١٣ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەوانە ''ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، کوردپا و تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، دەزگای برومەند و دەزگای سیامەک پوورزەند''، سەبارەت بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە ئێران، لە بەیاننامەیەکدا داوای کاردانەوەی توندیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئیدانەکردنی کردەوە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران کرد.
ئەم دامەزراوانە داوایان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە كە ڕێوشوێنی بەهێز بەرامبەر بە ڕێژیمی ئێران بگرنە بەر كە ژنان و خۆپیشاندەران سەرکوت دەكات.
لەم بەیاننامەیەدا کە ڕۆژی هەینی ١ی ڕەزبەر بڵاوکراوەتەوە، هاتووە کە پەرەگرتنی بەشداریی خۆپیشاندەران سەرەڕای مەترسیی گیانی کە دێنە سەر شەقامەکان بۆ داوای ڕاستی و بەدیهێنانی مافە بنەڕەتییەکانیان، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نابێت لە بەرامبەر توندوتیژی و هەوڵە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بێدەنگ بێت.
نووسەرانی ئەم بەیاننامەیە داوایان لە وڵاتانی جیهان کردووە کە لەو دەرفەتانەی کە لە کۆبوونەوەکانی ئێستای نەتەوە یەکگرتووەکاندا خراونەتە ڕوو کەڵک وەرگرێت.
ههروهها داوایان له کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نهتهوه یەکگرتووەکان و ئهنجومهنی مافی مرۆڤی ئهم ناوەندە نێودهوڵهتییه کردووه که سهرکوتکردنی توندوتیژانهی خۆپیشاندهران له ئێران و پێبهندبوونی ئێران به بەڵێنییە مافی مرۆڤییەکان شهرمهزار بکهن.
لەم بەیاننامەیەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەنگاوێکی بەهێز و پتەو و جیاواز لە هەڵوێستەکانی پێشوو، لە دژی ئێران بگرێتە بەر.
ئەم دامەزراوانەی مافی مرۆڤ داوایان کردووە مێکانیزمێکی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە بۆ پێشێلکارییە گەورە و بەرچاوەکانی مافی مرۆڤ دابنێن و مامەڵە لەگەڵ ئەو تاوانانە بکەن کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دەدرێن.
واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە بریتین لە: ''دامەزراوەی عەبدولڕەحمان برومەند، هەموو مافەکانی مرۆڤ بۆ هەموو ئێران، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، ڕێکخراوی ئارتیکاڵ ١٩، کۆمەڵەی بەرگری لە مافی مرۆڤی ئازەربایجانی لە ئێران (ئێعراز)، چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ناوەندی بەڵگەنامەسازیی مافی مرۆڤی ئێران، پێکەوە دژی سزای ئێعدام، کاریگەری ئێران، تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، دامەزراوەی سیامەک پوورزەند و ڕێکخراوی دادپەروەری بۆ ئێران".