زانیار حوسێنی
بۆ تیشک خستنە سەر ئەو بابەتە دەبێ بزانین کە پێویستی کۆمەڵگە بە قانوون، هەروەها پێویستیی قانوون بە بەستێنێکی گونجاو و خوازراو لەنێو کۆمەڵگە بۆ جێگیربوونی و پێکهاتنی دیسیپلین و پرەنسیبی پێویست و ئوسوولی و ڕەوا بۆ سەروەریی قانوون، هەروەها درووستبوون یان درووستکردنی چوارچێوە و پێناسە و داڕشتنیان، ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە. هیچ وڵات و کۆمەڵگەیەک بەبێ سەروەریی قانوون و بەبێ ڕێزگرتنی تاکەکانی کۆمەڵگە لە قانوونە داڕێژراو و ئیجراییەکان، سەرکەوتن و پێشکەوتنیان وەدەست نەهێناوە. کاتێکیش باس لە قانوون دەکرێ، دەبێ ئەو بابەتە بهێنینە بەرچاومان کە مەبەست لە قانوون چیە؟ یان مەبەستی ئێمە لەو باسەدا چ جۆرە یاسا و ڕێسایەکە؟
قانوون بەهۆکاری جیاواز دادەڕێژرێ؛ بۆ نموونە لە دەسەڵاتێکدا بە مەبەستی ڕێکخستنی کۆمەڵگە و چوارچێوەی وڵات لە بواری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری و بابەتگەلی نێوخۆیی و دەرەکی بۆ بەرەوپێشچوونی پرسەکان و هەروەها پێشکەوتنی کۆمەڵگە و وڵات لە بوار و ڕەهەندی جیاواز و جۆراوجۆر و پێویست و زەرووردا، بە شێوەیەک کە چەرخی وڵات لە میکانیزمی داینامیکی بەڕێوەبەریدا بە باشترین شێوە بچێتە پێش. هەروەها بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕێزگرتن لە مافەکان -کە خۆی بەسەر چەند لقی جیاواز و لەپێوەندی لەگەڵ یەکتردا دابەش دەبن- و پاراستنی سەروەری و کەرامەتی وڵات و هاووڵاتیان و هتد دەنووسرێ و پەسند دەکرێ و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام نموونەش هەیە کە لە دەسەڵاتێکی ئەوتۆدا دەبیندرێ کە قانوون دەبێ بە هۆکار بۆ سەپاندنی بیروباوەڕی ئیدئۆلۆژییە تازە بەدەسەڵاتگەیشتووەکان بۆ ڕێکخستن و چوارچێوەدان بە کۆمەڵگە و وڵات بەپێی مێتۆدی خۆیان و لەسەر ڕێچکەی هزریان کە دیارە بەبێ سەرنجدانە ڕاستییەکانی نێو کۆمەڵگە و ویست و داخوازییە سەرەکی و ڕەواکانی خەڵک و هەروەها بەبێ لەبەرچاوگرتنی بنەما و بناغەی ڕۆحی یاسای بنەڕەتی و ستانداردە نێودەوڵەتی و یاسایی و ئینسانی و ئوسوولی مافی مرۆڤ؛ دایدەڕێژن و پەسندی دەکەن و دەیبەنە قۆناغی جێبەجێ کردن. هەرچەند کە لەو حاڵەتەدا دەسەڵات لە حاڵەتی ڕواڵەتی و ڕووتیندا پرۆسەی عورفیی تێپەڕکردنی یاسادا، زۆربەی هەرە زۆری پۆلێن و قۆناغەکانی ئەو پرۆسەیە لەبەرچاو دەگرن بەڵام بە شێوەی ناڕاستەوخۆ ئەو پرۆسەیە تەنیا بە مەبەستی ڕەواییدان بە داڕشتن و سەپاندنی یاسای بنەڕەتی و کۆمەڵە یاسای دوای ئەوە بەشێوەیەک کە لەسەر بنەمای ویست و ڕوانینی خۆیان بێ؛ بەبێ ئەوەی جیاوازییە نەتەوەیی، ڕەگەزی، ئایینی، کولتووری و کۆمەڵایەتی و هەروەها بنەماکانی پێشکەوتن و سەردەمیانە ڕەچاو بکەن و بەرژەوەندییە گشتییەکانی کۆمەڵگە و وڵات لەبەرچاو بگرن. کە وایە کاتێک دەڵێین قانوون چییە یان چ جۆرە قانوونێک مەبەستی ئێمەیە، لەڕاستیدا باس لەو گەڵاڵە و ئەسڵ و ئوسوولە قانوونییە داڕێژراوانە دەکەین کە لە پێوەری بنیات و بناغەی یاسادا و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵە ئەخلاقی و مرۆڤانەیە کە پێویستی و زەروورەتی بوونیان لەنێو ناخی کۆمەڵگە و دامودەزگای حکوومییەکان حاشا هەڵنەگرە. ئەو یاسایە لەلایەن شوێنە ڕیگەپێدراوەکانی پێناسەکراو و دیار و لەژێر نەزەری کەسانی هەڵبژێردراوی کۆمەڵگە کە سەڵاحییەتی ئەوەیان پێ دراوە و لە نێوەرۆک و بوون و نەبوونی ڕاستییەکانی کۆمەڵگە تێدەگەن و ئامانجیان داڕشتنی باشترین یاساکانە بەپێی ئەو مەرجانەی کە باسمان کردن تا لە چوارچێوەی ڕێوشوێنێکی ڕەوا و ڕێگەپێدراو و بەشێوەیەکی فەرمی و بۆ پاراستنی کەرامەت و سەروەریی وڵات و کۆمەڵگە و هەروەها ڕێکخستنی پێوەندییە جۆراوجۆرەکانی نێو ئەو بازنەیە و دابینکردنی خواستە گشتییەکان و دابەزاندنی دادپەروەری و یەکسانی لە هەموو ڕەهەند و بوارەکاندا، قەوارە و چۆنییەتیی یاساکان دادەڕێژن.
بەو پێوەرانە و ئاوڕدانەوەیەک لە بیر و هزری حیزبی دێموکرات بە نیسبەت بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لە ڕوانگەی قانوونییەوە؛ پێویستە لە دوو قۆناغی جیاواز و سەردەمی جیاوازدا کە حیزبی دێموکرات ئەرکی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی لەسەرشان بووە هەڵسەنگاندنی بۆ بکردرێ.
لە قۆناغی یەکەم لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا، کاتێک حیزبی دێموکرات لە بۆشایی سیاسی و یاسایی لە بازنەیەکی دیاریکراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەڵک وەردەگرێ و بە دەرفەتی دەزانێ و لەسەر ویست و خواستی کۆمەڵانی خەڵک بۆ وەدیهێنانی ئاوات و ئامانجە نەتەوەییەکان کۆماری کوردستان ڕادەگەیەنێ و دایدەمەزرێنێ، یەکێک لەو ئەرکانەی کە دەکەوێتە سەرشانی کۆماری کوردستان دامەزراندنی دامودەزگای دەسەڵاتە. بەو جۆرە هەر سێ پێکهاتەی دەوڵەتێکی دێموکراتیکی کۆماری دادەمەزرێنی کە سێ بەشی یاسادانەری، ئیجرایی و دەزگای داد لەخۆ دەگرێ. حیزبی دێموکرات هەر لەسەر ئەو بنەمایەش و لەسەر حوکم و ویستی خەڵک ئەرکی گواستنەوەی دەسەڵات لە دەسەڵاتی خۆسەپێنی پەهلەوی بۆ دەسەڵاتی نوێی کۆماری کوردستان لەو ناوچەیە وەئەستۆ دەگرێ و لەو سێ بەشەدا بەپێی مەشروعییەت و سەڵاحییەتێک کە لەلایەن خەڵکەوە وەری گرتوە دەست بە دامەزراندنی دامودەزگاکان دەکا. هەربۆیە بە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب و پێشەوا و کەسانی ناسراو و جێی متمانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان چۆنیەتیی گواستنەوەی ئەو دەسەڵاتە و داڕشتنی چۆنیەتیی دامەزراندنی ئەو دامودەزگا حکوومییانە جێبەجی دەکردرێ کە لە عورف و زمانی سیاسی- یاسایی پێی دەگووترێ "ئەنجوومەنی دامەزرێنەران" و لەلایەن ڕاگەیەنە گشتییەکانی حیزب کە لەو کاتدا ڕۆژنامەی "کوردستان" بووە، خەڵک لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە و هەروەها ل ەدواتردا لە یاسا پەسندکراوەکان و ئاییننامە دەوڵەتییەکان و بڕیار و بابەت و پرسە گرینگەکان بە وردی ئاگادار دەکرانەوە.
لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا و لەو کات و دەرفەتە کەمەی ژیانی سیاسی دەوڵەتداری کورد لە ناوچەیەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرنجدا بۆ ئەو دامودەزگایانە، بەتایبەت پارلەمانی کوردستان کە ئەوکات کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات بووە، چۆنیەتیی ڕوانگەی حیزب و کۆماری کوردستانمان بۆ بەڕێوەبەردنی کۆمەڵگە لە ڕێرەوی قانوونەوە بۆ دەردەکەوێ. بۆ ئەوەش پێویستە بەڵگە یاساییەکانی ئەو سەردەمە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکردرێ، بەچاولێکردن لە یاسا پەسندکراوەکانی پارلەمانی کۆماری کوردستان کە کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە. لەدوای ئەو و لە قۆناغی دووهەمدا، واتە لە ساڵەکانی ٦١-٦٠ ی هەتاوی و بە ئەزموونی سەردەمی کۆماری کوردستان دەبینین کە چۆن حیزبی دێموکرات سەرلەنوێ لە ناوچە ئازادکراوەکاندا، جیا لە خەبات و تێکۆشان، ئەرکی بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە بەدەستەوە دەگرێ. لە یاسای سزادانی گشتیی ساڵەکانی ٦١-٦٠ ی هەتاویی پەسندکراوی حیزبی دێموکراتدا دەبینین کە کۆی گشتیی قانوونە پەسندکراوەکان ئوسوولی بنەڕەتی و بنیاتی ستانداردی یاساییان لەخۆ گرتوە کە دەکرێ بەپێی پێوەری هێندێک ئوسوولی گشتی و نێودەوڵەتی و جەوهەری لەو یاسایانە بە نموونە بهێنینەوە.
کاتێک خەڵک حکوومەت بە ئی خۆیان دەزانن و حکوومەتیش لە یاساداڕشتن و لەبەرچاوگرتنی ویست و خواستی خەڵک و پلاندانان و دابەزاندنی عەداڵەت کارامەیی خۆی نیشان دەدا، ئەو دوو هۆکارە کە لە پێوەندی ڕاستەوخۆدان پێکەوە، دەبنە هۆی سەروەریی یاسا و پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونی تەندرووستی وڵات و کۆمەڵگە و دەوڵەت. هەربۆیە کاتێک چاو لە بڕیارەکان و یاسای سەردەمی کۆماری کوردستان دەکەین، دەبینین کە کۆماری کوردستان وەک دەوڵەتێکی مەسئوول نەتەنیا ڕێوشوێنی درووستی بەپێی هەلومەرجی کۆمەڵگە داڕشتوە، بەڵکوو بە دیتنی پوتانسییەلەکان و بەخەڵکیکردنی حکوومەت، ئەوپەڕی متمانەیی لەلای کۆمەڵانی خەڵکەوە هەبوو و ڕێژەی ڕوودانی تاوانەکان لە ماوەی دەسەڵاتداری کۆمار و هەروەها گوێڕایەڵی خەڵک کوردستان بەپێی بڕیارە دەرچووەکانی کۆمار لە ڕۆژنامەی کوردستان دەرخەری ئەو ڕاستییەن.
