کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورتەیەک لەسەر دۆخی ژن لە کاروباری سیاسەت بەگشتی و لەم دەڤەرەدا بەتایبەتی

09:22 - 4 رەزبەر 2722

شەونم هەمزەیی

جیهان سه‌ره‌ڕای ئەوەی پێشکه‌وتن و گۆڕانکاریی زۆری لە بوارە جیاوازەکان‌دا به‌خۆیەوە بینیوە، به‌ڵام ماف و پێگەی ژنان و هەروەها ئاسته‌نگه‌کانی به‌رده‌میان هه‌روا لەجێی خۆی‌دایە. یەکێک لە پێوەرە گرینگەکانی هەڵسەنگاندنی ئاستی پێشکەوتوویی هەر وڵاتێک، به‌شداریی ژنان له‌ پڕۆسه‌ و کایە و مەیدانی سیاسیی ئەو وڵاتەدایە. لە ئێستادا ژنان لە ڕێژه‌ی به‌شداربوونیان له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا نه‌ک ته‌نیا له‌ وڵاتانی دواکه‌وتوودا، به‌ڵکوو له‌ وڵاته‌ پێشکه‌وتووه‌کانیش‌دا به‌ره‌وڕووی ئاسته‌نگ و له‌مپه‌رن‌.‌ ئه‌و له‌مپه‌رانه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ جیهانی مۆدێرن ڕه‌نگ‌وبۆنی یاسایییان به‌خۆوە نه‌گرتبێ به‌ڵام کاتێک بۆ گه‌یشتن به‌ پله‌یه‌کی به‌رز له‌ ئاستی سیاسیی وڵات، پێویستیان به‌ ده‌نگ و متمانه‌ی خه‌ڵک هه‌بێ ئه‌وکات کولتووری دژه‌ژن له‌و وڵاتانه‌ش خۆی دەردەخات و ژنان سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی ده‌رفه‌تی به‌رانبه‌ر له‌گه‌ڵ پیاوان – لە ڕووی یاساییەوە - شانسێکی که‌متریان هه‌یه‌ بۆ سه‌رکه‌وتن له‌ کێبه‌رکێیەکانی هەڵبژاردن‌دا.

به‌شداریی ژنان له‌  پڕۆسه‌ی سیاسی‌دا وه‌ک: به‌شداری له‌ ئاستی جه‌ماوه‌ری‌دا، به‌شدارییان له‌ هه‌ڵبژاردن و مافی ده‌نگدان و هه‌روه‌ها کاندیدبوون و ئه‌ندام‌بوونیان له‌ ڕێکخراو و حیزبە سیاسییەکان و پێكهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، چالاکی و ڕووداوه‌ سیاسییەکان و ... بێ‌گومان کاریگەریی ئەرێنیی بەرچاوی لە پرۆسەی بەڕێوەبەریی شایستانەی وڵات‌دا دەبێ. توێژەرانی بواری زانستی سیاسەت لەسەر ئەو بڕوایەن کە کۆمەڵگەی سیاسی لە چەندین گرووپی جیاواز پێک دێ و هەرکام لەوانە ڕۆڵی تایبەت بە خۆیان دەگێڕن. بوونی ژنان وەک گرووپێکی بەهێز و پڕژمار لە بوارە جۆراوجۆرە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان (ئەگەر ئەو گریمانەیە لەبەرچاو بگرین کە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و کولتووری و هتدیش لە بەرکەوتن و کاریگەریی ڕاستەوخۆدان لەگەڵ بواری سیاسی)‌ پرس و بابەتێکی گرینگی کۆمەڵگەی هەر وڵاتێکە و گەر ئەو کۆمەڵگەیە خوازیاری پێشکەوتن بێ، بەدڵنیایی‌یەوە دەبێ ئاوڕی جددیی لەو پرسە بداتەوە.

ئه‌مڕۆکه‌ ده‌بینین ژنان توانیویانە وه‌کوو توێژێکی چالاک له‌ کۆمه‌ڵگە خۆیان بناسێنن و به‌ دامه‌زراندنی کۆڕ و کۆمه‌ڵ و ڕێکخراوه‌، وه‌کوو بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیی بەهێز خۆیان پێناسه‌ بکەن، هەر ئەم ڕاستییەش بارودۆخی ئێستا و دوێنێی ژنانی جیاواز کردووە، بەڵام هەر وەک لە پاراگرافی یەکەم‌دا ئاماژەم پێی دا، ناتەواوە و هێشتا ڕێگای هەڵکشانی ژنان، ڕێگایەکی دوورمەودا دەنوێنێ.

ئەوەندەی لەم ساڵانەی دوایی‌دا دەرکەوتووە، لەو ژمارە کەمەی لە ژنان لەو وڵاتانەی وا توانیویانە جێگە و پێگە بەدەست بێنن، خاوەنی کارنامەیەکن کە شیاوی بەرگرییە و توانایان دەرکەوتووە. ئەو بەدەستهێنانی جێگە و پێگەیە و ئەو بوارەی وا ڕێگەخۆشکەرە بۆ گەیشتن بەو ئاستە ڕاستەوخۆ دەبەسترێتەوە بە سیستم و یاسای بەڕێوەبەریی وڵاتەکان و کولتووری کۆمەڵایەتیی ئەو وڵاتانە کە تا چ ڕادەیەک ڕێگە‌خۆشکەرن و تا چ ئاستێک بڕوایان بە کاریگەریی ژنان لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵات‌دا هەیە؟

لێرەدا بابەتەکەی ئێمە زیاتر پێوەندیدار بە ڕۆڵ و بەشداریی ژنان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە و هەروەها کوردستان و حیزب و ڕێکخراوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دژبەری ئەو دەسەڵاتە. لە پێوەندی لەگەڵ جێگە و پێگەی ژنان لە کۆماری ئیسلامی‌دا دەبێ بڵێین ژنان تەنیا ئامرازێکن بۆ حەزەکانی پیاوان، بەرهەم‌‌هێنانی منداڵ و بەڕێوەبردنی ماڵ نەک مرۆڤێک کە دەتوانێ و دەبێ شان بە شانی پیاوان لە بوارە جیاوازەکان‌دا بەشدار بێ و لە ماف و جێگە و پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی یەکسان لەگەڵ ئەوان بەهرەمەند بێ. ئەم جۆری بیرکردنەوە بووەتە هۆی ئەوەی ژنان بەتەواوی لە کاروباری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی وڵات دوور بکەونەوە و پەراوێز بخرێن. ئەمە هەر زۆر زوو لە بڕیارەکانیان و لە یەکەم خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەو وڵاتەدا خۆی دەرخست؛ بە جۆرێک لە کۆی ٢٧٠ نوێنەر، تەنیا دوو لەوان ژن بوون کە تا ئێستاش ئەم بەشدارییە لە پەنجەکانی دەست تێنەپەڕیوە و تەنانەت لە پۆستە سیاسییەکانی تریش‌دا بەشداریی ژنان یەکجار کەمە و لەم نێوەدا ژنان بەپێی یاسای بنەڕەتیی ئەو وڵاتە مافی گەیشتن بە سەرۆک‌کۆمارییان نییە؛ ئەمە ڕێک بەو مانایەیە کە ژنان لە گەیشتن بە ئاستی بەرزی دەسەڵات بێبەشن.

ژنان لە ئێران لە هەموو ڕەهەندەکان‌دا ستاتۆیەکی سەرکوتکراویان هەیە، نوێترین نموونەکانی ئەم سەرکوتە ڕەهایەی باسی لێ دەکەین، شەهیدان "شلێر ڕەسووڵی" و "ژینا ئەمینی"ـن، کە قوربانیی ڕاستەوخۆی سیستمی دواکەوتووانە و پیاوسالارانەی ئێرانن.

ڕاستە ئەو غەدرەی لەوان و بەتایبەتی لە ژینا کرا، دەچووە چوارچێوەی ستەمی نەتەوەیییشەوە و تەنیا ستەمێکی ڕەگەزی نەبوو، بەڵام بێ‌گومان لەم کەیسەدا ژن بوونی ژیناش ناکرێ لەبەرچاو نەگرین و تەنیا بیبەستینەوە بە لایەنە نەتەوەیی‌یەکەیەوە. ئەوەی کە ڕێژیمێک کێبەرکێیەتی لە پڕکردنەوەی پێوەرەکانی تۆتالیتێربوون‌دا و لە کەسۆکیترین بەشەکانی ژیانی خەڵک و بەتایبەتی ژنانی ئەو وڵاتە دەپرسێتەوە و بکە و مەکەیان بۆ دادەنێ؛ بەداخەوە ژیناش لەم سۆنگەیەوە کەوتە نێو ئەو کوشتارگەوە.

دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا لە زۆر بواردا تەنگی بە بەشداریی ژنان هەڵچنیوە و زراوی چووە لەوەی بەهۆی پێشەنگایەتیی ژنانەوە و مەیدانداریی لیدێر و کەسایەتییە دیارەکانی بزاوتی ژنانەوە، ماتەوزەی شاراوە و نوستووی نیوەی کۆمەڵگە ببێتە هێزێکی کۆمەڵایەتی بۆ گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان. ئاستەگەکان هەر شتێکیش بن، ژنان ئەمڕۆ لە ئێران‌ نیشانیان داوە کە ترسی ڕێژیم لەخۆڕا نییە، چونکە ژنان نەک وەخۆ هاتوون؛ بەڵکوو هاوار دەکەن کە چیدی ڕازی بەو پێناسەیە نین کە دەسەڵات بۆی کردوون و ماف و داوای خۆیان هەیە و ئامادەن باج و تێچووشی بۆ بدەن.

بەداخەوە دەبێ ئەم ڕاستییە قەبووڵ بکەین کە لە ئاستی جیهان، ناوچە و بەتایبەتی ئێران‌دا، ژنان لەگەڵ کۆمەڵێک ئاستەنگی جددی و چەقبەستوو بەرەوڕوون، لە پێوەندی لەگەڵ نێوخۆی ئێران‌دا پێویستە بڵێین یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی کۆماری ئیسلامی، دژەژن‌بوونیەتی هەر بۆیە دۆخی ڕوونە و جێی سەرسوڕمان نییە. ئەوەی لێرەدا جێی هەڵوێستە لەسەرکردنە، دۆخی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەم ڕێژیمەیە، کە دەبوو ڕێک بەپێچەوانەی دوژمنەکەیان بایەخێکی زۆریان بە توانا و وزەی ژنان دابایە، بەڵام بەداخەوە دەبینین وا نییە. ڕاستە هیچ کام لەو ئاستەنگانەی وا لەبەردەم ژنانی نێوخۆی ئێران‌دایە، لەبەردەم ژنانی ئەندامی حیزبە سیاسییەکان‌دا نییە، بەڵام بەو حاڵەشەوە لە ئاستی کەسانی یەکەم و دووهەم و تەنانەت سێهەم و خوارتریش‌دا، لە هەموو لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان‌دا ژنێک بەدی ناکەین، کە ڕەنگە بەشێکی هەرەگرینگی بۆ نەبوونی متمانە بە تواناییی ژنان و نەبوونی پەروەردەیەکی تۆکمە و هەروەها نەبوونی باوەڕبەخۆییی ژنان بگەڕێتەوە.

ئەوەی ئێمە شایەدی هەین لە سەرهەڵدانی ژنانی چالاک و چالاکیی بەردەوام و بەربڵاوی ژنان لە ئاستی ئێران و کوردستان‌دا، زیاتر بۆ گۆڕانی دۆخی ئاراییی جیهان و سەردەمی دان‌نان بە توانا و کارامەیی‌یەکانی ژنان، دەگەڕێتەوە. ڕاستە هەموو حیزبە سیاسییەکان وەک دروشم، هەڵگری دروشم‌گەلێکی یەکسانی‌خوازانە و ئەمڕۆیین، بەڵام هەوڵی کردارییان لە ئاست چاوەڕوانییەکان‌دا نییە و ئەمەش جێگای تێڕامان و لە هەمان کات‌دا جێگای داخیشە. بۆیە لەبیرمان بێ ئەوە ژنان بۆخۆیانن کە پێویستیان بە جموجۆڵ و خۆماندووکردن و چالاکییەکی زۆرتر هەیە؛ چالاکییش بێ‌گومان بە کوێرکوێرانە ناکرێ و پاشخانێکی هزریی پتەوی پێویستە کە لە ڕێگەی زانست و خوێندنەوەوە دەستەبەر دەکرێ.

 هەر سیستم یان حیزبێک کە بەرنامەی بەڕێوەبەریی وڵاتی هەبێ، دەبێ ئاستی سیاسی، کۆمەڵایەتی و پەروەردەی کۆمەڵگەکە لەبەرچاو بگرێ پاشان پلانی بۆ قۆناغی پێکهێنانی گۆڕانکاری پێ بێ. بەتایبەت لە کۆمەڵگە نەریتییەکان‌دا زۆر پێویستە کە ڕۆڵی ئاڤانگارد و پێشڕەو ببینێ و نەبێتە پاشکۆی ویستی دواکەوتووانەی کۆمەڵگە و بوێرانە لەم بوارەدا هەنگاو بنێ. کە باس لە کۆمەڵگەی نەریتی و ئەقڵی خێڵەکی دەکرێ یەکەم پرس کە دەبێ گۆڕانی بەسەردا بێت، لایەنی پەروەردە و فەرهەنگی ئەو کۆمەڵگەیەیە. کۆمەڵگەی نەریتییش بەبێ پلان و پەروەردەی زانستی ئەستەمە بتوانێ کێشەکانی چارەسەر و قۆناغەکەی تێپەڕ بکات.

