کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا بەمەبەستی پشتیوانی‌کردن لە خەڵکی ئێران، گەمارۆکانی سەر ئەو ڕێژیمەی بەڕۆژ کردەوە

10:23 - 2 رەزبەر 2722

بەهۆی بەردەوامیی خۆپێشاندانەکان بەدژی حکوومەتی ئێران و ناڕەزایەتیی دەربڕین بە کوشتنی  ژینا ئەمینی، لەلایەن گەشتی ئێرشادەوە، و سەرکوتی لەڕادەبەدەری خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە، وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا ڕایگەیاند کە بۆ پشتیوانی لە ئازادی و دەسپێڕاگەیشتنی خەڵک بە ئینتێرنێت هەموو هەوڵێک دەدا.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، ڕۆژی هەینی ١ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، بەمەبەستی پشتیوانی‌کردن لە خەڵکی خۆپیشاندەر و ناڕازیی ئێران سەبارەت بە کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن گەشتی ئیرشادی ڕێژیمەوە، سەرەڕای بەڕۆژکردنەوەی گەمارۆکانی بەدژی ڕێژیمی ئێران، لە بڕیارنامەیەکدا ڕایگەیاند کە بەمەبەستی دەسپێڕاگەیشتنی خەڵکی ئێران بە هێڵی ئینتێرنێت، گەمارۆکانی ئامریکا بەدژی ئێران بەشی ئینتێرنێت ناگرێتەوە و ئامریکا پشتیوانیی خۆی بۆ خەڵکی ناڕازیی ئێران دەردەبڕێ.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا لە بەیاننامەیەکی نوێدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران لەم کاتە هەستیارەدا هێڵی ئینتێرنێتی خەڵکی داخستووە، ڕایگەیاند کە بە مەبەستی پشتیوانیکردنی ئامریکا لە خەڵکی خۆپیشاندەر و ناڕازیی ئێران گەمارۆکانی ئامریکا بەدژی ئەو ڕێژیمە بەشی ئینتێرنێت ناگرێتەوە.