پێشینیان دەڵێن هەر قفڵەی بە کلیلی خۆی دەکرێتەوە و یاسا و کۆمەڵگەش دوو چەمکی لەو بابەتەن؛ بۆیە پێکەوەگوونجان و چۆنیەتیی پێکەوەگوونجاندنی یاسا لەنێو کۆمەڵگەدا یەکێک لە هەرە هونەرەکانی ڕێبەرانی کۆماری کوردستان لە بەڕێوەبەری وڵاتدا بووە. نموونەی ئەو یاسانە، یاسای ئابووری و بازەرگانییە بۆ ڕێکخستنی بازاڕ و پاراستنی مافی خەڵک و بازرگانەکانی نێۆخۆ؛ یاسای خوێندن بە زمانی زکماگی کە دوو ساڵ دواتر لە ئوسوول و مادەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دانی پێدانرا، پەسندکردنی یاسای سەردەمیانە بۆ سڕینەوەی داب و نەریتی نابەجێ لەپێناو پاراستنی مافی چینێکی تایبەت یان پاراستنی مافی بەرابەری و یەکسانیی ڕەگەزیی ژن و پیاو. یاسای خوێندن بۆ نەخوێندەواران و هەروەها یاسای ئەمنی و کۆمەڵایەتی بۆ پاراستنی نەزم و ئاسایشی گشتی کە خۆی بوو بەو دەرەنجامە کە لە سەردەمی کۆماری کوردستان سەرەڕای هەبوونی ئەو هەموو چەک و چۆڵە لەلای خەڵکەوە، ئاسایش و ئارامی لەوپەڕی خۆیدا بووە. بەیاساکردنی پیرۆزییەکانی گەلی کورد لەسەردەمی دەسەڵاتدا؛ نموونەی ئەوە ئێستاکە لە زۆربەی وڵاتاندا هەیە و بێڕێزی کردن بە بەها و بایەخە نیشتمانییەکان بەهۆی هەژاندنی هەستی گشتی کۆمەڵگە بەتاوان ناسراوە و سزای بۆ دیاری کراوە؛ بەیاساکردنی حزووری ژنان لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگە و هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی یەکسانی بۆ ئەوان وەک پیاوان؛ کۆی ئەوانە لە کاتێکدایە کە لە دەسەڵاتی پاوانخوازانەی پەهلەوی لە تاران ئەو بابەتانە لە یاسای وڵاتدا بوونیان نەبووە و لەڕاستیدا یاسا لەلای ئەوان بۆ پاراستنی شا و دەربار و دەسەڵات بووە. بۆیە ئەو داهێنانە یاساییە لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا و لەو دۆخە هەستیارەی وڵاتدا و لەو کات و دەرفەتە کەمە و هەروەها یەکەم ئەزموونی کورد وەک دەسەڵاتێکی سەردەمییانە هونەرە.
