کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە

12:18 - 4 رەزبەر 2722

هاوکات لەگەڵ هاتنەسەرشەقامی خەڵک لە ئێران و کوردستان سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تۆپباران کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، سپای تێرۆریستی پاسداران ناوچە شاخاوی و سنوورییەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهە‌ڵاتی کوردستانی تۆپباران کرد و خەسار و زیانێکی زۆری بە باخ و ڕەزی گوندنشینانی هەرێمی کوردستان گەیاند، ئەو کردەوە تێکدەرانەی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە کاتێک‌دایە کە لە کوردستان و ئێران خەڵکی وەزاڵەهاتوو یەکگرتووانە دژی ڕێژیمی ئێران ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکەن.

کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرەڕای هەموو کێشە نێوخۆییەکانی خۆی لە کوردستان و ئێران و سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازی و کوشتاری خەڵکی بێتاوان کە داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکەن، گرینگی بەو دۆخە نادات کەچی واز لە کردەوەی تێکدەرانە و تێرۆریستی ناهێنێ و بەردەوام ناوچە سنوورییەکان تۆپباران دەکا کە لە ئاکامی ئەو تۆپبارانە‌دا زیانێکی زۆری بە ئاژەڵداران و گوندەکانی ئەو ناوچەیە گەیاندووە.