کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"نوام چامسکی" کوشتنی "ژینا ئەمینی"ی وەکوو جینایەت وەسف کرد

12:04 - 2 رەزبەر 2722

نوام چامسکی" زمانناس و فیلسووفی ئامریکایی بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک وێڕای ئاماژە بە سەرکوتی خەڵکی ناڕازی لە ئێران، کوشتنی "ژینا ئەمینی"ی لەلایەن گەشتی ئیرشادی ڕێژیمی ئێرانی بە جینایەت ناو برد.

ناوبراو لەو ڤیدیۆیەدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، وتوویەتی کە خەڵکی ئێران و بەتایبەت ناوچە کوردییەکان لە دەیەکانی ڕابردوودا لەژێر سەرکوت و توندوتیژیی ڕێژیمی دەسەڵاتدار لە ئێران تووشی کوێرەوەری و مەینەتی زۆر هاتوون.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە ڕێژیمی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا لە ڕێگای خستنەوەی ترس و کوشت و کوشتار ویستوویەتی کە دەنگی خەڵک کپ بکات بەڵام کوشتنی "ژینا" جارێکی دیکە دەنگی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی بەرز کردەوە و خەڵک نیشانیان دا کە شایستەی یەکسانی و ئازادین.

حەوتووی ڕابردوو "ژینا ئەمینی" کچە کوردی ٢٢ ساڵەی خەڵکی شاری سەقز دوای ئەوەی لەلایەن گەشتی ئیرشادی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و کەوتە بەر هێرش، گیانی لەدەست دا و کوشتنی ئەو، ناڕەزایەتیی سەرانسەری لە تەواوی ئێران و زۆربەی کەسایەتییە ناسراوەکان لە زۆربەی وڵاتەکان لێ کەوتەوە.