هێزی ئەو هونەرە لە یاسای سزادانی گشتیدا زیاتر خۆ دەنوێنی. هەر وەک لەسەرتر باسمان کرد، هێنانەوەی هێندێک ئوسوولی گشتی لە داڕشتنی یاسادا کە ئێستاکە وەک پڕەنسیب و ئوسوول و بناغەی سەرەکی داڕشتنی یاسا پێناسە دەکرێن دەرخەری ئەو ڕاستییانەن. هەروەک بنەما و ئەسڵی بێتاوانی بەو مانایە کە تا تاوانێک لەسەر تاکێک نەسەلمێنرابێ ئەو تاکە بە بێتاوان دەژمێردرێ کە لە بەندی ٢٨ی یاسای سزادانی گشتیدا هاتووە. بنەما و ئەسڵی یاساییبوونی تاوان و سزاکان بەو تاریفە کە هەر کردەوەیەک یان بەپێچەوانەی کە لەلایەن یاسادانەرەوە بە تاوان نەناسرابێ و سزای دیاریکراوی بۆ دانەنرابێ، ئەو کردەوەیە یان پێچەوانەکەی بە تاوان لە قەڵەم نادرێ کە لە بەندی ١ی یاسای سزادانی گشتی ساڵەکانی ٦١-٦٠دا هاتووە. بنەما و ئەسڵی هاوڕێژەیی یان گونجاویی تاوان و سزا لەگەڵ یەکدی، بەو مانایە کە سزای دیاریکراو بۆ تاوانێک لە یاسادا لەگەڵ یەکدی بیخوێنێتەوە بەو جۆرە کە سزاکە لە بواری بەرپەرچدانەوەی تاوان و سزادانی تاوانبار و گەڕاندنەوەی نەزم بەهۆی بێنەزمیی پێکهاتوو بۆ سەقامگیرکردنی ئاسایش و ئەمنییەت لە کۆمەڵگەدا بەشێوەیەک نەبێ کە کەمتر یان زیاتر لە ئاستی تاوانەکە دابێ؛ چوونکی هەردووک حاڵەت لە درێژماوەدا خۆی دەبێتە هۆی کێشە و ئاڵۆزییەکی تر کە بەپێچەوانەی ڕۆحی پراکتیکی یاسایە. بۆ نموونە لە بەندی ٢ی یاسای سزادانی گشتیدا کە تاوانەکان بەسەر سێ بەشدا دابەش دەکا و سزاکانیش بەپێی ئاستی تاوانی ئەنجامدراو کە لە کام خانە یان بەشدا جێگیر دەبێ کە لەلایەن دەزگای داد یان کۆمیسیۆنی قەزایی دیاری دەکردرێ.
ئەسڵێکی دیکە، ئەسڵ یان بنەمای بەرابەری لەبەرانبەر سزا دایە؛ یانی تەواوی خەڵک لە هەر چین و توێژێک بن و هەر جێگە و پێگەیەکیان لەنێو کۆمەڵگەدا هەبێ لە تاوانێکی دیاریکراو لە دۆخێکی هاوبەشدا وەک یەک سزایان بۆ دیاری کرابێ و جیاوازی لەنێوان هیچ تاکێکی کۆمەڵگە بەنیسبەت یەکدی دانەنرێ. ئەمە لە دەسپێکی قانوونی سزادانی گشتیدا پێناسە کراوە کە دەڵێ مانای گشتی ئەوەیە کە هەموو ئەندامانی کۆمەڵ لە بەرانەبەر ئەو قانوونە (قانوونی سزادانی گشتی)دا وەک یەکن. بنەما و ئەسڵی کەساندن یان تایبەتیکردن؛ ئەو ئەسڵە بە ئێمە دەڵێ کە هەر کەسێک کە تاوانێکی (کاتێک دەگوترێ تاوان یانی لە یاسادا ئەو حاڵەتە بە تاوان ناسێندراوە) دیاریکراو دەکا و سزاکەی بەپێی یاسا دیارە، تەنیا دەکرێ خودی ئەو کەسە لە پرۆسەی دیاریکراوی یاساییدا دادگایی و مەحکووم بکرێ و ئەو لایەنەی کە حووکمەکەی لەسەر جێبەجێ دەکرێ تەنیا کەسی تاوانبارە و دەسەڵاتی قەزایی یان دەزگای داد ناتوانێ بە هیچ هۆکارێک کەسانی نیزیک و بنەماڵە و هاوڕێیانی سزا بدات و نابێ حوکمی دیاریکراو کەسانی دیکە لە غەیری تاوانبار بگرێتەوە. پێچەوانەی ئەوە لە دوو دەسەڵاتی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا دەبینین کە زۆرجار برا یان باب یان کەسوکاری نێزیکی تاکێکی سیاسی لەلایەن حکوومەتەوە بەهۆی خێزانی بوون یان خزمی نیزیک بوونی ئەو تاکە سزا دراون، گیراون و تەنانەت زۆرجاران لە سێدارەش دراون. بۆ نموونە بەندی ٢٩ی قانوونی سزادانی گشتی ڕێک هەر بە دەقی ئەسڵی شەخسی بوونی تاوان هاتوە و بەڕاشکاوی باس لەو ئەسڵە دەکات و دانی پێدا دەنێ.
