کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیبراهیم ڕەئیسی هەڕەشەی لە خەڵکی ناڕازیی ئێران کرد

11:52 - 3 رەزبەر 2722

''ئیبراهیم ڕه‌ئیسی'' سه‌رکۆماری ڕێژیمی ئێران دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ ئامریکا، خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری ئێرانی به‌ ''بشێوی و ئاژاوەگێڕی'' وەسف کرد و بە هەڕەشەوە وەتی کە بەتوندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکان بەڕووڕوو دەبینەوە.

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندانی ڕەوای خەڵکی ئێرانی بۆ پیلانی دوژمنان گەڕاندووەتەوە و وەکوو ڕابردوو خەڵکی وەزاڵەهاتوو و مافخوراوی ئێرانی بە تێکدەر و ئاژاوەگێڕ ناو بردووە.

''ئەحمەد وەحیدی'' وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێرانیش خۆپیشاندەنەکانی خەڵکی ئێران و کوردستانی بە هەوڵی دژمنان ناو بردووە و هەڕەشەی سەرکوتی کردووە.

ماوەی چەندین ڕۆژە ڕێژیمی ئێران بۆ ئەوەی دەنگی خەڵکی خرۆشاو کپ بکات، ئینتێرنێتی لە خەڵک پچڕاندووە.

وەزیری نێوخۆی ڕێژیم پچڕانی ئینتەرنێت و فیلتێرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی پشتڕاست کردووەتەوە و ئیدیعای کردووە: "سنووردارکردنی ئینتێرنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەمنییەت و کاتییە".

چەخماخەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە ڕۆژی ٢٦ی خەرمانان دوای ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی "ژینا ئەمینی" کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کوژرا، سەری هەڵدا و بەخێرایی لە زۆربەی شارەکانی کورستان و ئێراندا تەشەنەی کرد کە هەتا ئێستا هەر بەردەوامە.

هەتا ئێستا لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی دژی ڕێژیم  لە ئێران لانیکەم ٥٠ کەس کوژراون، چالاکوانانی مافی مرۆڤ جەخت لەوە دەکەنەوە کە ژمارەی ڕاستەقینەی کوژراو و بریندار و دەستگیرکراوەکان زۆر زیاتر لەو ژمارانەیە.