بەرەی یەکگرتووی کورد و کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان سەبارت بە سەرکوتی ناڕازییان، دەسبەسەریی بەشێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕەوتی خۆپیشاندانی هاووڵاتییان لەهەمبەر مەحکوومکردنی قەتڵی "ژینا" بە دەستی مەئموورانی گەشتی ئیرشادی ڕێژیم بەیانییەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.
لە بەشێک لەو بەیاننامەدا هاتووە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی هاووڵاتییان سەبارەت بە قەتڵی حکوومەتیی "ژینا ئەمینی"، هێزەکانی ڕێژیم دەستیان کرد بە سەرکوت و کوشتاری خەڵکی بێتاوان و هەر ئەم هەلومەرجەدا هێزە ئەمنییەتییەکان لە هەوڵێکی نەشیاودا بەشێک لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی و خۆپیشاندەریان دسبەسەر کرد.
لەو بەیاننامەدا هاتووە "سیاوەش حەیاتی" بەڕێوەبەری بەرەی یەکگرتووی کورد و وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان یەکێک لەو کەسانەیە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
لەو بەیاننامەدا هاتووە ئێمە سەرەڕای هۆشداری بە دەسەڵاتی تاران، داوا لەو ڕێژیمە دەکەین کە واز لە سەرکوت و کوشتاری هاووڵاتییان کە بۆ مافی ڕەوای خۆیان خۆپیشاندان بەڕێوە دەبەن بێنێت و لە نزیکترین کاتدا دەسبەسەرکراون و یەک لەوان "سیاوەش حەیاتی" ئازاد بکات. هەروەها واز لە گوشار و هەڕەشەی بنەماڵەی قوربانییانی ئەم ڕووداوانە بێنێت.
لەو بەیاننامەدا هاتووە ئێمە وەک بەرەی یەکگرتووی کورد و کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان وێڕای پشتیوانی لە هاواری خەڵکی ئێران و کوردستان هەر جۆرە توندوتیژییەکی ڕێژیم لەهەمبەر هاووڵاتییان کە بۆ وەرگرتنی مافە ڕەواکانیان خۆپیشاندان بەڕێوە دەبەن مەحکووم دەکەین.