ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕاپۆرتێکی ۱۰ پەڕەییدا بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند کە هەتا کاتی ڕاگرتنی هەڕەشە سەربازییەکانی ئەمریکا، پشکنینی تەواوی دامەزراوە ئەتۆمییەکان قەبووڵ ناکات.
بەپێی ڕاپۆرتی بلۆمبێرگ، نوێنەری ڕێژیمی ئێران بانگەشەی ئەوەی کردووە کە هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و هەڕەشە بەردەوامەکان دژی ئەم ناوەندانە، ئەنجامدانی پشکنینە ئاساییەکانی کردووە بە کارێکی مەحاڵ.
تاران هەروەها پەرەپێدانی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی بە ڕەخساندنی دۆخی پشکنینی سەلامەت و پێشکەوتنی دانوستانەکان لەگەڵ واشنگتۆندا بەستووەتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئاژانس جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕێککەوتنی پادمانی ئێران هێشتا لە جێی خۆیدا ماوە و تاران ناتوانێت جێبەجێکردنی بە شێوەیەکی تاکلایەنە ڕابگرێت.
شایانی باسە زیاتر لە ساڵێکە ئاژانس دەستی بە دامەزراوە زیانلێکەوتووەکان ڕانەگەشتووە و ناتوانێت دۆخی پاشەکەوتی ئۆرانیۆم بە شێوەی دروست مەزەندە بکات.
پێش هێرشەکانی خەرمانانی ۱۴۰۴، پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران تا ئاستی ٦۰ لەسەد، بە ۴۴۰.۹ کیلۆگرەم مەزەندە کرابوو. مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش ڕایگەیاندووە کە هەردوولا لە پێشکەوتنی دیپلۆماتیک نزیک نین.