بەم مەبەستە ئەگەر ئاوڕێکی کورت لە مێژووی حیزبی دێموکرات بدەینەوە، دەبینین حیزبی دێموکرات کە یەکەمین یەکەی سیاسیی مودێڕن بووە لە کاتی دامەزراندنی لە هەموو کوردستان، لە کۆمەڵگایەک دەست بە چالاکیی سیاسیی خۆی دەکا، کە ئەو کۆمەڵگەیە وەک باقیی بەشەکانی دیکەی ئێران، لەگەڵ ژیانی مودێڕن کە هەموو ڕەهەندەکانی کۆمەڵگەیەکی مرۆیی دەگرێتەوە، نامۆ بووە؛ هەر بۆیە ئەو حیزبە بە پێویستی زانیوە سیاسەتی پەروەردەی تایبەتی هەبێ بۆ ئامادە کردنی کۆمەڵگەی کوردستان بۆ دەسپێکی ژیانێکی نوێ کە سیمای کۆمەڵگە بگۆڕێ.

پێشەوا قازی محەممەد کە تایبەتمەندیی مرۆڤێکی پێشکەوتوو و هەروەها ڕێبەرێکی ناوازەی هەبووە، زۆر بەوردی هەنگاوی بۆ ئەو کارە گرنگ و پڕبایەخە هەڵگرتووە، بۆ نموونە لە پێوەندی لەگەڵ پرسی ژنان‌دا هەر زوو کەوتە بیری دامەزراندنی ڕێکخراوێکی تایبەت بە ژنان و بەشداری‌کردنیان لە مەیدانی سیاسی و کۆمەڵایەتی‌دا، کە ئەمە یەکەمین هەوڵی جددی لەپێناو هاتنە مەیدانی سیاسیی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو؛ ئەو ڕەوتە دواتر و لە سەردەمی دوکتور قاسملووش‌دا ئاوڕی لێ درایەوە.

بەتایبەتی و لە سەرەتای شۆڕش و دەسپێکی قۆناغی خەباتی چەکداری – سەرەڕای ئەوەی سیاسییەکان سەردەمێکی دژوار بوو – بەڵام حیزبی دێموکرات بە هێنانی کۆمەڵێک پرەنسیپ و بایەخی گونجاو و نەهێشتنی کۆمەڵێک نەریتی دزێوی وەک ژن‌بەژنە و خوێن‌بایی و گەورەبەچووکە و ... خزمەتێکی کاریگەری بە دۆخی ژیانی ژنانی ئەو سەردەمەی کوردستان کرد.

حیزبی دێموکرات هەوڵی داوە بە داڕشتن و پەسەند کردنی بڕیارنامە و گەڵاڵەنامەی گونجاو، مەیدان بە ژنان بدا و بەشدارییان لە کایەی سیاسی‌دا بە گرینگ بزانێ، بۆ ئەو مەبەستەش ژنان کە وەک لە بەرنامەی حیزبی دێموکرات‌دا لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە تاوەکوو ئێستا هاتووە توانیویانە خەباتی خۆیان لە دوو سەنگەری نەتەوەیی و ڕەگەزی‌دا، لەم حیزبەدا درێژە پێ بدەن؛ بەڵام بێ‌گومان هەوڵەکان و پەروەردەی ئەندامانی ژن لەم حیزبەدا لە ئاست گەورەییی ناوی حیزبی دێموکرات نەبووە و دەکرا و دەشکرێ هەل و دەرفەتی پتر بڕەخسێ و لەم بوارەش‌دا نیشان بدا کە حیزبێکی پێشکەوتووە.

ئێستاش دوای وەسەریەک‌کەوتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات، کە له‌ به‌ڵگه‌نامه‌کانی حیزبی‌ دێموكرات‌دا به‌شداریی‌ ژنان له‌ ئۆرگانه‌كانی‌ ڕ‌‌ێبه‌ری‌دا گرینگی و بایەخی تایبەتی پێ‌دراوە، ئەرکی زیاتر دەکەوێتە سەر شانی حیزبی دێموکرات کە بە گرینگیی زیاترەوە بڕوانێتە پێگەی ژنان و پتر لە پێشووتر دان بە تواناکانیان‌دا بنێ. لە هەمان کات‌دا و وەک دوایین ڕستە: لە کاتێک‌دا ئەم ئەرکە دەخەینە سەر شانی حیزب، دەبێ ئەرکی خۆتەیارکردن بە چەکی زانستیش بخەینە سەر شانی ژنانی ئەندامی ئەم حیزبە و هەوڵ بدەن بەوپەڕی شایستەیی‌یەوە ببنە خاوەنی جێگە و پێگەیەک کە وەدەستی دێنن.