بەپێی ئەو ئوسوولانە و هەڵسەنگاندنی یاساکانی سەردەمی کۆمار -کە نموونەکانی لە ژمارەکانی چاپکراوی ڕۆژنامەی "کوردستان" لەو سەردەمدا هەن- دەبیندرێ کە ئەو ئەسڵ و بنەمایانە وەک خۆی لە داڕشتن و پەسندکردنی یاساکان لەلایەن شوێنی پێوەندیدار (پارلەمانی کۆماری کوردستان-کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکرات ) و هەروەها یاسادانەران (نوێنەرانی خەڵک لە پارلمانی کۆماری کوردستان-ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب) لەبەرچاو گیراون و لەلایەکی دیکەشەوە هێندێک بنەما و ئەسڵی دیکەیان ڕەچاو کردوە کە لە مێژووی یاسایی ئێران چ لە سەردەمی سەفەوی، چ قاجار و چ پەهلەوی و چ ئێستای کۆماری ئیسلامیدا باو نەبووە؛ وەک: ئازادیی دەربڕینی بیروڕا، ئازادیی هەڵبژاردن – لە بواری سیاسی، ژیانی کۆمەڵایەتی و شەخسی- ئازادیی نووسین، ئازادیی هەڵبژاردنی مەڕامی ئایینی و سیاسی، یەکسانی و بەرابەریی ژنان، بەفەرمی ناساندنی ڕەگەزی و ئایینیی کەمینەکان، هەوڵدان بۆ سڕینەوەی داب و نەریتە نابەجێ و ناباشەکانی مەوجوود و جێگیرکردنی داب و نەریتی ئوسوولی و درووست لەپێناو پاراستنی مافی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، پێناسەکردنی جیاوازییە جۆراوجۆرەکان وەک خۆی لەیاسادا، پەسندکردنی یاسا لەپێناو خزمەتکردن بە خەڵک و نیشتمان نەک پاراستنی دەسەڵات و دەسەڵاتداران، پێکهێنانی دۆخێکی هاوسەنگ بۆ هەموو چینەکانی کۆمەڵگە لە بەرانبەر مافە گشتییەکان، ئازادی خوێندن بە زمانی زکماگی تەنانەت بۆ کەمینەکانیش (ڕۆژنامەی کوردستان، ژمارەی ٧٥، لاپەڕەی ٤ی) کە باس لە کردنەوەی قووتابخانەی تێکەڵ بە ناوی کوردی و عیبری دەکا؛ هەروەها لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی سیاسی، نیزامی، ئەمنییەتی و پێکهێنانی دۆخێکی لەبار لە بواری ژینگەیی کۆمەڵگە و هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی بەستێنێکی باش بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە کە بتوانن لەو دۆخەدا گەشە بکەن و ویست و خواستە جۆراوجۆرەکانی خۆیان وەدی بێنن بەو مەرجەی پێچەوانەی حەقی گشتی و ئاسایش گشتی و بەزاندنی سنوورەکانی کۆمەڵگە نەبێ.
