کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ دۆخی شارەکانی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان

19:21 - 3 رەزبەر 2722

لە شارەکانی کوردستاندا ناڕەزایەتییەکان درێژەیان هەیە و هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی تارانیش دەست لە هیچ کار و کردەوەیەک دژی خەڵكی ناڕازی ناپارێزن.

لە شاری شنۆ هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم سەری هەموو کۆڵانەکانیان گرتووە و شوێنەکانی وەکوو سەربانی نەخۆشخانەی نوێ، حەساری نەخۆشخانە، قوتابخانەی تازەدروستکراوی "سەیداوێ" پڕ کراون لە هێزی ئەمنییەتی و هێلیکۆپتێر بەسەر شاردا دەخولێتەوە.

هەروەها لە چەندین شوێنی شار خاڵی پشکنینیان داناوە و خەڵک دەپشکنن و شار بە هێزی ئەمنی تەنراوە و لەژێر چاوەدێریدایە و هێڵی ئینتێرنێت هەتا ئاستی پچڕانی یەکجاری لاواز بووە. 

سەرەڕای دروستکردنی فەزای ترس و تۆقاندن و هەڕەشەکانی ڕێژیم، جموجۆڵی خەڵک هەست پێ دەکرێ و دەنگی تەقە دەبیسترێ  و ئەگەری هەیە جارێکی دیکە خەڵک بڕژێنە سەر شەقامەکان.

لە شاری بۆکان ڕێژیم زۆربەی شەقام و کۆڵانەکانی ئەو شارەی پڕ کردووە لە هێزی ئەمنییەتی و خەڵک ناتوانن کۆ ببنەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە لاوان توانییان پاشەکشە به هێزەکانی ڕێژیم بکەن و تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ کەس دەسبەسەر کراون کە زۆرێکیان تەمەنیان لە خوارەوەی ١٨ ساڵە و ڕێژەیەکی بەرچاویان ژنان و کچانن.

لە شاری کەرەج تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵکی وەزاڵەهاتوو و هێزەکانی ڕێژیم ڕووی داوە و خەڵک لە سەربانی ماڵەکانەوە هێزەکانی ڕێژیمیان بەردباران کردووە و هێزەکانی ڕێژیم تەقە لە پەنجەرەی ماڵان دەکەن و دامودەزگا دەوڵەتییەکان هەموو داخراون.

لە شاری مەریوان، ڕێژیم بۆ بەرەنگاریی خەڵک هێزێکی زۆری هێناوەتە نێوشار و لە ڕۆژانی ڕابردوودا شەڕ و تێکهەڵچوونی زۆر لە نێوان خەڵک و هێزی ڕێژیمدا ڕووی داوە و هێزەکانی ڕێژیم فەرمانی تەقە لە خەڵکیان پێ درابوو.

لە مەهاباد، چەندین ڕۆژە کە لە چەند ناوچەی شار شەڕ و تێکهەڵچوون بەردەوامە و ڕێژیم لە ڕێگای هێزە ئەمنی و هێزی جاشەکان هەوڵی سەرکوتی خۆپیشاندانەکان دەدەن و تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ کەس لە لاوانی ئەو شارە دەسبەسەر کراون و بەندیخانەی مەهاباد لە ڕێژەی زۆری دەسبەسەرکراوان جمەی دێت.

لە شاری سنە ڕیژیم بەئەنقەست دەیهەوێ بە پەلاماری بانکەکان و ئیداراتی دەوڵەتی، ڕاماڵ بۆ مزگەوت و شوێنە پیرۆزەکان ببات  بۆ ئەوەی دواتر بیخاتە ئەستۆی حیزب و خۆپیشاندەران، بۆیە خەڵک لەو بارەوە هۆشداری دەدەن کە نەکەونە نێو پیلانی ڕێژیمەوە.

هەموو ڕۆژێ شارەکان مێلیتاریزەن و سەدان بەکرێگیراوی ڕێژیم لە هەموو شوێنەکانی شاردا وەستاون و لەگەڵ خەڵکی شاردا بە قین و بوغزەوە سەیری یەکتر دەکەن و ترس و خۆف بە لەشیانەوە دیارە.

ئینتێرنێت نییە بەڵام هەموو ڕۆژێ خەڵک هاوئاهەنگ کاتژمێر ٦ی ئێوارە دەست دەکەن بە ناڕەزایەتیدەربڕین.

هەروەها لەو ناڕەزایەتییانەدا هێزی بەکرێگیراوی ڕێژیم بە ترس و لەرزەوە بەشدار دەبن و نەخشی سەرکوتی خەڵک زیاتر بەدەست ئەوانەوەیە.

سەرەڕای ئەو دۆخە توندە خەڵک ترسیان شکاوە و زۆریک لە بەکرێگیراوەکان خەریکی گەڕانەوە بۆ لای خەڵکن.

لە ڕۆژدا شارەکان ئارامن بەڵام لەگەڵ داهاتنی ئێوارەدا خەڵک دەست دەکەنەوە بە خۆپیشاندان و سەرەڕای هێنانی هێزی زۆر لەلایەن ڕێژیمەوە بەڵام خەڵک خۆپیشاندان هەر بەڕێوە دەبەن. دوا نیوەڕۆیان هەموو دووکان و بازاڕەکان دادەخرێن. 

دوای خۆپیشاندانەکان ڕێژیم بۆ نەمانی ئاسەواری ئاڵۆزییەکان لە نیوەشەودا کرێکارانی شارەداری دێنێت و ئەو شوێنانەی کە خۆپیشاندان و ئاڵۆزییان لێ بەڕێوە چووە، خاوێن دەکەنەوە.