بەدەگمەن هەیە. لەڕاستیدا چەند ئامانجی سەرەکیمان هەیە، وەکوو بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی سینەمایی، بەرهەمهێنانی فیلم، پڕۆژەیەکی گەشتیاریی سینەمایی بە ناوی یەڵماز گونای".

هەندێک جار باس لەوە دەکرێت کە کورد سینەمای نییە. لەم پێوەندییەدا پرسیارمان لە بەڕێزیان کردوە کە ئایا بەڕاستی کورد سینەمای نییە؟ لەم قۆناغەی ئێستەدا سینەما چەندە بۆ کورد گرنگە؟ لە وەڵامدا گوتی: "بەدڵنیایییەوە سینەمامان هەیە، چونکە لە هەموو کوردستان ئەبێت حیسابی بۆ بکەین. سینەمای ئێمە وەکوو سیاسەت بە زەحمەت لە جووڵەدا بووە، بەڵام هەر کاتێک فیلمێکی کوردی بڵاو ئەبێتەوە، بە ڕادەیەکی باش لە جیهاندا بڵاو ئەکرێتەوە. یەڵماز گونای لە حەفتاکانەوە خەریکە کورد بە هەموو جیهان ئەناسێنێت. لەو کاتەدا کە زمانی کوردی قەدەغەیە، لە فیلمەکانیدا بە کوردی قسە دەکرا، گۆرانی بە کوردیی بڵاو دەکردەوە، چونکە دەیهەویست پەیامەکە بگەیەنێت".

لە بڕگەیەکی تری بەرنامەکەدا، پێشانگەکە لەلایەن سینەماکار "شوان عەتۆف" کرایەوە و سەرجەم بەرهەمە نووسراوەکانی "یەڵماز گونای" کەوتە بە سەرەنجی بەشداربووان و بە گەرمی پێشوازیی لێ کرا.

کۆمپانیای "هاواری فیلم"، ساڵی ٢٧٢٠ی کوردی، لە ٣٦ـەمین ساڵڕۆژی کۆچی دواییی "یەڵماز گونای"، ڕۆژی ١٨ی خەرمانان (٩ی سێپتامبر)ی وەکوو ڕۆژی سینەمای کوردی ڕاگەیاند و لەلایەن سینەماکارانی کوردەوە پێشوازیی لێ کرا و ماوەی سێ ساڵە؛ ساڵانە لەو ڕۆژەدا هاوکات لەگەڵ یادکردنەوەی ساڵڕۆژی کۆچی دواییی "یەڵماز گونای"، بە چالاکیی جۆراوجۆر ڕۆژی سینەمای کوردییش بەرز ڕادەگیردرێت.

یەڵماز حەمید ئۆغلوو، ناسراو بە یەڵماز گونای، ساڵی ٢٦٣٧ی کوردی، لە "ئەدەنە"ی باکووری کوردستان لەدایک بووە. لە ساڵی ٢٦٥٨ی کوردی چالاکییەکانی خۆی لە سینەمادا بە نووسینی سیناریۆ و بەرهەمهێنانی فیلم دەست پێ کردوە و خزمەتێکی باشی بە کۆمەڵگەی کوردستان کردوە. ١٧ خەلاتی نێودەوڵەتیی بەدەست هێناوە کە بەناوبانگترینیان خەلاتی "چڵە خورمای ئاڵتونیـ"ـی فستیڤاڵی سینەمای "کان" لە ساڵی ٢٦٨٢ی کوردی بووە. لە ساڵی ٢٦٨٤ی هەتاوی لە پاریس کۆچی دوایی کردوە و لە گۆڕستانی پێرلاشێزی پاریس بە خاک سپێردرا.