ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە زۆربەی شار و ناوچەکانی ئێراندا، هەڕەشەی لە قوتابییانی قۆناغی ناوەندی کردووە کە ئەگەر لە ئۆردووە پەروەردەییەکانی سپای پاسداراندا بەشداریی نەکەن، ٨ نمرەی کرداریی وانەی «ئامادەییی دیفاعی»یان لێ کەم دەکرێتەوە.
ئەم هەڕەشەنامەیە کە لە ١٧ی خەزەڵوەر لەلایەن بەڕێوەبەرانی پەروەردە و بارهێنانی دەیان شار و ناوچەوە بە قوتابییان دراوە، لەکاتێکدایە کە ئێران چەندین قەیرانی سەربازی تێپەڕاندووە و خێزانەکان چەندین جار نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە سەلامەتیی منداڵەکانیان لە بەرنامە سەربازی و حکوومەتییەکاندا دەربڕیوە.
هەرچەندە هەڕەشەنامەکە داوای ڕەزامەندیی دایک و باوکی قوتابییانی کردووە، بەڵام مەرجی دابەزاندنی نمرە لە کاتی بەشدارینەکردندا، لە کرداردا، ئازادیی هەڵبژاردنی بنەماڵەکانی سنووردار کردووە.
ئەم هەنگاوە لە درێژەی پرۆسەی بە سەربازیکردنی ژینگەی قوتابخانەکان و سەپاندنی بەرنامە ئیدۆلۆژییەکانە کە لە سەرەتای ساڵی خوێندنی نوێوە پەرەی سەندووە. لەوانەش جێبەجێکردنی پڕۆژەی سەرانسەریی «نەو مەیدان»، کە تێیدا فێرکردنی چەک، فریاگوزاریی سەرەتایی و چالاکیی تەبلیغی بۆ قوتابییانی تێدا گونجێندراوە.
پێشتریش ڕاپۆرتگەلێک لەسەر هەڕەشەی کەمکردنەوەی نمرە لە قوتابییان بەهۆی بەشدارینەکردن لە ڕێپێوانی ١٣ی خەزەڵوەر و رێوڕەسمە حکوومەتییەکانی دیکە لە شارەکانی جۆراوجۆری ئێران بڵاو کرابوونەوە.
ئەم دۆخە نیگەرانیی قووڵی بنەماڵەکانی لێکەوتووەتەوە؛ بە جۆرێک کە سەرەڕای تێپەڕبوونی دۆخی شەڕ لە ئێراندا، بە دۆخێکی ناسەقامگیر و مەترسیی دووبارەبوونەوەی پێکدادانی سەربازی، بەرپرسانی پەروەردەیی بەردەوامن لە بەکارهێنانی هەڕەشەی کەمکردنەوەی نمرەی قوتابییان وەک ئامرازێک بۆ ناچارکردنیان بۆ بەشداربوون لە ڕێوڕەسم و ئۆردووە سەربازییەکاندا.
وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێرانیش پێشتر قوتابخانەکانی وەک «گۆڕەپانی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ دوژمن» پێناسە کردبوو.