لە درێژەی گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، وەزارەتی دەرەوەی کانادا ڕایگەیاند کە سزادانی ۱۱ دامەزراوە و شیرکەتی گەورەی ئابووری و ئەتۆمیی سەر بە کۆماری ئیسلامیی گەڕاندووەتەوە.
بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی کانادا، ئەم ۱۱ دامەزراوەیە پێشتر لە ساڵی ۲۰۱۶دا "بەهۆی پێشچوونی ئێران لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (بەرجام)" لە لیستی گەمارۆکان دەرهێنرابوون، بەڵام ئێستا دووبارە خراونەتەوە لیستی سزاکان.
ئەو دامەزراوە و شیرکەتانەی کە سەرلەنوێ خراونەتەوە لیستی گەمارۆکانەوە، بریتین لە شیرکەتەکانی بەرهەمهێنان و دابینکردنی سووتەمەنیی ئەتۆمی و سووتەمەنیی ڕیئاکتۆرە ئەتۆمییەکان، شیرکەتی کالا نەوت، شیرکەتی بازرگانیی نەفتیران، شیرکەتی میللیی نەوتی ئێران و شیرکەتی میللیی نەوتکێشی ئێران.
هەروەها بانکەکانی میللەت، میللیی ، سەنعەت و مەعدەن، تۆسەعە و سادرات و شیرکەتی سەهامی بیمەی ئێران لە چوارچێوەی ئەم گەمارۆ نوێیانەدا دیسانەوە کەوتوونەتە ژێر سزاوە.
شارەزایان جەخت دەکەنەوە کە مەبەست لە سەپاندنەوەی ئەم سزایانە لەلایەن کاناداوە، وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە؛ ئەو سەرچاوانەی کە تاران بۆ دابینکردنی بودجەی دەزگا سەرکوتکەرەکان و پەرەپێدانی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بەکاریان دەهێنێت.