کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندنەوەی شۆڕشێک لە ڕەگەزی ئازایەتی و فیداکاری و کوردایەتی

22:41 - 1 رەزبەر 2722

ئەلبورز ڕۆئین تەن

ئاماژە: هیچ تیئورییەک ناتوانێ ئازاری دەرهێنانی ساچمە بە موکێش لە چاوی لاوێک کە ئیتر لەوانەیە هیچ کات نەبینێ، یا دیتنی تەرمی لاوانی لەخوێن‌خەڵتێنراوی ۱٥ ساڵە یا ۱۷ ساڵە کە بە دزییەوە دەشۆردرێن و بەرەو گۆڕستان دەبردرێن شرۆڤە بکات، هیچ کتێبی شێعر و تەنانەت نۆتەکانی میوزیک ناتوانێ لاواندنەوەی دایکانی ئەو لاوانەی تێدا هەبێت کە بۆ لاوە تازەپێگەیشتووانیان دەهۆننەوە، تراژێدیی نووسەرێک کە بۆ شەهیدان دەنووسێ هەواڵی شەهیدبوونی کوڕەکەی پێ دەگات، بە ڕستەی شەهیدی سێیەم لە شنۆیە کوڕم "میلان حەقیقی"یە، ئەو بابەتانە لە هەموو مێژووی مرۆڤایەتی لە کام سناریۆ و تراژێدی بینراوە. بۆیە وەک هەمیشە بە سەر ئەو دێڕەی ئسماعیل بشکچی دەکەوم کە دەڵێ کەم نەتەوە بەقەرا کورد قوربانییان بۆ ئازادییان داوە.

***

بە هەستکردن بەو ڕاستییانەی سەرەوە باس لە هەستانەوەی نوێمان دەکەین. شۆڕشی نوێ لە زۆر ڕووە توانیویەتی نوێکارییەکی زۆر دروست بکات و لە هەمان کاتدا هەڵگری هەندێ خەسلەتە کە پێویستە بەرجەستە بکرێن و کەموکوڕییەکانیش بخرێنە بەرچاو بۆ ئەوەی بتوانین کۆتایی بە قوربانیدان بۆ ئازادی بهێنێین و ئیتر ئەگەر قوربانییش دەدەین لە پێناو پاراستنی بێت.

یەکەم خاڵی جێگای سەرنجی هەستانەوەی ئەوجارە بەشداریی ژن و دەستپێکی بابەتێکە کە پەیوەندی بە ژنەوە هەیە. بەشداریی ژنان لە شۆڕشدا کە لە ساڵانی دواییدا بەردەوام پڕڕەنگ و تۆختر بۆتەوە، بەڵام ئەوەی کە کورد بە گشتی بەو شێوەیە لەسەر مافی ژنان وەدەنگ بێ وەک خاڵی سەرەتایی و تەنانەت لەسەر ئەو بێدادییەی کە دەرحەق بە ژنێک دەکرێت ئاوا بەبێ جیاوازی ناڕەزەیەتی نیشان دەدات، دەکرێ بە خاڵی وەرچەرخان بزانین کە دەتوانێ هەبوونی هیوای کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر لە داهاتوومان پێ دەبەخشێ. دەبێ ئەو بابەتە بە هەند وەرگرین و پەرەی پێ بدەین بەو هیوایە ببێتە سەرەتایەک بۆ بەشداریی ژنان بە توانای خۆیانەوە لە ئاستی باڵای سیاسیشدا. هاوکات ئەوەشی سەڵماندەوە کە کۆمەڵگەی کوردی لەو بوارەدا لە پێشە و ئەوەش بەشێکی بەرچاوی بۆ هەوڵی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لەو بوارەدا دەگەڕێتەوە.

دووەم لە یەکەم چرکە ساتی بڵاوبوونەوەی ڕووداوی ژینا کە بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە تا ئەوکاتەی کە شۆڕشێکی پان و بەرینی لێ کەتەوە ئەوەندە کەم بوو، تەنانەت بۆ ڕێژیمیش کە بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات شۆڕشەکانی خەڵک سەرکوت بکات جێگای سەرسووڕمان بوو. ئەوە نیشان دەدات لە دونیای خێرای ئێستای گواستنەوەی زانیارییەکاندا پێشبینی‌کردنی سبەی زۆر ئاسان نییە و دۆخ زۆر زوو دەتوانێ بەتەواوی بگۆڕدرێ.

