خالید دەرویژە
لە مێژووی خەباتی نەتەوەییمان لەبری گوێگرتن لە داخوارییە بەرزە ئینسانییەکانمان کە بەشێوەی گشتی ڕەهەندە گرینگەکانی ئازادی، مافی نەتەوەیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لەخۆ دەگرێ، بەردەوام دژایەتیمان کراوە. بزووتنەوەی کورد بەشێوەیەکی بەردەوام و سیستماتیک لە لایەن ڕێژیمەکانی شا و کۆماری ئیسلامییەوە هەوڵی تواندنەوەی دراوە و ڕێژیمە داگیرکەرەکان بە چاندنی تۆوی نیفاق و دووبەرەکی هەموو کاتێک نەتەوەکانی دانیشتووی ئەم جوغرافیا بەڵالێدراوەیان بە گیانی یەکدا داوە. بەڵام چارەنووسی کورد لەو نێوەدا جیاوازتر بووە و لە چوارچێوە و بە ئاراستەی بیردۆزی پیلانگێڕی و سیاسەتی ئۆباڵئاوێژی و بە لێدانی ئەنگی تەجزییەتەڵەبی و شەڕەنگێزی، دەسەڵاتی ناوەند بەردەوام ویستوویەتی دانیشتووانی ئەم وڵاتە لە بیستنی دەنگی ئازادیخوازانە و مرۆڤتەوەرانەی نەتەوەی کورد بێبەش بکات، تا دواجار و بە خەیاڵی خاوی خۆی پێش لە یەکگرتووی نەتەوەکانی ئەم جوغرافیایە بگرێت.
ئەوکاتەی خەڵکی کوردستان لە هەڵوێستێکی درووست و سەردەمیانەدا "نا"ی بە بەناوڕێفڕاندۆمەلەی ڕێژیمی تازە بەدەسەڵاتگەیشتووی کۆماری ئیسلامی گوت، جگە لە ڕێژیم کەم نەبوون ئەو بەناو ڕووناکبیرانە و هێز و لایەنە سیاسییانەش کە ئەوکات دژی ئەو بڕیارە وەستانەوە و ئێستا دوای زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی نامرۆڤانەی ئەم ڕێژیمە گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتە کە ئەوەی کوردستان وەک سەرباشقەی خەباتی ئازادیخوازانە نواندی، لۆژیکی و لەجێدا بوو، نە هەڵوێست و کردەوی ئەوان کە وێنەی خومەینیان لە مانگدا دەبینی و بە باڵایان هەڵدەدا.
لە پەردە شانوگەرییەکەی جۆزەردانی ٧٦دا کەم نەبوون ئەو بەناو بیرمەندانەی پێیان وابوو کۆماری ئیسلامی توانستی ڕێفۆرمی هەیە و دەکرێ بە گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی دەلاقەیەک بەڕووی ئازادیدا بکرێتەوە، کە هەر ئەوکاتیش نەتەوەی کورد و حیزبە بەرپرسیار و واقعبینەکەی، بە ناسینی قووڵ و دروست لە ماهییەتی دواکەوتووانەی ڕێژیم، بوو بە سەرباشقەی ئادرەسێک کە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دەیەیەک ڕاستیی ئەم تێفکرینە بۆ گەلانی ئێران ڕوون بووەتەوە.
لە بارودۆخی هەستیاری ئێستادا و بەدوای شەهید کرانی "ژینا ئەمینی"، کاتێک خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بە هەموو چین و تۆێژ و نەتەوە و ئایین و ئایینزاکان و ڕاست بە پێچەوانەی سیاسەتی لەمێژینە وکردەیی ڕێژیم ، یەکگرتووانە دێنە مەیدان و بە دەرسوەرگرتن لە ئەزموون و خۆڕاگریی کوردستان و بە سەرباشقە زانینی خەباتی ئازادیخوازانەی کورد، زایەڵەی مەرگی دیکتاتۆر و دواکەوتوویی لە ئێراندا دەزرینگێتەوە و دروشمە پێکهاتنەشکێنەکان پایەکانی دەسەڵاتی سەرەڕۆ وملهوڕی کۆماری ئیسلامی وەلەرزە دەخات، دوو ئاراستەی بە تەواو پێچەوانە ئەگەر بە ڕوانینێکی لۆژیکی لێی نەڕوانین، دەتوانێت ڕەوتی بەردەوامیی ئەم شۆڕشە لە گرێژنە بباتە دەرێ.
لە ئاراستەیەکدا کە بە خۆشییەوە گوێیەکی بۆ بیستن نەماوە، دەزگای پڕوپاگاندای ڕێژیم بە بیانووی هەڵبەستراو و وەهمی حزووری پێشمەرگە و دووبارە لێدانی ئەنگی تەجزییەتەڵەبی، دەیهەوێت جگە لە پاساوهێنانەوە بۆ سیاسەتە دژیگەلییەکانی لەهەمبەر گەلی کورد و گۆڕینی ئاراستەی ئاشتیخوازانەی بۆ توندوتیژی ئەم یەکگرتووییە لەنێو بەرێت.
ئاراستەیەکی تر ئەو دەنگەیە کە لەو ئانوساتەدا داوای چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ نێو خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان دەکا.
لەو پێوەندییەدا پێویستە پێ لەسەر ئەوە دابگرینەوە کە لە ڕوانینی حیزبی دێموکراتدا پێشمەرگە و خەڵک لەگەڵ ئەوەی دووانەی لێکدانەبراون، بەڵام هێزی تەنیا ئەو کەسانە نین کە بەهۆی سیاسەتی دژەگەلی پەڕیوەی دەرەوەی ڕۆژهەڵات بوونە، هەر کەسەوە بەپێی توانا و بەو مەرجەی ئازادیخواز بێت و توانایی ئەرک وەخۆگری هەبێت، دەتوانێت پێشمەرگە بێت. مامۆستای ئایینی بە بەکارهێنانی مینبەری مزگەوت بۆ وشیارکردنەوەی خەڵک بە چەمکەکانی ئازادژیان و وڵات پارێزی، دەوڵەمەند بە دابینکردنی تێچووی خۆپێشاندەران و خەساردیوان، پزیشک بە وەرگرتنی نەخۆش بەشێوەی بێ بەرامبەر، پارێزەر بە ئەرک وەخۆگری بێ بەرامبەر بۆ بەدواداچوونی کەیسی شەهیدان و بەندکراوان و ...هتد، ناسنامەی پێشمەرگەیان وەک پێشمەرگە سپیپۆشەکان، پێشمەرگەکانی پارێزەری ژینگە و ... پێ دەبەخشرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا هەر وەک لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبدا هاتبوو، "یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بزووتنەوەکانی ئەم دواییانە جەماوەریبوونیەتی. بەو مانایە کە هەم بەربەرینە و هەم لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی تێدا بەشدارە، بۆیە ئەرکی بەڕێوەبەری و هەوڵدان بۆ درێژەدان بە ناڕەزاییەتییەکان بە سەر هەموواندا دابەش دەبێت و لەم بارەوە ڕێکخراوە مەدەنییەکان، مامۆستایانی ئایینی، نووسەران و فەرهەنگییان، خوێندکاران و مامۆستایانی قوتابخانەکان، کەسایەتییە سیاسییەکان، ژنان، لاوان و... خۆیان لە بەشداریکردن و مودیرییەتی ئەم جووڵانەوەدا بە بەرپرسیار بزانن."
ئێستا جارێکی دیکەش شەقام کەوتۆتەوە دەستی خەڵک. شەقام هێڵی سوور و خاڵی لاوازی ڕێژیمە. ڕێژیم لە بارودۆخی ئێستادا کە ڕۆژ بە ڕۆژ کەلێن دەکەوێتە نێو هێزەکانی هەموو هەوڵی ئەوەیە، شەقام چۆڵ بکات و تەنیا ڕێگە و بەهانەی بۆ گەیشتن بەم مەبەستە، گۆڕینی ئاراستەی شەقام لە ئارامییەوە بۆ ئاڵۆزییە و هیچ بەدوور نازانرێت و لە ڕابردووشدا نیشانی داوە کە خۆی خولقێنەری ئەم دۆخەیە، بۆیە ئەوەندەی ئیمکانی هەیە خۆپیشاندەران و دژبەرانی حاکمییەت نابێ لە ئاراستەی ئامانج و دڵخوازی دەسەڵاتدا هەنگاو بنێن.
با هەموومان ئەرک وەخۆگری و سەرباشقەبوون و دووربوون لە ئێحساسات بکەینە هەوێنی بەردەوامی شۆڕشەکەمان و لەگۆڕنانی دواکەوتوویی.