کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگۆڕکێی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی تاران لە سووریە لە ترسی هێرشی هاوپەیمانان

13:31 - 13 خەرمانان 2722

میلیشیا تێرۆریستییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، لە ترسی هێرشی مووشەکیی هاوپەیمان بۆ سەریان، شوێنی مۆڵگەکانی خۆیان دەگۆڕن.

بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێریی مافی مرۆڤی سووریە، ڕۆژی شەممە ١٢ی خەرمانان، میلیشیا تێرۆریستییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریە، لە ترسی هێرشی مووشەکیی ئەرتەشی ئیسرائیل و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی، شوێنی مۆڵگەکانی خۆیان دەگۆڕن و بەو شێوەیه دەیانهەوێ خۆیان لە هێرشی مووشەکیی هاوپەیمانان بپارێزن.

ئەو میلیشیا تێرۆریستانە تەنانەت شوێنی هەڵدانی مووشەکەکانی خۆیانیان لە شاری "ئەلمیادین" بۆ ناوچەی باشووری "دیرەلزوور"ی ئەو وڵاتە گواستووەتە.

میلیشیا تێرۆریستییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەردەوام لە ژێر هێرش و هەڕەشەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیل و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتیدان و لە ترسی ئەو هێرشانە شوێنی تەقەمەنی و چەکوچۆڵەکانیان گواستووەتەوە بۆ شوێنەکانی دیکەی سووریە.

ئەو میلیشیایانە بە تایبەت زۆربەی کەرەستە سەربازییەکانیان بۆ باشووری دیرەلزوور گواستووەتەوە و هاوپەیمانانیش لەسەر گواستنەوەکە زانیارییان هەیە و لەوێ هێرش دەکەنە سەریان، لەبەر ئەوەیکە میلیشیاکانی سەر بە تاران ڕاستەوخۆ بە فەرمانی خامنەیی لە ناوچەکەدا خەریکی کردەوەی تێرۆریستی و تێکدەرانەن.