کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان ڕۆژێکی پڕ ڕووداوی تێپەڕاند

13:52 - 2 رەزبەر 2722

شەوی هەینی خۆپیشاندانی هاووڵاتییان لە کوردستان بەشێوەیەکی بەربڵاو درێژەی هەبوو و بەپێی زانیارییەکان هێزەکانی ڕێژیم نەیانتوانی درێژە بە هێرشەکان و سەرکوتکارییەکانیان بدەن.

ڕۆڵەکانی کوردستان لە شاری شنۆ ڕژانە سەر شەقامەکان و یەکدەنگ دژی هێزەکانی ڕێژیم ڕاوەستان و تا ڕادەیەکی باش توانییان شار و ڕێگاکان کۆنتڕۆڵ بکەن.

خەڵکی شنۆ لە درێژەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیمدا ئاگریان لە بانکەکان و ماڵی چەند جاشێک بەردا.

بەپێی زانیارییەکان  بریندارێکی زۆر لە نەخۆشخانەی شنۆ هەیە و ڕێژیم بە هێلیکوپتێر بە سەر شاردا لە حاڵی گەشت‌ لێدانە و شاریان خستووەتە ژێر چاوەدێرییەوە.

لە شاری ورمێ هاووڵاتییانی وەزاڵەهاتوو لە "تورک و کورد" بە یەکگرتووییەکی مێژووییەوە ڕژانە سەر شەقامەکان و بە پاڵپشتیی یەکتر بەرەنگاری گاردی ویژە بوونەوە و بوون بە چقڵی چاوی ڕێژیمی تاریکپەرەستی ئێران.

لە شاری سنەی قارەمان هاووڵاتییانی بوێر دژی یاسا دژەگەلییەکانی ڕێژیم هاتنە سەر شەقام و گیانفیدایی خۆیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان نیشان دا.

هەروەها لە پیرانشار تێکۆشەرانی هەمیشە ئامادە بۆ جارێکی دیکە ڕژانە سەر شەقام و پاڵپشتیی خۆیان لە خۆپیشاندانەکان دەربڕی.

لە خۆڕەم ئاوا هاووڵاتییان بە وەریەکی بەرزەوە هاتنە سەر شەقام و دژ بە سەرکوتکارییەکان و چەواشەکارییەکانی ڕێژیم وەستانەوە.

لە ماهابادی قازییەکان و شاری بۆکان ڕۆڵە ئازا و نەترسەکان سەرەڕای هەبوونی کەشێکی ئەمنییەتی بۆ جارێکی دیکە هاتنە سەر شەقام و دژی ڕێژیم دروشمیان دا.

لە دێولانی هەمیشە ئامادە ناڕازییان وێنەی تێرۆریست "قاسم سلێمانیـ"ـیان ئاگر تێبەردا و نیشانیان دا کە ئیتر تێرۆریسم باوی نەماوە.

لە "دیواندەرە"ی نەترسەوە ڕۆڵەکانی نیشتمان هاتنە سەر شەقام و دروشمی ڕووخانی ڕێژیمیان دووپات کردەوە.