کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی هاوبەشی سێ ڕێکخراوی مەدەنیی ژنان، لاوان و خوێندکاران بۆ پاڵپشتی لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان و ئێران

11:29 - 3 رەزبەر 2722

ڕێکخراوە مەدەنییەکانی لاوان، ژنان و خوێندکارانی سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەمەبەستی پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان و ئێران بەدژی ڕێژیمی ئێران ڕاگەیاندنێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

ڕۆژی شەممە ١ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، ڕێکخراوە مەدەنییەکانی یەکیەتیی لاوان، یەکیەتیی ژنان و یەکیەتیی خوێندکارانی سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ پاڵپشتی لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان و ئێران و مەحکوومکردنی کارەساتی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ڕایگەیاند: هەروەک هەموو لایەک ئاگادارن، گەلانی ئێران و نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لاپەڕەیەکی نوێیان لە خەبات و خۆڕاگری دژی دەسەڵاتی ستەم و سەرکوتی کۆماری ئیسلامی هەڵداوەتەوە و یەکگرتووانە بەدژی ئەو ڕێژیمە سەرکوتکەرە ڕژاونەتەوە سەر شەقامەکان و داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکەن.

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە کە، ڕوونە کە تەقینەوەی جەماوەری ئەمجارە بەرهەمی کەڵەکەبوونی سەرجەم کێشە و ئاریشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو هەژاری، برسیەتی، نەداری و بێ‌دەرەتانییە کە لە ڕووداوی کوشتنی بەئەنقەستی خاتوو ژینا ئەمینی گەیشتە لووتکە.

لەم راگەیەندراوەدا هاتووە: ڕێژیمێک کە نامۆیە لەگەڵ مرۆڤایەتی و تەنانەت نامۆیە لەگەڵ یاساکانی دینی ئیسلامیش، هەموو ڕۆژێک ئاستەنگ بۆ لاوانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروست دەکات و سەرمایەکانی ئێران لە ڕێگەی کاری تێرۆریستی بەهەدەر دەدات و ئامادە نییە دان بە مافەکانی گەلانی ئێراندا بنێ.

لە بەشێکی دیکەدا هاتووە: ئەم بزاڤەی ئێستا لە گۆڕێیە پێشەنگەکانی ژنان و لاوانی سەردەمن کە بە چەکی زانست خۆیان تەیار کردووە و گوێ بە یاسا ئیرتیجاعییەکانی تاران نادەن.

بێگومان سەرکەوتنی ئەم ڕاپەڕینە بەندە بە کۆمەڵێک فاکتەری وەکوو:

بەردەوامی و شێلگیریی جەماوەر لەسەر مافەکانیان

پشتیوانیی نێونەتەوەیی، هەروەها پشتیوانی گەلانی دیکەی ناوچە

ئێمە لاوانی ڕۆژهەڵات وێرای پشتیوانی بێ ئەملاوئەولای ئەم ڕاپەڕینە، داواکارین کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی هەنگاوی بە کردەوە هەڵ بگرێت بۆ پشتگیری لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ڕۆژهەڵات و ئێران.

سەرکەوێ خەباتی ڕەوای نەتەوەکەمان

بڕووخێ ڕێژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی

یەکییەتی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان

یەکییەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

٢ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی