کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان: لە مانگی خەزەڵوەردا زیاتر لە ٤٠ بەندکراو لە سێدارە دراون

14:42 - 19 خەزەڵوەر 2726

کەمپەینی «سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان» لە حەفتەی ١٤٦ی خۆیدا لە ٦٦ زیندانی جیاوازی ئێراندا لە ناڕەزایەتیی بە سزای دژەمرۆیی سێدارە مانیان لە خواردن گرت. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا شەپۆلێکی توندی نوێی لەسێدارەدان و سەرکوت لە زیندانەکاندا تۆمار کراوە و ژمارەی لەسێدارەدراوان لە خەزەڵوەردا گەیشتووەتە زیاتر لە ٤٠ کەس.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کەمپەینەکە، تەنیا لە حەوت ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ١٥ کەس لەوانەش ٦ زیندانی سیاسیی وەک (ئەمیرحوسیێن مەلەکی، ئەمیرحوسێن ئیبراهیمی، محەممەدعارف شەبەخش، حسن دیوبەند، حەمید کازمی و ڕەزا زەنگەنه) لە زیندانەکانی ئێسفەهان و کەرەج لە سێدارە دراون.

هەروەها، هیدایەت لوڕی‌زاده، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراو، لەژێر ئەشکەنجەدا لە بازگە ئەمنییەکانی ڕێژیم لە ئەهواز کوژراوە و تەرمەکەی لە بیاباندا فڕێ دراوە.

لەو بەیاننامەدا هاتووە کە سەرباری ئەم کۆمەڵکوژییە، سزای لەسێدارەدان بۆ ژمارەیەکی تر لە زیندانییانی سیاسی و ناڕەزایەتییەکان لەوانەش (ئەمیرحوسێن مووسەوی، ئەمیرڕەزا ڕەزایی، وەحید قارەمانی، مەهدی جەلالی و چەندین کەسی دیکە) دەرچووە، یان لە بێدەنگیدا حوکمەکەیان پێ ڕاگەیەندراوە؛ وەک مێهدی زەنگەنە، لاوی ٢٠ ساڵە کە لە بەندیخانەی شەیبانی ئەهوازدا دەسبەسەرە.

ئەندامانی کەمپەینی «سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان» وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بەم شەپۆلە نامرۆییەی کوشتن و لەسێدارەدانانە، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لە ٦٦ زیندانی ئێراندا مانیان لە خواردن گرت.