لایەنێکی دیکەی بەرچاو و باشی یاساکانی سەردەمی کۆمار کە نیشانەی شارەزایی و لێوردبوونەوەی یاسادانەرەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان بووە، پێناسەکردنی مافە پێشێلکراوەکانی کۆمەڵگە و گەلی کورد بووە کە لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی پەهلەویەوە زەوت کرابوون. کاتێک چاو لە یاسا و بڕیارەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان و هەروەها یاساکانی لە نێوان ساڵەکانی ٦١-٦٠ی هەتاوی دەکەین و بەپێی ویست وخواستی خەڵک، پوتانسییەل و زەرفییەت، جیاوازییە جۆراوجۆرەکانی نێو کۆمەڵگە، لە بەراوەرد لەگەڵ یاسای وڵاتانی دەورووبەر و راستییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها حکوومەتی ناوەندی ئیران هەڵیاندەسەنگێنین، لەڕاستیدا ئەوەی لە پێش هەموو شتێک دێتە بەرچاومان، ئاستی دێموکراتیک بوون و خەڵکیبوونی ئەو یاسایانەیە کە لەو سەردەمەی ئێستاشدا ئەو دەقە قانوونییانەی ئەو دوو قۆناغە بە پێوەرەکانی کۆنڤانسیۆنی ڤییەن، ئوسوول و ماددەکانی پەیماننامە نێونەتەوەییەکان و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ ناکۆکی و دژایەتییەک نابیندرێتەوە کە پێچەوانەی یاسا و ڕێسای ئەو دەقانە بێ و ماف یان کۆمەڵیک مافی لەخۆی نەگرتبێ یان پێشێلی کردبێ. ئەوە خۆی نیشاندەری ئەوەیە کە حیزبی دێموکرات یاسای وەک ئامرازێکی پێویست و دانەبڕاو لە کۆمەڵگەدا دەبینێ کە تەنیا لەو ڕێگەیەوە دەکرێ بە شێوەیەکی نەزمپێدراو و ئوسوولی، پێوەرەکانی مرۆڤایەتی و دادپەروەری بکرێنە بنەما و بناغەی بەڕێوەبردنی وڵات.
هەر بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بنەما و ئوسوولە پەسندکراوانە کە زیاتر لە حەوت دەیەیە بەڕێوەبەریی حیزبێکی نەتەوەیی و جەماوەری لەڕێگەی ئەساسنامە و بڕیارەکان و پرەنسیب و ئاییننامەی نێوخۆیی حیزبی و هەروەها دوو جار ئەزموونی بەڕێوەبردنی وڵات، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕوانگەی حیزبی دێموکرات بەنیسبەت قانوون لە هەمبەر بەڕێوەبردنی وڵات ئەوەیە کە قانوون متمانەپێکراوترین ئامرازە لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و مێژوویی و ..هتد بۆ نەتەوەیەک کە دەکرێ لەو ڕێگەیەوە ویست و داخوازییە ڕەواکانی پێ دەستەبەر بکردرێ، دەستکەوتە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی پێ بپارێزرێ و هەر بەو ئامرازە ئەو مافە دەستەبەرکراوانە سەقامگیر و جێگیر بکرێن لەنێو وڵاتدا و بۆ گەشەسەندنی و پێشکەوتنی کۆمەڵگە و وڵات بە داهێنان و پەسندکردنی درووست و ئوسوولی یاسا لە ڕوانگەیەکی دێموکراسییانە، ویست و خواستی کۆمەڵانی خەڵک لەژێر سێبەری ئەو یاسانە بپارێزرێن و ئەمنییەت (لە بواری دەروونی، زێهنی، فیزیکی، نەتەوەیی ) و ئاسایش (لە بواری سیاسی، ئابووری، کەلتووری و نیشتمانی) کۆمەڵگەی کوردەواری بەو جۆرەی کە شایانیەتی بەئاکام بگا و دەستەبەر ببن.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣١ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.