ئەوە دەرفەتێکی گەورەشە بۆ کورد و شۆڕش کە دەتوانێ بەئاسانی کەڵک لە ئامرازی کاریگەری گواستنەوەی زانیاری، واتە سۆسیال مێدیا وەربگرێ بەڵام بۆ ئەوەی کەڵکئاژۆی لێ وەرنەگیرێ و لە هەمانکاتدا بە باشترین شێوە بەکاربهێنرێ پێویستی بە فێربوون و فێرکردنی بەردەوامە لەو بوارەدا.

سێیەم، شۆڕش تەنیا کاتێک هەڵدەگیرسێ کە لەنێو جەماوەردا ئەو باوەڕە دروست بێت کە بێعەدالەتی دەرحەق بە تاک کرا کۆمەڵگە لێی بەرپرسیارە و، هەر کۆمەڵگەیەکیش توانیبێتی لە بەرانبەر بێدادی بەرانبەر بە تاکەکان بێدەنگ نەمێنێ ڕێگەی پێشکەوتنی گرتووە و بەرەو پێش چووە؛ هەروەها پێچەوانەکەشی ڕاستە. لە هەستانەوەی ئەو جارەمان ئەو ڕاستییە بەباشی بۆ جارێکی دیکە دەرکەوت کە کۆمەڵگەی کوردی لە بەرانبەر ئەو ستەمەی داگیرکەر ئەگەر بە دژی تاکێکیش بێت بێدەنگ نابێ چونکە باش دەزانێ ئەگەر بێدەنگ بێت سبەی لەوانەیە نۆرەی ئەو یا نزیکی ئەو بێت. ئەو خاڵە دەبێ زیاتر پەرەی پێ بدرێت تا ئەو کاتەی کورد ڕزگار نەبێ پێمان وا نەبێ کە ژیانی ئێمە جا لە دۆخێکدا بین پارێزاوە یا خاوەنی کەرامەتین وەکوو تاکەکانی کۆمەڵگەکانی دیکە.

چوارەم بە پێچەوانەی خۆپێشاندانەکانی پێشوو ئەوەی لەو خۆپێشاندانەدا بەڕوونی دەبینین ئازایەتیی لە ڕادەبەری خۆپێشاندەرانە بە جورێک لە بەرگریکردنەوە هەوڵیان داوە هێرش ببەنە سەر هێزەکانی ڕێژیم کە زیانێکی زۆر بەو هێزانە بگەیەنن و تەنانەت ببێتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکی لەنێو ئەو هێزانەدا کە ئیتر بەو پەڕی ترسەوە بەرەوڕووی خەڵک ببنەوە. گرینگترین ڕووی ئەو هێڕشانە سوتاندنی ماڵی پاسداران لە شاری شنۆیەیە و ئەو خاڵێکی گرینگە کە لەوەدواتر کاریگەریی باشی لە سەر ترسی زیاتری هێزەکانی ڕێژیم دەبێت.

پێنجەم یەکەم شارەکانی کە پشتیوانییان لە کورد کرد شارەکانی ئازەربایجان بوو کە بە دروشمی "ئازەربایجان وشیارە و بۆ کوردستان پشت و پەنایە" پیلانی چەند ساڵەی دوژمن و ڕاسیستەکانی پووچەڵ کردوە. بۆیە پێویستە وێڕای پەرەپێدان بەو پەیوەندییە لەسەر داخوازیە کوردستانیەکانمان و خاکی کوردستان زیاتر لە جاران جەخت بکەین و زیاتر لە تاک و حیزبە چەند کەسانەی دەرەوە کە دیار نییە بۆ خزمەتی کام سیاسەت دووبەرەکی دروست دەکەن، بۆ گەیشتن بە ئامانجی هاوبەش کۆمەڵانی خەڵکی ئازەربایجان وەک نەتەوەی هاوچارەنووس بکەینە ئامانجی سیاسەتی خۆمان. بە نیسبەت هاوسۆزی لایەنەکانی دیکەی فارس ئەوە ڕاستە، بەڵام با هەرزوو وەک خسلەتی هەمیشەی کورد خۆش باوەڕ نەبین، ئایا ئەوان تەنیا لە پرسی حیجابدا پشتگیریمان دەکەن یا باوەڕیان بە مافی نەتەوایەتیەکانمان هەیە؟ ئەمە وردبوونەوەی پتری پێویستە.

