کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەلاوێژێک کە حوکمی نەورۆزێکی هەبوو

13:37 - 13 خەرمانان 2722

ئاسۆ مینا

ڕێبەریی بزووتنەویەک کە چەندین ملیۆن مرۆڤ چاویان لەسەریەتی، ئەگەر لە مێتۆد و ڕێگای ڕەسەنی خۆی لا بدا و لە جیاتی دژایەتیی دوژمن، وزە و هێزی خۆی لە باڵباڵێنە و شەڕی دەسەڵات بدا، خەسار و زیانە مەعنەوییەکانی بەسەر تاک بە تاکی کۆمەڵگادا دەشکێتەوە و ئەوەی هیوا بێ بۆ خەڵکی ناهێڵێتەوە و ئەگەر گەلێکیش بێ‌هیوا کرا، لە هەموو بارێکەوە درز و کەلێنی تێدەکەوێ.

لێکدابڕانی ڕیزه‌كانی حیزبی دێموکرات لە ماوەی ئەو شازدە ساڵەدا، نیگه‌رانییه‌كی گەورەی لە مێشکی تاک بە تاکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە بەشەکانی دیکەی کوردستان دروست کردبوو، بە شێوەیەک کە هەر کات بیر لە دابڕان و لێكترازانی ئەو حیزبە دەکرایەوە، مێشکەکان ئازاریان دەدیت و خراپتر لەوەش ئەوە بوو کە هەر جارەی هەوڵ بۆ یەکخستنەوەی ڕیزەکانی ئەو حیزبە دەدرا، لەگەڵ شکست و بەئەنجام‌نەگەیشتنی ئەو پرسە بەرەوڕوو دەبوو و بە ڕێژەی ئەو نیگه‌رانییه‌ لەنێو مێشکی تاکەکانی کورددا زیاتر دەبوو. ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌س، به‌ نیگه‌رانی له‌و لێكترازانه‌ وازیان لە خەبات هێنا. ئەو دابڕانە دوای ئەوەی کە ڕێبەری و کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی ئەو حیزبەی لێک ‌هه‌ڵبڕی، ئەو گرفته‌ی گواستەوە بۆ نێو خەڵک. لەو ساڵانەدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئازاری دووبەرەکییەوە دەیناڵاند، لە هەر کۆڕ و کۆبوونەوە و دانیشتنێک کە باسی ئەو پرسە دەکرا، کێشە و ناکۆکی لێ دەکەوتەوە. زۆر جار برا لەگەڵ برا یەکتریان نەدەدواند و زۆر جار لەسەر ئەو پرسە ڕووداوی زۆر ناخۆش ڕووی داوە. ئەوەی لێرەدا ئاشکرایە ئەوەیە کە تەنیا خۆمان زەرەرمان کرد و ئەوەی قازانجی کرد و بزەی کەوتە سەر لێوی ناموبارەکی، هەر دوژمن و نەیاری کورد بوو.

پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان لە ماوەی ئەو شازدە ساڵەدا دڵه‌خورپه‌یه‌کی گەورە بوو کە لە لای هەر تاکێکی کورد هەبوو و خەڵک لەبەر پێویستیی  ئەو پرسە قەت نەیتوانی وازی لێ بێنێ و یەکێک لە داوا سەرەکییەکانی خەڵک لەو شازدە ساڵەدا بوو. خەڵک کاری بەوە نەبوو کە لە حیزبی دێموکراتدا کێ له‌سه‌ر حەقە و کێ ناحەق. تەنانەت حەزی بەوەش نەدەکرد کە ڕوونکردنەوەی بۆ بدرێ، چونکە ڕوونکردنەوەکان لەو ساڵانەدا تەنیا مەبەستی شکاندنی یەکتری تێدا بوو. خەڵک ئەو حیزبەی بە هەمووانەوە دەویست نەک بەشێک بە تاقی تەنیا.

سەرەڕای زاڵبوونی بێ‌هیوایی بەڵام خەڵک هەر هیوادار بوون، چونکە حیزبی دێموکرات لە ماوەی ژیانی سیاسیی خۆیدا زۆر قۆناخی ناخۆشی تێپەڕ کردووە و خەڵک بەو مێژوویە ئاشنایە و دەزانن کە دوای هەر کەوتنێک هەڵدەستێتەوە و دوای هەر بێ‌هیواییەک، هیوای گەڕاندووتەوە بۆ خەڵک.

لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین دابڕان و لێكترازان، گرێ‌کوێرەیەک بوو کە خەڵکی تووشی بێ‌هیوایی کردبوو و هێز و وزە و برەوی حیزبی دێموکراتی هێنابووە خوارەوە. ئەو کەموکوڕییانە لە نێوخۆی وڵات و لە دەرەوەی حیزبدا چاک هەستیان پێ دەکرا و هەر چەند دوو لایەنی دێموکرات لەو ساڵانەدا بەجیا لە چالاکیی خۆیان لە هەموو بارێکەوە بەردەوام بوون، بەڵام یەکگرتوویی وەکوو کۆکەرەوەی تواناکان و ڕەواندنەوەی بێ‌هیوایی و ساڕێژی هەموو برینەکان داوایەکی لەجێی خۆیدا بوو و ئەو پێویستییە قەناعەتی بە هەموو لایەک هێنا کە دەبێ ئەو پرسە بگاتە ئامانج.

لە کۆتاییدا حیزبی دێموکرات، بە هەست بە بەرپرسایەتی  و ئەرکداری بەرامبەر داوای گەلێک کە لە سەرەتادا بە قازانجی خودی حیزب بوو، هەستا بە یەکخستنەوەی ڕیزەکانی خۆی و جێگە و پێگەی ڕاستەقینە و لەدەستچووی خۆی وەدەست هێناوە و جارێکی دیکە درز و کەلێنەکانی نێو خەڵکی پڕ کردەوە و شادییەکی وای بە خەڵک بەخشی کە دەتواندرێ بۆ مێژوو وەکوو هەنگاوێکی مێژوویی پرشنگدار باسی بکرێ.

حیزبی دێموکرات بە وەرگرتنی سیگناڵەکان لە نێوخۆی حیزب، لە خەڵکی کوردستان و لە دەرەوە یەکگرتنەوەی بە ئاکام گەیاند. کاری باش هەتا زوو بکرێ باشترە و یەکگرتنەوەی حیزب وەکوو هەنگاوێکی مێژوویی و لە بەرژەوەندیی خەڵک ڕەنگە ئەگەر زووتر کرابا چاکتر بوو بەڵام ئێستاش درەنگ نەبووە و دەتواندرێ بگوترێ لە ئێستاشدا لە جێگای خۆیدا بوو.

لە ڕاستیدا ئەو یەکگرتنەوەیە جگە لە ڕەواندنەوەی بێ‌هیوایی لەلای خەڵکی کوردستان و هیوادارکردنەوەیان بە خەباتێکی گشتگیر بەرەو ڕزگاری، مەتەڵ و لاتاو و گفتی ژەهراوی دوژمنی ‌غەدداری پووچەڵ کردەوە. خامنەیی لە یەکێک لە کۆبوونەوە و دانیشتنەکانیدا باسی ئەوە دەکا و دەڵێ کە "ئەوانە دەیانەویست کوردستان تەجزیە بکەن، خۆیان تەجزیە بوون" یا بە درێژایی ئەو ساڵانە زۆربەی بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە لاتاوی ئەوەیان داویشت کە حیزبی دێموکرات نەماوە و لە بیری خەڵک چووەتەوە، بەڵام دەسپێکردنەوەی خەباتی حیزب لە ساڵی ٩٥ و ڕاسانی خۆرهه‌ڵات و چوونەوە ناو خەڵک و لە هەمووان گرینگتر یەکگرتنەوەی ئەو حیزبە لە ئێستادا، هەموو قسە نامۆ و شووم و لاتاو و گفتە ژەهراوییەکانی ڕێژیمی کردەوە هیچ و دوژمنی دەم لە پووش کرد.

لەوەبەدوا حیزبی دێموکرات، لە هەموو بارێکەوە ئەرکێکی گرانتر و گەورەتر و قورستتری دەکەوێتە سەر شان. پێویست دەکا لە باری دەروون حیزبییەوە بە سیستمێکی نوێ خۆی بەڕێوە ببات و ختوورەی دابڕان و شکست نەهێڵێت و هەموو هەوڵی خۆی بۆ کار لەسەر تواناییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵات بخاتە گەڕ. تا دەتوانێ کار لەسەر بەڕێکخستنکردنی زیاتری چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بکات و لە دەرەوەش برەوی دیپلۆماسیی خۆی زیاتر بکات و دەنگی خەڵکی کوردستانی ئێران بێ لە دەرەوە و پشتیوانیی دنیای دەرەوە بۆ لای مافە ڕەواکانی گەلی کورد ڕابکێشێ.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.