چالاکوانانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەمەبەستی مەحکوومکردنی کوشتنی بەئەنقەستی "ژینا ئەمینی" بەدەستی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، ئاکسیۆن و پاشان خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان لە هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوە برد.
سەر لەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی کۆمەڵێک لە چالاکوانانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان بۆ مەحکوومکردنی کوشتنی بەئەنقەستی "ژینا ئەمینی" و پاڵپشتی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاکسۆنێکی بەربڵاویان بەڕێوە برد.
ئاکسیۆنەکە لە چەند بڕگە و پەیام وەکوو پەیامی ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەیامی ڕێکخراوەکانی ژنان و لاوان و خوێندکارانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ پشتیوانی لە ژینا و ناڕەزایەتییەکانی کوردستانی ئێرانی پێکهاتبوو.
شایانی باسە ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ئەندامانی حیزب و چالاکوانان بە دروشمەکانی " ژینا پێشەنگی ژینە، هەوێنی ڕاپەڕینە/ ئازادی، سەربەستی،ئیتر بەسە ژێردەستی/ ئازادی ، ئازادی، ئیتر بەسە بێدادی"، پشتیوانیی خۆیان لە خەڵک و ناڕەزایەتییان لە سەرکوتکارییەکان دەردەبڕی.