شەشەم هاتنە سەرخەتی ناوەندی هاوکاری و بە تایبەتی پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان بابەتێک نییە کە ڕۆڵ و کاریگەرییەکەی فەرامۆش بکرێت و دەبێ بە یەکێک لە دینامیزمەکانی هەستانەوەی ئەو جارەی بزانین. ئەگەر جاران بەپیلەوەهاتنی مانگرتن بە کارێکی باش دەزانرا ئێستا زیاتر لە مانگرتن دەتوانێ شۆڕشێکی وا گەورە ڕێک بخات کە نەک کوردستان بەڵکو هەموو ئێران بگرێتەوە. بەڵام گرینگتر لەو یەکگرتنەوەیە بۆ ئێمە کاریگەریی هەرچی زۆرترمانە لە هەموو بوارەکانی شۆڕش و گۆڕانکارییەکانی داهاتوودا.

حەوتەم بابەتی بەشداری هێزی پێشمەرگە کە لە هەستێکی پیرۆزی بەخەم‌بوون بۆ شەهیدان و برینداران و ئازایەتیی کوردەوە سەرچاوە دەگرێت تا چەند لە لۆژیکی سیاسی و زانستی لەشکری جێگای دەبێتەوە دەکرێ باسی لەسەر بکرێت و زیاتر لە هەست دەبێ بە لۆژیکەوە لەوبوارەدا بڕیار بدرێت. کە لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و حیزبی بەرپرسیاری وەک دێموکرات هەر ئەوە چاوەڕوان دەکرێت، بەڵام پێویستە ئەو ڕاستییە باش بزانین کە زیاتر لە هەموو کەسێک هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەگەر بەشداریی خۆی لە هاوکێشەکەدا بە قازانجی دۆخەکە و بەرژەوەندیی جووڵانەوەکە بزانێت، دەوری سەرەکیی خۆی دەبینێت. پێشمەرگە بە درێژای میژوو لەپێناو نەتەوەکەیدا قوربانیی داوە و حەماسەی خوڵقاندوە و لە ئێستا و داهاتووش هەر وا دەبێت.

لە بیرمان نەچێ گەورەترین چەکی سەرکەوتنی شۆڕش کلاشینکۆف نیە، بەڵکو ئیرادەی بەرزی خەڵک و یەکگرتووییانە کە دەتوانێ هەر دیکتاتورێک بە چۆکدا بنێت و ئەو ڕاستیەشمان لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەباشی دیت، هەر بۆیە دەبێ بیر لەو چەکەو بەهێزکردنی بکەین بۆ ئەوەی زیاتر کاریگەر بین و پێشمەرگەش زۆری کردوەو لە داهاتووشدا و لە کات و ساتی پێویست زیادتریش دەکات.

هەشتەم لەسەر پشتیوانی دونیای دەرەوە لێدوانی بەرپرسانی ڕۆژئاوایی لە مەڕ دۆخی ئێستای ئێران تەنیا بە پشتگیری لە مافی ژنان کورت کراوەتەوە، کە ئەوەش پێویستە. بەڵام داخوازی ئێستای کورد و نەتەوەکانی دیکە زیاتر لە مافەکانی ژن و مرۆڤ بە گشتی نەمانی سیستمی کۆماری ئیسلامی بەتەواوی دەگرێتەوە. وێڕای هەبوونی پشتیوانی زیاتر لە جاران بە تایبەتی لە لایەن سلێبریتیەکانەوە بەڵام لە ئاستی سیاسیدا ئەوەی دەبینین تەنانت لە ئاست لێدوانیشدا زۆر بەهێز نییە. ئەو پارێزگاریە لە مەڕ هەڵوێست گرتن لەسەر دۆخی ئێران کە بە ئاشکرا بەرگری لە خەڵکی ئێران بەرانبەر ڕێژیم ناکەن لەوانەیە لە چوارچێوەی دۆخی نێونەتەوەی بەرژەوەندیەکانیان لە مانەوەی ئێستای کۆماری ئیسلامی سەرچاوە بگرێت، کە هەڵە بووە و هیچ ئاکامێکی نەبووە و نابێتیش؛ تەنانەت مەترسی دەخاتە سەر ژیانی شارومەندەکانی ڕۆژئاوایش. بێگومان بەشداری ژنان و هەستانەوە لە پێناو مافی ژنان و پاراستنیان و بەرگرییان یەکێک لە خاڵە پێشکەوتوو بەهێزەکانی شۆڕشی ئێستامانە کە وێڕای ڕوونکردنی ئاسۆی سەرکەوتن، مزگێنیی سەرکەوتن لە دوای کۆماری ئیسلامیشی پێیە.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣١ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.