بەهۆی خراپیی ژێرخانی ڕێگەوبانەکان، نەبوونی پێوەرە ستانداردەکانی سەلامەتی و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە پارێزگای سنە، ٢٤٦ هاووڵاتی لە ڕووداوەکانی هاتوچۆدا گیانیان لەدەست داوە و ٤ هەزار و ٥٠٣ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی دانپێدانانی بێهزاد غەزەنفەریپوور، بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی دادوەریی پارێزگای سنە، لە کۆی ئەوانەی لە ڕووداوەکانی هاتوچۆدا گیانیان لەدەست داوە، ٢٠٢ کەس لە ڕێگەوبانەکانی دەرەوەی شار، ٢٨ کەس لە نێو شارەکان و ١٦ کەسیش لە ڕێگەوبانەکانی گوندەکاندا بوونەتە قوربانی.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە لە کۆی ٤ هەزار و ٥٠٣ برینداری ئەم ڕووداوانە، ٣ هەزار و ٢٣٨ کەسیان پیاو و هەزار و ٢٦٥ کەسیان ژن بوون کە ڕەوانەی بنکەکانی پزیشکیی یاسایی کراون.
سەرەڕای ڕووداوەکانی هاتوچۆ، لە هەمان ماوەدا ٢٨ هاووڵاتی (٢١ پیاو و ٧ ژن) بەهۆی خنکان لە ئاودا، ٤ کەس بەهۆی کارەباگرتن، ٢ کەس بەهۆی خنکان بە گاز و ١١ کەسی دیکەش (٧ پیاو و ٤ ژن) بەهۆی سووتانەوە گیانیان لەدەست داوە.
ڕێگەوبانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت لە پارێزگای سنە، ساڵانێکە بەهۆی نەبوونی شاڕێ و ڕێگەی ستاندارد بە "جاددەکانی مەرگ» دەناسرێن.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای داڕمانی ژێرخانی هاتوچۆ و بەرزبوونی ئاماری قوربانییان، تەرخانکردنی بودجە بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگەوبانەکانی کوردستانی پشتگوێ خستووە.