ھەیئەتێکی ناوەندی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی "سۆران نووری" جێگری ناوەندی پەیوەندییەکان و بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکان سەردانی چەند حیزب و لایەنی سیاسییان کرد.
لە ڕۆژانی ٣٠ و ٣١ی خەرمانان، ھەیئەتێکی ناوەندی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستیی "سۆران نووری" جێگری ناوەندی پەیوەندییەکان و بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکان سەردانی چەند حیزب و لایەنی سیاسییان کرد و لەم سەردانانەدا وەزعیەتی سیاسیی ئێستای ئێران و کوردستان، ناڕەزایەتییە بەرینەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران، یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات و چەندین بابەتی دیکە قسە و باسیان لەسەر کرا و جەختیان لەسەرهاواهەنگیی زیاتر لە نێوان حیزبە کوردستانییەکان کردەوە.
ئەو حیزب و ڕێکخراوانە بریتیین لە:
١ـ بۆردی پەیوەندییە کوردستانییەکانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان
٢ـ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
٣ـ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٤ـ حیزبی شیوعیی کوردستان/ کۆمیتەی پارێزگای سلێمانی
٥ـ پارتی سەوزی کوردستان
٦ـ یەکیەتیی دێموکراتی کوردستان
ھەروەھا ھەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەمەبەستی پیرۆزبایی دامەزراندنی پەیەدە سەردانی نوێنەرایەتیی ئەم حیزبەیان لە سلێمانی کرد و پیرۆزبایی حیزبی دێموکراتیان پێ ڕاگەیاند.
لەم سەردانەدا نوێنەرایەتیی پەیەدە وێڕای بەخێرھاتنی ھەیئەتی حیزبی دێموکرات ڕایانگەیاند، باشترین پیرۆزبایی بۆ ئێمە و گەلی کورد یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە و وەکو پەیەدە خۆشحاڵین بە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات.